سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان ئیدانه‌ى قه‌تلو عامی كورد له‌ رۆژئاواى كوردستان ده‌كات

05/08/2013 12:32:00 م

زۆر به‌توندى ئیدانه‌ى ئه‌و تاوانه‌ كۆمه‌ڵكوژیه‌ ده‌كه‌ین، كه‌  ژماره‌یه‌ك لایه‌نى توندره‌وى وه‌ك به‌ره‌ى نوسره‌ و ده‌وڵه‌تى عیراق و شام له‌سوریا له‌ماوه‌ى رابردوو له‌چه‌ند ناوچه‌یه‌كى رۆژئاواى كوردستان له‌ووڵاتى سوریا ئه‌نجامیان داوه‌، وێڕاى قه‌تڵوعامى گه‌وره‌ و بچوك و پیروپه‌ككه‌وته‌ له‌شارۆچكه‌ى (ته‌لعه‌ران، وته‌لحاسی) سه‌ر به‌شارى حه‌له‌ب  كه‌ زیاتر له‌ 50 كه‌سیان شه‌هیدكردووه‌ 350  هاووڵاتیش  وه‌ك بارمته‌ رفیندراون. 

 زۆر به‌توندى  ئیدانه‌ى ئه‌و كرده‌وانه‌  ده‌كه‌ین، ئه‌نجامده‌رانى ریسواو مه‌حكوم ده‌كه‌ین، ئه‌م تاوانه‌ دڕندانه‌یه‌ پێچه‌وانه‌ى هه‌موو  ئه‌و به‌ها و یاسا و رێسا ئاسمانى و زه‌مینیانه‌و وپه‌یماننامه‌ نیوده‌وڵه‌تیه‌كان ومافه‌كانی مرۆڤه‌،  چونكه‌ ئه‌م جۆره‌ كرده‌وانه‌ له‌چاندنى  ترس و دڵه‌ڕاوكێى و تۆقاندن له‌ دڵ و ده‌روونى خه‌ڵكانى سڤیل بترازێ هیچ ئامانجێكى تر ناپێكێ، و هیچ جۆره‌ كێشه‌یه‌ك چاره‌سه‌ر ناكات، به‌ڵكو ته‌نها ئه‌و هاووڵاتیه‌ سڤیلانه‌ى كردۆته‌ ئامانج كه‌ خوازیارى ژیانێكى سه‌رفراز وئازادن.

  وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان  داوا له‌رێكخراوه‌كانى نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و وڵاتانى ئه‌وروپا وكۆمكارى ولاتانى عه‌ره‌بى و كۆنگره‌ى  ئیسلامى وولاتانى ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ین له‌سه‌ر ئه‌م تاوان و كرده‌وه‌  تیرۆریستانیه‌ بیده‌نگ نه‌بن  و ئه‌رك وبه‌رپرسیاریتى خۆیان له‌وبواره‌دا ببینن، و گه‌لى كورد له‌و به‌شه‌ى كوردستان، له‌ هه‌ڕه‌شه‌ى  كوشت و بڕى تیرۆریستان بپارێزن  كه‌ ده‌چێته‌ خانه‌ى قڕكردنى مرۆییه‌وه‌.

   سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان، له‌كاتێكدا پشتیوانى وهاوكارى خۆى بۆ سه‌رخستنى خه‌باتى گه‌لى كوردستان به‌شێویه‌كى ئاشتى ودیموكراسیانه‌ له‌كوردستانى رۆژئاوا دووپاتده‌كاته‌وه‌، هاوكات داواش له‌هه‌موو هێزو لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى كوردستانى رۆژئاوا ده‌كات گیانى هاوخه‌باتى وتێكۆشان له‌م قۆناغه‌دا قوڵتربكه‌نه‌وه‌ ویه‌كریزى و ته‌بایى خۆیان بپارێزن  بۆ رووبه‌رووبونه‌وه‌ى هه‌موو ئه‌و تاوان وهه‌ڕه‌شه‌ ومه‌ترسیانه‌ى كه‌ له‌لایه‌ن تیرۆریستان و دوژمنانه‌وه‌ ده‌كرێته‌ سه‌ر هاوڵاتیانى كورد له‌ رۆژ ئاواى كوردستاندا.

 

 

سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان

4/8/2013

 


رۆژمێرى رووداوه‌كان