له‌وۆركشۆپێكدا پرسی نه‌وت وپێكه‌وه‌كاركردنی فیدڕاڵیانه‌ تاووتوێ ده‌كرێت

02/12/2014 01:03:00 م
سه‌عات 9ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 02/12/2014 لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان له‌په‌رله‌مانی كوردستان، به‌هاوكاری ئه‌كادیمیای سویدی فۆڵك بێرنادۆت ( Swedish Folke Bernadotte   Academy)، ۆوركشۆپێكی تایبه‌ت به‌ چۆنێتی باشتركردنی پێكه‌وه‌كاركردنی فیدڕاڵیانه‌ له‌ بواری سیاسه‌تی نه‌‌وتدا رێكخست.
له‌وۆركشۆپه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌و سامانه‌ سروشتییه‌كان و مافی مرۆڤی په‌رله‌مان و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی خولی ئێستاو پێشوو و راوێژكارانی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ نوێنه‌ری ژماره‌یه‌ك له‌رێكخراوه‌ ناحكومییه‌كان به‌رێوه‌چوو،  دوو ته‌وه‌ری سه‌ره‌كی باسییان لێوه‌كرا، كه‌ یه‌كه‌مییان تایبه‌ت بوو به‌ئه‌وله‌ویه‌ت و ستراتیژییه‌تی كوردو ئه‌وی دیكه‌شییان تایبه‌تبوو به‌شیكردنه‌وه‌ی ئه‌و پره‌نسیپانه‌ی ده‌بنه‌ هۆی پێكه‌وبوونێكی فیدراڵییانه‌. 
 هه‌ر له‌ وۆركشۆپه‌كه‌دا، بنه‌ما ده‌ستوورییه‌كان بۆ به‌ڕێوه‌بردنی نه‌وت باسی لێوه‌كرا، به‌تایبه‌تی له‌لایه‌نی خاوه‌ندارییه‌تی نه‌وت و گاز بۆ هه‌موو خه‌ڵك و ئه‌وی دیكه‌شییان له‌رووی پێدانی ده‌سه‌ڵات به‌هه‌رێم و پارێزگاكان. رێكخه‌رانی كۆنفرانسه‌كه‌ به‌ووردی چۆنیه‌تی پێكه‌وه‌ سازاندن و چه‌سپاندنی ئه‌م دوو مافه‌ ده‌ستوورییه‌ له‌نێو سیستمی فیدراڵیدا روونكرده‌وه‌  
جێی ئاماژه‌یه‌ ئه‌كادیمیای سویدی فۆڵك بێرنادۆت ( Swedish Folke Bernadotte   Academy)، نزیكه‌ی ساڵێكه‌ ئه‌م رێكخراوه‌ به‌هاوكاری هاوتا عیراقییه‌كانی له‌بواری نه‌وت دا كارده‌كات و تا ئێستا سێ دیداری گه‌وره‌ی له‌هه‌ولێرو به‌غداو ستۆكهۆڵم، په‌یوه‌ست به‌و پرسه‌ گرێداوه‌و ماوه‌ی شه‌ش ساڵ ئه‌زموونیشی هه‌یه‌ له‌سه‌ر كاركردنی له‌بواری نه‌وتی عیراقی و بریاریشه‌ هاوشێوه‌ی ئه‌م وۆركشۆپه‌ له‌به‌غداش ئه‌نجامبدرێت و چاوروانیش ده‌كرێت دیدارێكی پێكه‌وه‌یی له‌نێوان لایه‌نه‌ جیاوازه‌كانی عیراقیش بۆ گفتوگۆكردنی هه‌مان پرس رێكبخرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>