راگەیەندراوێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە

11/08/2014 03:34:00 م
هەمولایەک ئەو راستیە باش دەزانن ئەو هەڕەشەیەی ئێستا لە سەر هەرێمی کوردستانە بە تەنها رووی لە پێکهاتەیەکی دیاری کراو یان لایەنێکی سیاسی و ئایین و ئایینزایەکی کوردستان نییە، هەر لەبەر ئەوەشە لە ماوەی رابردودا گەلەکەمان بەبێ جیاوازی رووبەڕوی ئەم مەترسیە بوویەوە.
ئەوەی لە ئیستادا بەدی دەکرێت بەشێک لە لایەنە سیاسیەکان لە روانگەی بەرژەوەندی حزبی و سیاسیەوە مامەڵە لەگەڵ رووداوەکاندا دەکەن و خەریکە شکست و سەرکەوتنەکان بە ئاقاری ململانێی تەسکی حزبیدا دەبەن، ئەمەش مەترسی لە سەر یەکڕیزی و ئاسایشی نیشتمانی دروست کردوە.
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان سەرەڕای جەختکردنەوە لە سەر بڕیارەکانی پەرلەمان لەم بارەیەوە و، لە پێناوی پارێزگاریکردن لە بەرژەوەندیە باڵاکانی گەلەکەمان، وێرای ئیدانە کردنی توندی ئەو دیاردەیە، داوا لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات کە هەرچی زووە رێگە لە تەشەنەسەندنی گیانی حزبایەتی لە ناو سەرجەم هێزە چەکدارەکان بگرن و، کار بکرێت بۆ ئەوەی بە گیانی بەرپرسیاریی نیشتمانی رووبەڕووی ئەو مەترسیانە ببینەوە کە هەڕەشە لە ئەزموونی کوردستان دەکات.
هەروەها روو لە لایەنە سیاسەکان دەڵێین ململانێ حزبیەکانتان وەلابنێن چونکە ململانێکانتان هەرێمی کوردستان دەخاتە مەترسییەکی گەورەوە؛ بە وردی پابەند بن بەو رێنمایانەی کە لەلایەن وەزارەتی پێشمەرگەوە بۆ رێکخستنی کاروباری سەربازی دەرکراون. داواکاریشین وەزارەتی رۆشنبیری بە هاوبەشی لە گەڵ میدیاکاران سیاسەت و ستراتیژێکی روون و بەرپرسیارانە دابنێن بۆ رێکخستنی کاری میدیایی لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئەوەی زانیاری ورد و راستەقینە بگات بە خەڵک و گیانی نیشمانی و هاوڵاتی بون لە ناو کۆمەڵگاکەمان پتەو بکرێت.
لە ئێستادا پێویستە هەمومان بە گیانێکی بەرزی نیشتمانی و بە هەست کردن بە بەرپرسیارێتیەوە پشتیوانی لە هێزی پێشمەرگە بکەین بۆ دەرباز بون لەم قۆناغە هەستیارە بە سەرکەوتویی..
خوای گەورە پشتیوانمان بێت و هەرێمی کوردستان بپارێزێت..
 
سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان 
١١/٨/٢٠١٤

رۆژمێرى رووداوه‌كان