سێ لیژنه‌ی په‌رله‌مانی گفتوگۆ له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاسای سندوقی داهاتی نه‌وت و گاز ده‌كه‌ن

08/12/2014 01:21:00 م
 
سه‌عات 10ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 8/12/2014 هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و دارایی و ووزه‌و پیشه‌سازی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی پرۆژه‌ یاسای سندوقی داهاتی نه‌وت و گاز له‌هه‌رێم، كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ئه‌ندامانی هه‌رسێ لیژنه‌ی یاسایی و دارایی و ووزه‌و پیشه‌سازی په‌رله‌مان و به‌به‌شداری ئامانج ره‌حیم راوێژكاری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌راوێژكارانی په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو، تێیدا برگه‌و مادده‌كانی پرۆژه‌ یاسای سندوقی داهاتی نه‌وت و گاز له‌هه‌رێم گفتوگۆی له‌سه‌ر كراو بریاریشه‌ كۆی تێبینی و بۆچوونی په‌رله‌مانتاران و رای هه‌رسێ لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار به‌پرۆژه‌كه‌، له‌راپۆرتێكدا پوخت بكرێنه‌وه‌و دوای ته‌واو بوونی راپۆرتی هاوبه‌شی لیژنه‌كان، ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان ده‌كرێت بۆ خستنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانه‌وه‌.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتارانی هه‌رسێ لیژنه‌كه‌وه‌، كۆمه‌ڵێك پرسیاری په‌یوه‌ست به‌پرسه‌ یاساییه‌كان و چۆنیه‌تی جێبه‌جێكردنی پرۆژه‌كه‌و رۆڵی حكومه‌تی هه‌رێم ، ئاراسته‌ی راوێژكاری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كران و وه‌ڵام و روونكردنه‌وه‌ی پێویستیش له‌لایه‌ن نوێنه‌ره‌كه‌ی حكومه‌ته‌وه‌ بۆ په‌رله‌مانتاران خرانه‌روو.
 جێی ئاماژه‌یه‌ی پرۆژه‌ یاسای سندوقی داهاتی نه‌وت و گاز له‌هه‌رێم، له‌ دانیشتنی ژماره‌ 2ی رۆژی 7/5/2014 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>