شاندى باڵاى په‌رله‌مان نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم و باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپاى به‌سه‌ر كرده‌وه‌

09/11/2014 08:07:00 ص
له‌درێژه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و ولاتی به‌لجیكا سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 9/11/2014 له‌برووكسل ى پایته‌ختى به‌لجیكا شاندى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان كه‌ له‌ دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان و هه‌ریه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران  ئه‌بو كاروان و لینا عزریا و مونا قهوه‌چى و كه‌ژاڵ فه‌قێ ئه‌ندامانى فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانى په‌رله‌مان، سه‌ردانى باره‌گاى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستانیان له‌ یه‌كێتى ئه‌وروپا كرد و له‌لایه‌ن دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێم و فه‌رمانبه‌ر و كارگێر و پله‌دارانى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا به‌ گه‌رمى پێشوازى كران.
له‌دیدارێكدا دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان به‌گه‌رمى سڵاوو پیرۆزبایی و ده‌ستخۆشی سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مان و ئه‌ندامانى شانده‌كه‌ى به‌نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا گه‌یاند كه‌ له‌ماوه‌ى ده‌ست به‌كاربوونیان توانیویانه‌ كه‌ناڵێكى باشی په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ ته‌واوى داموده‌زگا په‌رله‌مانى و حكومى و پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌كانى یه‌كێتى ئه‌وروپا دابنێن و نوێنه‌رایه‌تى راسته‌قینه‌ى گه‌ل و حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بن به‌تایبه‌تى له‌گه‌یاندنى پرس و ئازاره‌كانى خه‌ڵكى هه‌رێمى كوردستان و خستنه‌ رووى كێشه‌ جیدى و هه‌نوكه‌ییه‌كانى به‌رده‌م پرۆسه‌ى دیموكراسی  و گه‌شه‌پێدان و هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كانى داعش و پێداویستیه‌ مرۆییه‌كان و كاردانه‌وه‌و هاوسۆزى ووڵاتانى ئه‌وروپی له‌مباره‌یه‌وه‌ به‌سه‌ركه‌وتنى هه‌وڵه‌ دیبلۆماسیه‌كانى هه‌رێمى كوردستان و كێشه‌ ره‌واكه‌ى زانى، كه‌ بێگومان نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا پشكى دیارى له‌سه‌ركه‌وتنى دیبلۆماسیانه‌ى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌رده‌كه‌وێ هه‌ربۆیه‌ به‌فه‌رمى سوپاسی كردن و ئاماده‌یی په‌رله‌مانى كوردستانى بۆ هاوكارى و پاڵپشتى كردنى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا ده‌ربڕى.
له‌لایه‌ن خۆشیه‌وه‌ دلاوه‌ر خالید ئاژگه‌یی نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌یه‌كێتى ئه‌وروپا خۆشحاڵى خۆى به‌سه‌ردانى شاندى باڵاى په‌رله‌مانى كوردستان بۆ بروكسل و ئه‌نجامدانى ئه‌و دیداره‌ پڕ بایه‌خانه‌ نیشان دا كه‌ له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا و په‌رله‌مانى فیدراڵى به‌لجیكا و په‌رله‌مانى هه‌رێمى فێرلاند ئه‌نجامیان دا كه‌ بێگومان بایه‌خى سیاسی و دیبلۆماسی خۆى له‌كاردانه‌وه‌ ئه‌رێنیه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان له‌پشتیوانى دیموكراسی و رووبه‌رووبونه‌وه‌ى مه‌ترسیه‌كانى تیرۆریستانى داعش ده‌بێت.
پاشان پوخته‌یه‌كى له‌باره‌ى ئه‌رك و كار و چالاكیه‌كانى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم خسته‌ روو كه‌ له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌وڵیانداوه‌ له‌سه‌ر ئاستى په‌رله‌مان و حكومه‌ت و رێكخراوه‌كانى كۆمه‌ڵگه‌ى مه‌ده‌نى كار بكه‌ن بۆ هاتنى شاندى ئاست جیاوازى هه‌رێمى كوردستان و كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵى په‌یوه‌ندى له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا و ده‌زگا و دامه‌زراوه‌ باڵاكان له‌ بروكسل و لۆكسمبۆرغ و هۆڵه‌ندا، هه‌روه‌ها ئه‌و ئاسانكاریانه‌شی خسته‌روو كه‌ نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێم له‌دابینكردنى ڤیزا بۆ كوردانى پارچه‌كانى تر بۆ سه‌ردانى هه‌رێمى كوردستان ته‌رخانى كردوه‌و له‌ده‌زگا و دامه‌زراوه‌كان به‌فه‌رمى هاتۆته‌ ناساندن هاوكات ئه‌و گرفت و كێشانه‌شى خسته‌ روو كه‌ پێویسته‌ له‌پێناو باشتر به‌رێوه‌چوونى كاره‌كانى نوێنه‌رایه‌تى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان له‌هه‌موو رووێكه‌وه‌ هه‌نگاوى خێرا بۆ چاره‌سه‌ركرنیان بهاوێژرێ.
پاشان نوێنه‌رى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان به‌ یاوه‌رى شانده‌كه‌ باڵه‌خانه‌ى په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا یان به‌سه‌ر كرده‌وه‌و له‌نزیكه‌وه‌ باسی له‌ بایه‌خى دیبلۆماسیانه‌ى كردنه‌وه‌ى كه‌ناڵى راسته‌وخۆى په‌یوه‌ندى و پته‌وكردنى په‌یوه‌ندیه‌كانى نێوان و هاتنى شاندى جۆراوجۆرى هه‌ردولا و گۆڕینه‌وه‌ى بیرورا و پێویستى گه‌یاندنى په‌یامه‌كانى هه‌رێمى كوردستان له‌رووى سیاسی و سه‌ربازى و مرۆییه‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانى یه‌كێتى ئه‌وروپا له‌و قۆناغه‌دا خسته‌روو. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ