چوارچێوه‌ یاساییه‌كانی وه‌ده‌ستخستنی قه‌رز بۆ په‌رله‌مانتاران روون ده‌كرێنه‌وه‌

24/11/2014 12:14:00 م
سه‌عات 10:30  سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 24/11/2014 هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و دارایی و پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرۆژه‌ یاسای وه‌ده‌ستخستنی قه‌رزی نێوده‌وڵه‌تی، له‌گه‌ل وه‌فدێكی راوێژكارانی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و دارایی و پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو، تێیدا وه‌فدی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم ژماره‌یه‌ك داتاو زانیاری له‌باره‌ی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی بری قه‌رزه‌كه‌و كاریگه‌رییه‌كانی له‌سه‌ر داهاتووی كارو پرۆژه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌.
وه‌فدی راوێژكارانی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم، كه‌ له‌لایه‌ن د.ئامانج ره‌حیم راوێژكاری یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم به‌ئه‌ندامییه‌تی ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكارانی بیانی و ناوخۆی پێكهاتبوون، ئه‌وه‌یان بۆ په‌رله‌مانتاران روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌رووی ده‌ستوورییه‌وه‌ هیچ به‌ربه‌ستێكی ئه‌وتۆ نییه‌ كه‌ رێگه‌ له‌حكومه‌تی هه‌رێم بگرێت ئه‌و قه‌رزه‌ نه‌كات. هه‌روه‌ها وه‌فدی میوان ئاماژه‌یان به‌مادده‌ی 110ی ده‌ستووری عیراقی –دا كه‌تێیدا به‌روونی ده‌سه‌ڵاته‌ حه‌سرییه‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ روونكراوه‌ته‌وه‌و تێیدا نه‌هاتووه‌ ده‌سه‌لاتی قه‌رز وه‌رگرتن تایبه‌ته‌ به‌ ناوه‌ندو له‌مادده‌ی 121 ئه‌وه‌ش پشتراستكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌گه‌ر یاسایه‌ك ده‌رچوو دژی ده‌سه‌ڵاته‌كانی حكومه‌تی فیدراڵ بێت ئه‌وا پێشینه‌ بۆ یاساكه‌ی هه‌رێم ده‌بێت نه‌ك فیدراڵ.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، وه‌فدی راوێژكارانی یاسایی حكومه‌تی هه‌رێم ئه‌وه‌شییان خسته‌روو، كه‌ ئه‌و قه‌رزه‌ی بریاره‌ وه‌ربگیردرێت 5ملیار دۆلاره‌ ده‌بێت له‌ژێرخانی ئابووری و پرۆژه‌ ستراتیژییه‌كاندا خه‌رج بكرێن و له‌ئێستاشدا به‌هۆی بارودۆخی دارایی جیهانه‌وه‌ ئاستی سوودی قه‌رزه‌كان كه‌مترن و بۆیه‌ پێویسته‌ په‌رله‌مان په‌له‌ بكات له‌ته‌واوكردنی رێككارییه‌ یاساییه‌كانی و ده‌ركردنی یاساكه‌.
دواتر له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك پرسیارو تێبینی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی وه‌رگرتنی قه‌رزه‌كه‌و تواناو قه‌باره‌ی دارایی هه‌رێم بۆ دانه‌وه‌ی ئه‌و بڕه‌و هه‌ڵسه‌نگاندنی خاڵه‌ نێگه‌تیڤه‌كانی ئاراسته‌ی وه‌فدی راوێژكارانی یاسایی حكومه‌ت كران و له‌به‌رامبه‌ریشدا وه‌فدی میوان روونكردنه‌وه‌ی پێویستی پێشكه‌شكرد.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>