پرۆژه‌ یاساى درێژكردنه‌وه‌ى یاساى دژه‌ تیرۆر و پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ نه‌هیشتنى ئه‌و یاسایه‌ گفتوگۆی له‌باره‌وه‌ كرا

10/06/2014 08:52:00 ص

ئه‌مرۆ 9/6/2014 دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌ ئاماده‌بوونى فخرالدین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان له‌به‌شێكى كۆبونه‌وه‌ى  هاوبه‌شی لیژنه‌ى یاسایی و لیژنه‌ى ناوخۆ و لیژنه‌ى مافى مرۆڤى په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان به‌شداری كرد.

له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌بوان له‌باره‌ى هه‌ردوو پرۆژه‌ یاساى درێژكردنه‌وه‌ى یاساى دژه‌ تیرۆر و پرۆژه‌ یاسایه‌ك بۆ نه‌هیشتنى ئه‌و یاسایه‌ كه‌ له‌دانیشتنى په‌رله‌مانى كوردستان خوێندنه‌وه‌ى بۆ كراوه‌و ره‌وانه‌ى لیژنه‌ په‌یوه‌نداره‌كان گفتوگۆى ووردیان له‌باره‌وه‌ كرد و پرسیارى پێویستیان له‌ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى هه‌رێمى كوردستان كرد ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ تیشكیان خسته‌ سه‌ر بایه‌خى درێژكردنه‌وه‌ى ماوه‌ى كار پێكردن به‌ یاساى دژه‌ تیرۆر به‌تایبه‌ت له‌رۆژگارى ئه‌مرۆى هه‌رێمى كوردستان كه‌ هێشتا تیرۆر مه‌ترسی گه‌وره‌یه‌ بۆ سه‌ر هاووڵاتیان و داموده‌زگاكان و توانراوه‌ به‌ هۆى ئه‌و یاسایه‌ سه‌ر و ماڵى هاووڵاتیان بپارێزرێ و سه‌قامگیرى بۆ هاووڵاتیانى هه‌رێمى كوردستان دابین بكرێ

دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان وێراى خستنه‌ رووى بایه‌خى ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ له‌هه‌لومه‌رجى سیاسی ئه‌مرۆى كوردستان و عیراق و ناوچه‌كه‌ به‌ گرنگى زانى كاربكرێ بۆ ئه‌وه‌ى سازانێكى نیشتمانى له‌نێوان لایه‌نه‌كان له‌سه‌ر ئه‌و پرۆژه‌ یاسایه‌ بێ

هه‌ر له‌كۆبونه‌وه‌كه‌ ئاماده‌بوان گه‌یشتنه‌ ئه‌و بڕوایه‌ى كه‌ پێویسته‌ له‌م قۆناغه‌دا كار بۆ درێژكردنه‌وه‌ى كاركردن به‌ یاساى دژه‌ تیرۆر بكرێ و تیایدا به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ك ره‌چاوى پرنسیپه‌ سه‌ره‌كیه‌كانى مافى مرۆڤ و یاساكان بكرێ و بریار درا له‌به‌ر هه‌ستیارى بابه‌ته‌كه‌ و ئاڵوگۆڕكردنى بیروارى زیاتر له‌باره‌ى دیاریكردنى ماوه‌ى  درێژكردنه‌وه‌و ئه‌و رێككاره‌ یاساییانه‌ى كه‌ له‌ئاینده‌ بۆ هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساكه‌ كارى پێ ده‌كرێت كاتژمێر ده‌ ى به‌یانى رۆژى سێشه‌ممه‌ 10/6 كۆبونه‌وه‌ى سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان له‌و باره‌وه‌ ئه‌نجام بدرێ    



رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ