شاندى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانى په‌رله‌مانى هه‌رێمى فێرلاند ده‌كات

07/11/2014 10:53:00 ص
له‌به‌رده‌وامى سه‌ردانه‌ فه‌رمیه‌كه‌یان بۆ بروكسلى پایته‌ختى به‌لجیكا دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و فخره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان به‌ یاوه‌رى دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا سه‌ردانى په‌رله‌مانى هه‌رێمى فێرلاندى به‌لجیكایان كرد و له‌لایه‌ن پیته‌ر ڤان رۆمبۆى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان به‌گه‌رمى پێشوازیان لێكرا.
دواتر له‌كۆبونه‌وه‌یه‌كى فراوان كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانى هه‌رێمى فێرلاند به‌رێوه‌چوو، سه‌ره‌تا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى  كوردستان سڵاوى په‌رله‌مان و گه‌لى هه‌رێمى كوردستانى به‌ په‌رله‌مان و گه‌لى هه‌رێمى فێرلاند گه‌یاند و پوخته‌یه‌كى له‌دواپێشهاته‌ سیاسیه‌كان و گۆڕانكاریه‌كانى ناوچه‌كه‌ خسته‌ روو ئاماژه‌ى به‌و ره‌وشه‌ كرد كه‌ له‌گۆڕه‌پانى سیاسی و سه‌ربازى و مرۆیی له‌هه‌رێمى كوردستان دوابه‌دواى مه‌ترسیه‌كانى داعش بۆ سه‌ر ئه‌زمونى دیموكراسی هه‌رێمى كوردستان هاته‌ كایه‌ و هیواى خواست ووڵاتانى دیموكراسی پشتیوانى زیاترى پرۆسه‌ى سیاسی و دیموكراسی هه‌رێمى كوردستان بكه‌ن.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان له‌باره‌ى پێكهاته‌ سیاسی و ئاینى و نه‌ته‌وه‌ییه‌كانى په‌رله‌مانى كوردستان و ئه‌رك و كاره‌كانى دوا و ئه‌وه‌شی خسته‌ روو كه‌ ئاینى ئیسلام ئاینی لێخۆشبون و لێبورده‌ییه‌ و به‌درێژایی مێژوو گه‌لانى هه‌رێمى كوردستان به‌ئاشته‌وایی ده‌ژین و هه‌ڵسوكه‌وته‌كانى داعش دووره‌ له‌به‌ها مرۆیی و ره‌وشته‌كانى ئاینی پیرۆزى ئیسلام. 
پاشان جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى فێرلاند وێراى خۆشحاڵى ده‌ربڕین به‌و سه‌ردانه‌ هیواى خواست هه‌رێمى كوردستان پارێزراو بێ له‌هه‌ره‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كان و له‌مروه‌وه‌ هه‌وڵى خۆیانى خسته‌ روو له‌پێناو كاركردن بۆ پشتیوانى زیاترى هه‌رێمى كوردستان و ئاماژه‌ى به‌وه‌دا كه‌ به‌نیازن نوسینگه‌ى نوێنه‌رایه‌تى خۆیان له‌هه‌رێمى كوردستان بكه‌نه‌وه‌و له‌هه‌موو بواره‌كان په‌یوه‌ندى نێوان هه‌ردولا په‌ره‌ى پێ بده‌ن به‌تایبه‌ت له‌بوارى وه‌به‌رهێنان 
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان خۆشحاڵى خۆى ده‌ربڕى و پشتیوانى هه‌رێمى كوردستانى بۆ ئه‌م هه‌نگاوه‌ نیشان دا و هیواى خواست له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌نداره‌كانى حكومه‌ت له‌هه‌وڵ دابن و ئاماده‌یی بۆ هه‌ر جۆره‌ ئاسانكارى و هاوكاریه‌ك نیشان دا پاشان به‌فه‌رمى داواى لێكردن شاندێكى په‌رله‌مانى هه‌رێمى فێرلاند سه‌ردانى په‌رله‌مانى كوردستان بكه‌ن 
له‌كۆتایش جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى هه‌رێمى فێرلاند سوپاسی كردن بۆ ئه‌و بانگێشته‌ و ئه‌وه‌ى خسته‌ روو دواى راوێژ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى فێرلاند به‌فه‌رمى وه‌ڵامى بانگهێشته‌كه‌ ده‌ده‌نه‌وه‌ دواتر دیارى و ئارمى په‌رله‌مانى كوردستان درایه‌ جێگرى سه‌رۆكى هه‌رێمى فێرلاند و شاندى په‌رله‌مانى كوردستان هۆڵى كۆبونه‌وه‌ى فه‌رمیی په‌رله‌مانى فێرلاندى به‌سه‌ر كرده‌وه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ