لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وه‌زه‌ به‌دواچوون بۆ گرفت ‌و خواستى هاووڵاتیان له‌ بوارى كاره‌با ده‌كات

29/09/2014 06:02:00 م
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29/9/2014 لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى شێركۆ جه‌وده‌ت مسته‌فا سه‌رۆكى لیژنه‌ ئاماده‌بوونى جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و بڕیارده‌ر ‌و زۆربه‌ى ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ نوێنه‌رانى وه‌زاره‌تى كاره‌باى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان كه‌ پێكهاتبوو له‌ به‌ڕێوه‌به‌ره‌ گشتییه‌كانى پلاندانان ‌و جێبه‌جێكردنى پڕۆژه‌كان ‌و گواستنه‌وه‌ى كاره‌با ‌و به‌رهه‌مهێنان ‌و دابه‌شكردن ‌و كۆنترۆلكردن ‌و گه‌یاندن كۆبوونه‌وه‌.
مه‌به‌ست له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ تاووتوێكردنى گرفت ‌و خواستى هاووڵاتیان له‌ بوارى كاره‌با ‌و هه‌ڵوه‌سته‌كردن له‌سه‌ر كێشه‌كانى به‌رهه‌مهێنان ‌و دابه‌شكردن ‌و كۆنترۆل ‌و جۆرى كاره‌باى دابینكراو بوو، هه‌روه‌ها باسى ئه‌و كێشه‌ ‌و كه‌موكوڕییانه‌ش كران كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م وه‌زاه‌رت ‌و ده‌بنه‌ رێگر له‌به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونى كاره‌كانیان.
له‌ ئه‌نجامى گفتوگۆكاندا هه‌ردوولا رێككه‌وتن له‌سه‌ر داڕشتنى پلان ‌و به‌رنامه‌ى پێویست بۆ كه‌مكردنه‌وه‌ى خه‌رجیى كاره‌با ‌و كۆنترلكردنى زێده‌ڕۆیی له‌ به‌كارهێنانى كاره‌با  له‌ رێی پڕۆژه‌یه‌كى تایبه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌رله‌مانه‌وه‌ په‌سند بكرێت دواى پێشكه‌شكردنى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى كاره‌باوه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا ئه‌مجۆره‌ كۆبوونه‌وه‌ ‌و هه‌ماهه‌نگییانه‌ به‌رده‌وامیان هه‌بێت بۆ چاكسازیى زیاتر له‌ بوراى كاره‌بادا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>