مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به‌ساڵیادى رۆژى جیهانی راگه‌یاندنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ته‌لاری په‌رله‌مان به‌رێوه‌چوو

10/12/2014 03:40:00 م
ئه‌مرۆ چوارشه‌ممه‌ 10/12/2014 به‌ ئاماده‌بوونى د. یوسف محمد سادق سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان و د. جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئیمنكی  جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان فه‌خره‌دین قادر سكرتێرى په‌رله‌مان ، لێژنه‌ى مافی مرۆڤ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان به‌ هاوبه‌شى له‌گه‌ڵ به‌رێوه‌به‌رایه‌تى راگه‌یاندنى په‌رله‌مان و سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌، مه‌راسیمێكی تایبه‌ت به‌ ساڵیادى رۆژى جیهانی راگه‌یاندنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ته‌لاری په‌رله‌مان  رێكخست.
له‌مه‌راسیمه‌كه‌دا كه‌ به‌ ئاماده‌بوونى ژماره‌یه‌ك په‌رله‌مانتار و راوێژكاران و نوێنه‌رانى ده‌سته‌ى مافه‌كانى مرۆڤ و رۆژنامه‌ نووسان به‌رێوه‌چوو، سه‌ره‌تا به‌ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدانى كوردستان و قوربانیانى شه‌رى تیرۆر مه‌ریسمه‌كه‌ ده‌ستی پێكرد، پاشان  د. یوسف محمد سادق  سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان وتاریكى پێشكه‌ش كرد و تیایدا  رایگه‌یاند: ئه‌مساڵ دروشمى مافه‌كانى مرۆڤ بریتیه‌ له‌ مافه‌كانى مرۆڤ 365 ئه‌مه‌ش ئاماژه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌موو رۆژه‌كانى ساڵ بپارێزرێت ، مرۆڤ خاوه‌نى مافه‌ نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ى خه‌ڵكى شوێنێكى تایبه‌ته‌ یان خاوه‌نى ره‌گه‌زێكى جودایه‌ به‌ڵكو ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ى كه‌ مرۆڤه‌, ئه‌مه‌ نزیكه‌ى حه‌وت سه‌ده‌ى ویست هه‌ر له‌ ماگناكارتاوه‌ له‌ سه‌ده‌ى 13 تاوه‌كو جاردانى گه‌ردوونى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ پاش جه‌نگى دووه‌مى جیهانیه‌وه‌ ، سه‌رۆكى په‌رله‌مانى كوردستان له‌ درێژه‌ى وتاره‌كه‌یدا رایگه‌شیاند ، له‌ زۆر شوێنى دنیا به‌داخه‌وه‌ مرۆڤ وه‌كو بونه‌وه‌رێكى خاوه‌ن ماف سه‌یر ناكرێت له‌سه‌ر بنه‌ماى مرۆڤ بوونى, هه‌روه‌ك وتیشی: ئه‌گه‌ر دورشمى ئه‌مساڵ هه‌موو رۆژێك بۆ مافه‌كانى مرۆڤه‌ ئه‌وا ده‌گمه‌ن رۆژ هه‌یه‌ كه‌ مرۆڤى ئه‌م نیشتیمانه‌ رووبه‌رووى پێشێلكارى مافه‌كانى مرۆڤ نه‌بێته‌وه‌ به‌ هۆى رێكخراوى تیرۆریستى داعشه‌وه‌ ، كه‌ رێكخراوێكى دژ به‌ مرۆڤ بوونى مرۆڤه‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: له‌ كۆمه‌ڵگه‌یه‌گى نایه‌كساندا ئه‌سته‌مه‌ مافه‌كانى مرۆڤى تێدا ده‌سته‌به‌ر بێت بۆیه‌ دادپه‌روه‌رى كۆمه‌ڵایه‌تى و حوكمى باش و سه‌قامگیرى سیاسى و ئاسایش و زۆر فاكته‌رى تر پێویستن بۆ ده‌سته‌به‌ر بوونى مافه‌كانى مرۆڤ ، له‌ درێژه‌ى وتاره‌كه‌یدا : سه‌رۆكى په‌رله‌مان رایگه‌یاند بۆ هه‌رێمى كوردستان له‌سێ ئاستدا مافه‌كانى مرۆڤ گرنگه‌ ، له‌ ئاستى بونیادنانى كۆمه‌ڵگه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌ و له‌ ئاستى رووبه‌روو بوونه‌وه‌ى نه‌یارانى و له‌ ئاستى په‌یوه‌ندیكردن به‌دنیاوه‌، ئه‌مساڵیش زۆرێك له‌ ئافره‌تانى كوردستان رووبه‌روور پێشێلكردنى مافه‌كانیان بوونه‌وه‌ به‌هه‌مان شێوه‌ مناڵانیش مافه‌كانیان پێشێل كراوه‌، راشیگه‌یاند: ئه‌ركى په‌رله‌مانى كوردستانه‌ به‌ یاسا مافه‌كان بپاریزین و زه‌مینه‌یان بۆ خۆش بكه‌ین .
پاشان  سۆران عومه‌ر سه‌رۆكى لێژنه‌ى مافه‌كانى مرۆڤ وتارێكى پێشكه‌ش كرد وتیایدا  رایگه‌یاند: پرسى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان یه‌كێك له‌و بابه‌ته‌ گرنگانه‌یه‌ كه‌ ره‌هه‌ندێكى گه‌وره‌ى جیهانى هه‌یه‌ و پێوه‌رێكى ناسینى شێوازى سیستمى حوكمرانیه‌، هه‌روه‌ك چۆن پارێزگارى كردنه‌ له‌ده‌ستكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌كانمان كه‌ به‌رێزگرتن له‌ مافه‌كانى مرۆڤ ده‌ست پێده‌كات ، سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: له‌ئێستادا  كه‌ یادى رۆژى جیهانى مافه‌كانى مرۆڤ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ درێژایی 1050 كیلۆمه‌تر شه‌رى هێزێكى مه‌ترسیدارى جیهانى وه‌ك داعش ده‌كه‌ین و له‌و پێناوه‌شدا پێشمه‌رگه‌و هێزه‌كانى ترى ناوخۆ قوربانى گه‌وره‌یان به‌خشیوه‌ و كوردانى ئێزیدی  له‌ شه‌نگال و مه‌سیحی و توركمان و شه‌به‌ك و كاكه‌یی توشى جینۆ ساید بوون و جگه‌ له‌وه‌ش 2 ملیۆن ئاواره‌ له‌ هه‌رێمى كوردستان له‌م زستانه‌ له‌ دۆخێكى خراپى مرۆییدا ژیان ده‌گوزه‌رێنن.
پاشان له‌لایه‌ن محمد گۆمه‌شینى وته‌بێژى ده‌سته‌ى مافه‌كانى مرۆڤ وتارێك پێشكه‌ش كرا و جه‌ختى كرده‌وه‌ له‌ پاراستنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ هه‌رێمى كوردستان , دوابه‌دواى ئه‌وه‌ش لایه‌ن د. فرسه‌ت سۆفی ئه‌ندامى لێژنه‌ى مافی مرۆڤ توێژنه‌وه‌یه‌كى  له‌ژێر ناونیشانى به‌نێوده‌وڵه‌تیكردنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌ یاسای نێوده‌وڵه‌تى هاوچه‌رخدا پێشكه‌ش به‌ ئاماده‌بووان كرد  دوا به‌دواى ئه‌وه‌ش وتارى راوێژكارانى په‌رله‌مانى كوردستان له‌لایه‌ن د.عوسمان  علی وه‌یسی   پێشكه‌ش كرا كه‌ تیایدا  جه‌ختی له‌پاراستنی مرۆڤ كرده‌وه‌و له‌چوارچێوه‌ی یاسای نێوده‌وله‌تیداو تیشكی خسته‌سه‌ر ئه‌و هاریكاری و به‌رپرسیاریته‌یه‌ مه‌عنه‌ویه‌ نێوده‌وله‌تیه‌ی كه‌ كۆمه‌لگای نێوده‌وله‌تی له‌به‌رامبه‌ر ئه‌و تاوانانه‌ی به‌رامبه‌ر به‌ كوردانی ئێزدی و شه‌به‌ك و كاكه‌یی و سابیئه‌و  توركمان ومه‌سیحی ته‌واوی پێكهاته‌كان له‌لایه‌ن تیرۆریستانی داعشه‌وه‌ ئه‌نجامدراوه‌و له‌مروه‌وه‌ پێشنیازی گروپ و ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا كه‌ له‌ 26/11/2014 پێشكه‌شكراوه‌ بۆ مه‌حكومكردنی ئه‌و تاوانه‌  نێو ده‌وله‌تیانه‌ خسته‌روو. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ