به‌سه‌رپه‌رشتی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان سه‌رۆكی ته‌مه‌ن بۆ سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی دیاریكرا

23/11/2014 04:50:00 م
ئه‌مرۆ یه‌ك شه‌ممه‌ 23/11/2014 به‌سه‌رپه‌رشتى دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و ئاماده‌بونى فخرالدین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان و سه‌رۆكى لیژنه‌ى یاسایی په‌رله‌مان سێ كۆبونه‌وه‌ به‌مه‌به‌ستى ده‌ستنیشانكردنى سه‌رۆكى لیژنه‌كانى په‌یوه‌ندیه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى و لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان و لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم سازكرا.
له‌م كۆبونه‌وانه‌ جه‌خت له‌سه‌ر گرنگى و بایه‌خى ئه‌و لیژنانه‌ كرایه‌وه‌و دكتۆر جعفر ئیبراهیم ئێمینكى جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند دواى ئه‌وه‌ى ماوه‌یه‌ك چاوه‌روانى وه‌ڵامى فراكسیۆنه‌كانى په‌رله‌مان بووین بۆ ئه‌وه‌ى له‌نێوان خۆیان رێكه‌وتن له‌باره‌ى ده‌ستنیشانى سه‌رۆك و جێگر و بریارده‌رانى ئه‌و لیژنانه‌ بكه‌ن به‌ڵام تائێستا نه‌گه‌یشتونه‌ته‌ رێكه‌وتن، بۆیه‌ وه‌ك سه‌رۆكایه‌تى په‌رله‌مانى كوردستان سه‌رۆكی ته‌مه‌ن  بۆ ئه‌و لیژنانه‌ دیارى ده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ى كاروبارى ئه‌و لیژنانه‌ به‌رێكوپێكى به‌رێوه‌ بچێت و چاوه‌روانى ئه‌وه‌ین فراكسیۆنه‌كان له‌زووترین كات بگه‌نه‌ رێكه‌وتن .
دواتر به‌پێى به‌ ته‌مه‌نترین ئه‌ندام سه‌رۆكى هه‌ر سێ لیژنه‌ دیارى كران كه‌ بریتی بوون له‌و به‌رێزانه‌:
1- تحسین ئیسماعیل دۆڵه‌مه‌رى سه‌رۆكى لیژنه‌ى په‌یوه‌ندیه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى.
2- عباس غزالى میرخان سه‌رۆكى لیژنه‌ى كاروبارى په‌رله‌مان.
3- عبدالرحمن فارس ئه‌بو كاروان سه‌رۆكى لیژنه‌ى ناوچه‌ كوردستانیه‌كانى ده‌ره‌وه‌ى هه‌رێم.
له‌كۆتایشدا جێگرى سه‌رۆكى په‌رله‌مان پیرۆزبایی ئاراسته‌ى سه‌رۆكى كاتى لیژنه‌كان كرد و هیواى خواست درێژه‌ به‌ ئه‌نجامدانى كارى لیژنه‌كان و كۆبونه‌وه‌كانیان بده‌ن تاوه‌كو له‌نزیكترین كاتدا فراكسیۆنه‌كان ده‌گه‌نه‌ رێكه‌وتنێك بۆ دانانى سه‌رۆك و جێگر و بریارده‌رى ئه‌و لیژنانه‌.
  
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>