جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كان ده‌كات

07/07/2014 12:03:00 م
ئه‌مرۆ دووشه‌ممه‌ 7/7/2014 دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رپه‌رشتى كۆبونه‌وه‌ى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌و سه‌رچاوه‌ سروشتیه‌كانى له‌ په‌رله‌مان كرد.
پرسی قه‌یرانى سوته‌مه‌نى و ئه‌و گرفتانه‌ى كه‌ ئه‌مرۆ به‌هۆیه‌وه‌ هه‌رێمى كوردستانى گرتۆته‌وه‌ ته‌وه‌رى سه‌ره‌كى كۆبونه‌وه‌كه‌ى پێكهێنا.
دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى وێراى خستنه‌ رووى بایه‌خى كارى لیژنه‌كه‌ و په‌یوه‌ستى راسته‌وخۆیان به‌ ژیانى رۆژانه‌ى هاووڵاتیان و دابینكردنى خزمه‌تگوزاریه‌ گرنگه‌كان له‌سوته‌مه‌نى و كاره‌با داواى لێكردن به‌ گیانى یه‌ك تیم كار بكه‌ن بۆ به‌دواداچوونى وورد و كۆكردنه‌وه‌ى زانیارى و داتاى پێویست بۆ ئه‌وه‌ى به‌ووردى ده‌ست نیشانى كه‌موكورتیه‌كان بكرێ و هاوكاربن له‌وه‌ى هه‌رێمى كوردستان له‌و جۆره‌ قه‌یرانانه‌ ده‌ربچێت.
دواتر هه‌ر یه‌ك له‌سه‌رۆك و ئه‌ندامانى لیژنه‌ بیروبۆچونه‌كانیان له‌باره‌ى ئالیه‌ت و میكانیزمى چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانه‌كان و ره‌چاوكردنى به‌رژه‌وه‌ندى گشتى هاووڵاتیان به‌تایبه‌ت له‌رووى دابینكردنى به‌نزین شیكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ هه‌موو ئوتومبیلێك به‌شه‌ به‌نزینى بۆ دیارى بكرێت و ده‌بێ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌كان به‌رێنماییه‌كانى دابچێته‌وه‌و ده‌ست نیشانى ئه‌و كه‌سانه‌ش بكرێ كه‌ له‌بارودۆخى وا دا بازرگانى به‌ به‌شی هاووڵاتیان ده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ى بدرێنه‌ دادگا و له‌كاتى دروست بوونى ئه‌و قه‌یرانه‌ كۆنترۆڵى جۆریی ئه‌كتیڤ بێ و ئه‌و به‌نزینه‌ى ده‌درێته‌ هاووڵاتیان به‌پێی ستاندارد بێ و كێشه‌ و گرفت بۆ بزوێنه‌رى ئوتومبیل دروست نه‌كات.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

>