روونكردنه‌وه‌یه‌ك له‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌

05/07/2011 08:28:00 ص

رۆژنامه‌ى (رۆژنامه‌) له‌ژماره‌ 640ى رۆژى  28/6 ى خۆیدا له‌ لاپه‌ڕه‌ (3)،   راپۆرتێكى بڵاو كردۆته‌وه‌ گوایه‌ په‌رله‌مانى كوردستان بڕیارێكى (گرنگ) له‌ هاووڵاتیانى كوردستان و فراكسیۆنه‌كانى ناو په‌رله‌مان ده‌شارێته‌وه‌، هه‌روه‌ها رۆژنامه‌ى هاووڵاتى ژماره‌ 744 له‌ 29/6/2011 ده‌رباره‌ى هه‌مان بابه‌ت بڵاوكردۆته‌وه‌، كه‌ ئێمه‌ به‌ ته‌واوه‌تى راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كه‌ ره‌ت ده‌كه‌ینه‌وه‌و، بۆ به‌رچاو روونى راى گشتى و جه‌ماوه‌رى سه‌ربه‌رزى كوردستان، به‌پێویستمان زانى ئه‌م روونكردنه‌وه‌یه‌ ده‌ربكه‌ین تاوه‌كو راستیه‌كان وه‌ك خۆى بگاته‌ ته‌واوى هاووڵاتیان و به‌هیچ جۆرێك و بۆ هیچ مه‌به‌ستێك چه‌واشه‌ نه‌كرێن.

  ده‌رباره‌ى گه‌راندنه‌وه‌ى ره‌شنووسی ده‌ستوورى هه‌رێم و ئه‌و یاسایانه‌ى كه‌ ره‌هه‌ندى نیشتمانییان هه‌یه‌، به‌هیچ شێوه‌یه‌ك بریارى له‌م شێوه‌یه‌ ده‌رنه‌چوه‌، چونكه‌ پرۆژه‌ى ده‌ستور نه‌ به‌گشتى و نه‌ به‌جوزئى له‌ناو په‌رله‌مان گفتوگۆى له‌سه‌ر نه‌كراوه‌، پرۆژه‌ى ده‌ستور، وه‌كو یه‌ك پاكێج ته‌نها دراوه‌ته‌ ده‌نگدان ، بۆیه‌ دروست نیه‌ و ناكرێت، دژ به‌ ده‌ستورى عیراق و یاسا، ئێستا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ى ده‌ستورى هه‌رێمى كوردستان بكه‌ین، و بریاریش نه‌دراوه‌ هیچ یاسایه‌ك بگه‌رێته‌وه‌و به‌ ته‌وافوق ده‌ربچێت، چونكه‌ په‌رله‌مان له‌سه‌ر بنه‌ماى دیموكراسیی كار ده‌كات ، ئه‌ویش به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌یه‌، هه‌ر كه‌س و لایه‌نێك له‌ده‌ره‌وه‌ى په‌رله‌مان ئازادن چۆن له‌گه‌ڵ یه‌ك رێك بكه‌ون، به‌ڵام له‌ناو په‌رله‌مان به‌پێى یاسا و بنه‌ماى دیموكراسیی كه‌ پشت به‌سته‌ به‌ زۆرینه‌ و كه‌مینه‌ ده‌نگ ده‌درێت.

هاوكات له‌ راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كه‌ هاتووه‌ گوایه‌ سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان له‌لایه‌ن مه‌كته‌ب سیاسیه‌كان ئاگادار كراوه‌ته‌وه‌، ئه‌مه‌ هیچ بنه‌مایه‌كى نیه‌ و دووره‌ له‌راستى و هه‌وڵدانێكى چه‌واشه‌كاری بێ سووده‌.

   سه‌باره‌ت به‌ دانانى نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنى داوا بنه‌ره‌تیه‌كانى خۆپیشانده‌ران، له‌و راپۆرته‌ى لیژنه‌كان كه‌ ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر درا  ببێته‌ میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێ كردنى بریارى ژماره‌ (1) ى په‌رله‌مان تێیدا هاتووه‌، دانانى نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنى داوكاریه‌ بنه‌ره‌تیه‌كانى خۆپیشانده‌ران، كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و دیموكراتیه‌ت و كارى دامه‌زراوه‌یی دا گونجاون. ئه‌وانه‌ش په‌رله‌مانى كوردستان كارى له‌سه‌ر كردوه‌و كاره‌كانیش ئه‌نجام دراون،  به‌داخه‌وه‌ ئۆپۆزسیۆن له‌و كاته‌ دا بایكۆتى دانیشتنه‌كان په‌رله‌مانیان كردبوو.

له‌راپۆرته‌ هه‌واڵه‌كه‌دا هاتوه‌ له‌ژێر فشارى خۆپیشانده‌ران و ئۆپۆزسیۆن.

سه‌باره‌ت به‌ خۆپیشانده‌ران، به‌ بێ خۆپیشاندانیش ئێمه‌ له‌په‌رله‌مان، یا له‌ هه‌ر پۆستێك بین كار ئه‌كه‌ین بۆ خزمه‌تكردنى جه‌ماوه‌ر و باشتر كردنى ژیانیان، و سه‌ربه‌رزین به‌وه‌ى كه‌سانێك هه‌ست به‌ ناعه‌داله‌تى و كه‌موكورتى یا به‌ ئێشوئازار و ناره‌حه‌تى بكه‌ن، به‌ نوسراوێك یان به‌رێگه‌یه‌كى مه‌ده‌نى و له‌چوارچێوه‌ى یاسا داخوازى خۆیان ده‌ربڕن، به‌ پیریانه‌وه‌ ده‌چین و رێزیان لێ ده‌گرین و به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك كار بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانیان ده‌كه‌ین. هه‌ر له‌راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، له‌ژێر فشارى ئۆپۆزسیۆن!

تاوه‌كو بۆ هه‌موو كه‌س و لایه‌نێك روون بێت به‌فشار هیچ كاتێك و له‌هیچ شوێن و له‌به‌ر هیچ هۆیه‌ك ئێمه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان یا له‌ هه‌ر پۆستێك بین، له‌ژێر فشار هیچ كارێك ئه‌نجام ناده‌ین، و هه‌ر حزب و لایه‌نێك بیه‌وێت دوور له‌ یاسا و دوور له‌ بنه‌ماى دیموكراسیی و رێزنه‌گرتن له‌راى زۆرینه‌ى خه‌ڵكى كوردستان فشار بێنێت بۆ ئه‌وه‌ى خۆى فه‌رز بكات، ئه‌وه‌ هیچ كات مومكین نیه‌ و به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك  په‌سه‌ند ناكرێت. 

ئیًمه‌ كارى خۆمان به‌و په‌ڕی ئه‌مانه‌ته‌وه‌ ئه‌نجام ئه‌ده‌ین، یاسا و  بڕیاره‌كانى په‌رله‌مان نه‌ له‌ئه‌ندامان و نه‌ له‌فراكسیۆنه‌كان نه‌ له‌ خه‌ڵكى كوردستان نه‌شاردراونه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ى جێگای سه‌رنجه‌ ئه‌و لایه‌نانه‌ى لێدوانیان داوه‌ خۆیان یان نوێنه‌ریان ئه‌ندامبوون له‌و لێژنه‌یه‌ى كه‌ بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ پێكهێنراوه‌ و به‌فه‌رمانى ژماره‌ (2) له‌ وقائعى كوردستان ژماره‌ (124) له‌ 14/4/2011 بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ هه‌ر بۆ به‌رچاوروونى راى گشتى و خوێنه‌ران، تاكو ریزبه‌ندى بریاره‌كان لایان روون بێت ، ئه‌وا له‌ خولی سیێه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان ساڵی دووه‌م خولی دووه‌میش، ئه‌مه‌ ژماره‌یه‌ك له‌و بریارانه‌یه‌ كه‌ به‌م شێوه‌یه‌ ریزبه‌ندى كراون:

1.       بڕیارى ژماره‌ (1) ى ساڵى 2011 له‌ له‌ دانیشتنی (1)ی نائاسایی له‌ رێكه‌وتی 23/2/ 2011 په‌سه‌ند كراوه‌، تایبه‌ت به‌ رووداوه‌كانى خۆپیشاندان له‌ شاری (سلێمانى) رۆژى 17/2/2011 كه‌ (17) خاڵ له‌خۆوه‌ ده‌گرێت.

2.       بڕیارى ژماره‌ (2) له‌ دانیشتنی ده‌سپێك له‌ رێكه‌وتی 2/3/2011 په‌سه‌ند كراوه‌، تایبه‌ت به‌ ئه‌رك‌و فه‌رمانى سكرتێرى په‌رله‌مان به‌ڕێز (فرست أحمد عبدالله) كه‌ له‌ مۆله‌ت بوو، له‌ ماوه‌ى ئاماده‌ نه‌بوونى له‌ په‌رله‌ماندا، به‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان به‌ڕێز (شێروان ناصح عبدالله حه‌یده‌رى) ده‌سپێردرێت.

3.       بڕیارى ژماره‌ (3) له‌ دانیشتنی ژماره‌ (6)ی نائاسایی له‌ رێكه‌وتی 9/3/2011 په‌سه‌ند كراوه‌ تایبه‌ت به‌ ره‌تكردنه‌وه‌ی داوای متمانه‌ لێسه‌ندنه‌وه‌ له‌ (سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستانى عێراق) به‌ڕێز (د. به‌رهه‌م احمد صالح) كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌ 28/2/2011 پێشكه‌ش كرابوو.

4.       بڕیارى ژماره‌ (4) له‌ دانیشتنی (7)ی نائاسایی له‌ رێكه‌وتی  17/3/2011 په‌سه‌ند كراوه‌ تایبه‌ت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك بۆ دیالۆگی نیشتمانیی له‌ نوێنه‌ری گشت فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێ كردنى (17) خاڵه‌كه‌ى بڕیارى ژماره‌ (1)ى په‌رله‌مان.

5.       بریاره‌كانی ده‌رچووێندراو په‌یوه‌ندیدار به‌ خۆپیشاندان (2) بڕیارن:

یه‌كه‌م: بریارى ژماره‌ (1) كه‌ (17) خاڵ له‌خۆده‌گرێت له‌ دانیشتنی نائاسایی ژماره‌ (1) له‌ رێكه‌وتی (23/2/2011) وه‌رگیرا

     به‌پێى بڕگه‌ى (17) ى هه‌مان بڕیار لیژنه‌یه‌ك پێكهێنرا به‌ فه‌رمانى ژماره‌ (1) له‌ 24/2/2011 به‌مه‌به‌ستى به‌ دواداچوون و گوێگرتن له‌ داخوازى خۆپیشانده‌ران . دواى پێشكه‌شكردنى راپۆرتیان له‌پێش په‌رله‌مان و ره‌وانه‌كردنى راپۆرته‌كه‌یان بۆ پۆلینكردنى له‌لایه‌ن لێژنه‌كانى یاسایی و لێژنه‌ى تایبه‌ت و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كان بۆ به‌ دواداچوونى جێبه‌جێ كردنى داواكارى خۆپیشانده‌ران، راپۆرتێكى هاوبه‌شیان به‌ ژماره‌ 65 له‌ 16/3/2011 ئاماده‌ كرد، وه‌ك میكانیزمێك بۆ داواكارى خۆپیشانده‌ران و به‌دوادچوونى جێبه‌جێ كردنیان، ئه‌م راپۆرته‌ش كه‌ له‌ (8) خاڵ پێكهاتبوو له‌په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌و گفتوگۆى له‌سه‌ركراو ره‌زامه‌ندى له‌سه‌ر دراو بووه‌ بنه‌مایه‌ك بۆ به‌دواداچوونى جێبه‌جێ كردنى داواكارى خۆپیشانده‌ران كه‌ له‌گه‌ڵ یاسا و دیموكراتیه‌ت و كارى دامه‌زراوه‌یی ده‌گونجێت.

      

دووه‌م: بڕیاری ژماره‌ (2) په‌یوه‌ست به‌ داواكارى خۆپیشانده‌ران له‌ دانیشتنی (7)ى نائاسایی له‌ 17/3/2011 بۆ دانانی میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێ كردنی بڕیاری ژماره‌ (1)، كه‌ 17 خاڵ له‌ خۆده‌گرێت ئه‌م بڕیاره‌ به‌پێی زنجیره‌ی دانیشتن و رۆژی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان رێزبه‌ندی (4)ی وه‌رگرتووه‌ كه‌ له‌ریزبه‌ندى بریاره‌كانى په‌رله‌مان، له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و بڕیاره‌ به‌ فه‌رمانى ژماره‌ (2) لیژنه‌ی دیالۆگ پێكهێنرا وه‌كو میكانیزمێك بۆ جێبه‌جێ كردنی بڕگه‌ (16) له‌ بڕیاری ژماره‌(1)ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ فه‌رمانى دامه‌زراندن و ناوى سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ له‌ (وقائعى كوردستان) ژماره‌ (124) له‌ 14/4/2011 بڵاو كراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌قى فه‌رمانه‌كه‌یه‌ :

ئه‌و راپۆرته‌ى (لیژنه‌ى یاسایی و لیژنه‌ى تایبه‌ت و سه‌رۆك    فراكسیۆنه‌كان) له‌ په‌رله‌مان خوێندرایه‌وه‌و گفتوگۆیان له‌سه‌ر كراو په‌سه‌ند كراو وه‌كو میكانیزمێك بۆ به‌دواداچوونى جێبه‌جێ كردنى داواكارى خۆپێشانده‌ران و بڕیارى ژماره‌ (1)ن كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانى كوردستان جێبه‌جێ كران.

    له‌ خاڵى (5)ى راپۆرته‌ هاوبه‌شه‌كه‌دا هاتووه‌ دانانى نه‌خشه‌ رێگایه‌ك بۆ جێبه‌جێ كردنى ئه‌و داواكارییه‌ بنه‌ڕه‌تیانه‌ى خۆپێشانده‌ران كه‌ له‌گه‌ڵ یاساو دیموكراتیه‌ت و كارى دامه‌زراوه‌ییدا گونجاون.

به‌واتاى هیچ بابه‌تێك موخالیفى یاسا و بنه‌ماى دیموكراسی و كارى دامه‌زراوه‌یی بێت، په‌سه‌ند ناكرێت، ئێمه‌ش له‌په‌رله‌مان هه‌مان شتمان كردووه‌.

 

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان

         4/7/2011

sss.jpg


رۆژمێرى رووداوه‌كان