راگه‌یه‌ندراوێك لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە سەبارەت بە دۆخی کۆبانی

13/07/2014 11:10:00 ص

    ماوەیەکە ناوچه‌ى کۆبانی لە رۆژئاوای کوردستان لە لایەن گروپه‌ چەکداره‌كان رووبەڕووی پەلامارێکی رێکخراوی رۆژانە بوەتەوە و بەهۆیەوە هەڕەشەی جیدی لە سەر خەڵکی سڤیل و خۆراگری ئەو ناوچەیە دروست بوەو و ئەو ئارامی و ئازادیەی کە لە ماوەی رابردودا لەو ناوچەیەدا بەرقەرار بوە روبەڕوی مەترسی بوەتەوە. ئەوەی جێگەی مەترسیە ئەو پەلامارانە بەوردی نەخشەی بۆ داڕێژراوەو بە چەکی قورس و ئەو جبەخانە زۆروزەبەندە ئەنجام دەدرێت کە گروپه‌ چەکداره‌كان لە عێراق دەستیان کەوتوە.
  سەرۆکایەتی پەرلەمای کوردستان وێڕای دەست خۆشی لەو بەرخۆدان و خۆڕاگریه‌ی کچان و کوڕانی گەلەکەمان لەو بەشەی کوردستان کە بونەتە قەڵغان بۆ پاراستنی ئەو دەسکەوت و ئازادیه‌ی کە بە خوێنی خۆیان بە دەستیان هێناوە، لە هەمانکاتدا داوا لە هەموو هێزە سیاسیەکانی رۆژئاوای کوردستان دەکەین هەرچی زووە ناکۆکی و ململانێکانیان بەلاوە بنێن، و لەو هەلومەرجە دژوار و ناسکەدا کە هەڕەشە لە ئایندەی گەلەکەمان دەکرێت، یەک دەست و یەک هەڵوێست رووبەڕووی مەترسیەکان ببنەوەو رێگە به‌دوژمنانی کورد نەدەن مەرامەکانیان بێنەدی.
    هاوکات داوا لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتوەکان و یەکێتی ئه‌وروپاو کۆمکاری عەرەبی دەکەین بە بەرپرسیارێتیەوە بڕواننە دۆخی کوردانی رۆژئاوا و هەڕچی زووە دەرگای هاوکاری و یارمەتیە مرۆییەکان بەڕوی خەڵکی کۆبانیدا بکەنه‌وە، ورێگە لە روودانی کارەساتێکی مرۆیی و کۆمەڵکوژی له‌دژى  کوردانى ئه‌و ناوچەیە بگرن.
     هەروەها داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وهێزە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی دەکەین هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاو بگرن، و بەهەرشێوەیەک کە بە گونجاوی دەزانن، و پێیان دەکرێت پشتیوانی لە برا کوردەکانیان بکەن به‌سه‌رجه‌م بیروبۆچوون وهێزه‌ جیاوازه‌كانیانه‌وه‌ لە رۆژئاوای کوردستان، بە زووترین کات بە هانایانەوە بچن و لەم کاتەدا ببنە پشت و پەنا بۆیان .
 نه‌مرى بۆ شه‌هیدان، سه‌ركه‌وتن بۆ خه‌باتى ره‌واى گه‌لى كوردستان


سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
13-7-2014


رۆژمێرى رووداوه‌كان