به‌سه‌رپه‌رشتى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و پیشه‌سازی ژماره‌یه‌ك راسپارده‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم ئاماده‌ ده‌كه‌ن

02/11/2014 05:53:00 م
سه‌عات 10ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 2/11/2014 به‌سه‌رپه‌رشتى دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بوونى فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ له‌سه‌ر گرفتی بودجه‌ی هه‌رێم و پرۆسه‌ی هه‌نارده‌كردن و فرۆشتنی نه‌وتی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.
له‌م كۆبوونه‌وه‌یه‌، كه‌ سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكارانی په‌رله‌مانیش ئاماده‌بوو، په‌رله‌مانتارانی ئه‌ندام له‌هه‌ردوو لیژنه‌ی ناوبراو چه‌ندین تێبینی و بۆچوونی خۆیان خسته‌روو له‌باره‌ی چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی بودجه‌ی هه‌رێم و كێشه‌ داراییه‌كانی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم له‌سه‌ر شێوه‌و میكانیزمه‌كانی دیاریكردنی پشكی هه‌رێم له‌بودجه‌ی عیراق.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، ره‌شنووسی راسپارده‌ی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كه‌ له‌ئه‌نجامی گفتوگۆو تێبینییه‌كانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌دا رێكخرابوو، خرایه‌ به‌ه‌رده‌م ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌ بۆ په‌سندكردنی. بریاریشه‌ ئه‌و راسپاردانه‌ دوای ئیمزاكردنی له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنی داهاتووی په‌رله‌مان جێبكرێته‌وه‌و بخرێته‌ به‌رده‌م په‌رله‌مان به‌مه‌بستی گفتوگۆكردنی.
جێی ئاماژه‌یه‌، بریاره‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو 4/11/2014 په‌رله‌مانی كوردستان دانیشتنێكی تایبه‌ت به‌گفتوگۆكردنی قه‌یرانی دارایی هه‌رێم و پرسی نه‌وت به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیرانی دارایی و سامانه‌ سروشتییه‌كان ئه‌نجامبدات.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>