رونکردنەوەیەک لە راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستانەوە

07/10/2014 03:50:00 م

فراكسیۆنی سەوز لە پەرلەمانی کوردستان لە ٦/١٠/٢٠١٤ راگەیەندراوێکی سەبارەت بە هەلومەرجی دژواری کۆبانی بڵاوکردەوەو بەشێک لە راگەیەندراوەکە جۆرێک لە مزایەدەی سیاسی و چەواشەکاری تێدایە بەرامبەر بە رۆڵی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان. لە سۆنگەی دەرخستنی راستیەکان و بۆ ئەوەی چیتر هیچ کەس و لایەنێک بازرگانی بە تراژیدیاو ناسۆرەکانی گەلەکەمانەوە نەکات، بە پێویستمان زانی ئەم راستیانە بخەینەروو:
1.    حەق وایە هەر پەرلەمانتارێک یان فراكسیۆنێک کاتێک بەیاننامە یان راگەیەیندراوێک دەردەکات، بە وردی یاساکان بخوێنێتەوەو پەیڕەی ناوخۆی پەرلەمانی کوردستان لەبەرچاو بگرێت و دەسەڵاتەکانی پەرلەمان و دەسەڵاتی جێبەجێکردن بۆ مەبەستی چەواشەکاری و لە خشتەبردنی رای گشتی تێکەڵ بە یەکتر نەکات.
2.    تاوەکو پێش دەسپێکردنی پشووی جەژنی قوربانی پیرۆز هیچ فراكسیۆنێک لە پەرلەمانی کوردستان، بە فراكسیۆنی سەوزیشەوە، داوای دانیشتنی تایبەت بە بارودۆخی کۆبانی لە سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان نەکردوە تاوەکو سەرۆکایەتی رەتی بکاتەوە.
3.    لەوەتی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش) پەلامارەکانی بۆ سەر رۆژئاوای کوردستان دەستپێکردوە، سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان بەراشکاوانەوە و بە هەموو توانایەکیەوە پشتگیری خۆی بۆ بەرگری کردنی گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان دەربڕیوەو لە رێگەی بەیاننامەکانی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانەوە داوای پشتگیری مادی و مەعنەوی لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و دەسەڵاتی جێبەجێکاری هەرێم و لایەنە سیاسیەکان کردوە نەک هەر بۆ کۆبانی بەڵکو بۆ گەلەکەمان لە رۆژئاوای کوردستان.
4.    سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان لە کۆبونەوەکانیدا لە گەڵ دەسەڵاتی جێبەجێکردنی هەرێمی کوردستان، بەبەردەوامی جەختی کردوەتەوە لە سەر پشتگیری مەعنەوی و دیپلۆماسی و سەربازی هەرێم بۆ رۆژئاوای کوردستان.
5.     هەروەها لە کۆبونەوەکانیدا لە گەڵ هەیئەتە دیبلۆماسیەکانی دەرەوشدا هەوڵی زۆریداوە وەک بەشێک لە بەرەی دژبە تیرۆر مامەڵە لە گەڵ کوردانی رۆژئاوادا بکرێت و پشتگیری سەربازی و سیاسی بکرێن.
6.    بۆ زانینی فراكسیۆنی سەوز مەسەلەی ئاسانکاری لە سنورەکانی نێوان هەرێم و رۆژئاوای کوردستان و دانپێدانان و کردنەوەی نوسینگەی کانتۆنەکان (جەزیرەو عەفرین و کۆبانی) لە هەولێر، و کردنەوەی هەر قونسوڵیەت و نوێنەرایەتیەکی وڵاتان لە هەرێم یان هەرێم لە وڵاتانی دیکە لە سەڵاحیەتی دەسەڵاتی جێبەجێکارە و لە ئێستادایەکێتی نیشتمانی کوردستان پۆستەکانی جێگری سەرۆکی هەرێم و جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران و جێگری فەرمانگەی کاروباری دەرەوەی هەرێمی هەیە و دەکرا فراكسیۆنی سەوز داوای لە نوێنەرەکانی حزبەکەی بکردبایە کە ئەو پۆستانەیان هەیە کار بکەن بۆ کردنەوەی سنورەکان و نوسینگەی کانتۆنەکان لە هەرێم.
7.    بۆ مەسەلەی پشتیوانی سەربازی هەرێم لە کۆبانی، هەمولایەک باش دەزانن کە ئەوەش لە دەسەڵاتی جێبەجێکاردایە وکەی ئەوان بڕیاری ناردنی هێزیاندا بۆ دەرەوەی سنوری هەرێم پەرلەمانی کوردستان دەتوانێت هاوشێوەی وڵاتانی دیموکراتی لە رووی یاساییەوە کارئاسانی بۆ بکات.
8.    ناردنی شاندی پەرلەمانی کوردستان بۆ کۆبانی لەم هەلومەرجەدا نەک هەر پشتیوانیەکی مەعنەوی گرنگە، بەڵکو ئەو راستیە دەردەخات کە ئەو وەفدە نوێنەرایەتی گەلەکەمان دەکات و سەیرە فراكسیۆنێکی ناو پەرلەمانی کوردستان، کە خۆی نوێنەری لە وەفدەکەدا هەیە، دەیەوێت ئەو سەردانە لە ناوەڕۆکە مەعنەویە گرنگەی بەتاڵی بکاتەوە، چونکە کوردانی باکوریش سەرەڕای هەموو تواناو تەقالاکانیان بە هۆی هەلومەرجی جوگرافی کۆبانی و هەڵوێستی دەوڵەتی تورکیاوە هەر ئەوەندەیان پێکراوە.
لەکۆتایدا داوا لەسەرجەم فراكسیۆنەکان  دەکەین بەتایبەتی فراكسیۆنی سەوز، لەهەلومەرجێکی وادژواردا کەگەلەکەمانی پێداتێپەڕدەبێ، كێشە و ناكۆكیە سیاسیەكانیان بەلاوە بنێن وگیانی هاوخەباتی قوڵبكەنەوەو و یەكریزی میللەتەكەمان بپارێزن، خۆیان لە هەموو جۆرە موزایەداتێكی سیاسی بەدووربگرن بۆئەوەی هیچ لایەنێك ئازارەکانی نەتەوەکەمان بۆمەرامی سیاسی بەكارنەهێنێ‌.
 سەرکەوتن بۆکوردستان ونەمری بۆشەهیدانی رێگای رزگاری کوردستان.

راگەیاندنی پەرلەمانی کوردستان
٧-١٠-٢٠١٤


رۆژمێرى رووداوه‌كان