كاركردن له‌سه‌ر شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و زانیاری گۆرینه‌وه‌ لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان كۆده‌كاته‌وه‌

14/08/2014 04:02:00 م
سه‌عات 10ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 14/8/2014 بۆ دروستكردنی نێتوۆركێك به‌مه‌به‌ستی به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن له‌سه‌ر شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ و هه‌ماهه‌نگی كردن و زانیاری گۆرینه‌وه‌ لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ كانزاكان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی كراوه‌دا سه‌ره‌تا د. شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لێژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و كانزاكان به‌خێرهاتنی میوانانی كرد و جه‌ختی له‌سه‌ر كرنگی شه‌فافیه‌ت كرده‌وه‌ له‌بواری داهاته‌كانی  نه‌وت و راشیگه‌یاند پێویسته‌ فشار دروست بكرێت بۆ ریفۆرم و چاكسازی له‌م بواره‌دا.
پاشان د. عزت صابر ئه‌ندامی لێژنه‌ی ناوبراو رۆڵی رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی به‌ گرنك وه‌سف كرد بۆ خستنه‌ رووی راستیه‌كان و هێنانه‌ كایه‌وه‌ی پره‌نسیپی شه‌فافیت له‌ وڵاتدا، له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ علی حمه‌ صالح ئه‌ندامی لێژنه‌كه‌ وێرای ده‌ست خۆشی له‌ رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵی مه‌ده‌نی هاوكات رایگه‌یاند كه‌ رێكه‌وتنێك هه‌یه‌ له‌ ناو په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ دوای ئه‌م پشووه‌ی په‌رله‌مان صندوقی داهاته‌كانی نه‌وت دروست بكرێت بۆ روون بوونه‌وه‌ی زیاتری داهاته‌كانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان.
پاشان ده‌رگای گفتوگۆ به‌ رووی ئاماده‌بوواندا كرایه‌وه‌و هه‌ریه‌ك له‌ نوێنه‌رانی رێكخراوه‌كان و رۆژنامه‌نووسان راو پێشنیازه‌كانی خۆیان خسته‌ به‌رده‌م ئه‌ندامانی لێژنه‌كه‌ و ، داواشیان كرد كه‌ ئه‌م جۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ له‌ داهاتوودا به‌رده‌وام بێت. 
له‌ كۆتایشدا بریاردرا نێت وۆركێك دروست بكرێت بۆ هاوكاری و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی و رۆژنامه‌نووسان له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی شه‌فافیه‌ت و لێپرسینه‌وه‌ له‌ داهاته‌كانی نه‌وت له‌ هه‌رێمی كوردستان.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>