گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ بۆ هه‌مواركردنى یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى له‌په‌رله‌مانى كوردستان

14/12/2014 10:50:00 ص
تارق جه‌وهه‌ر راوێژكارى راگه‌یاندن له‌په‌رله‌مانى كوردستان رایگه‌یاند سه‌عات 10ى سه‌رله‌به‌یانى رۆژى دووشه‌ممه‌ رێكه‌وتى 15/12/2014 گفتوگۆیه‌كى كراوه‌ له‌باره‌ى هه‌مواركردنى یه‌كه‌مى یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى یاساى ژماره‌ 35ى سالى 2007 له‌هۆڵى په‌ناگیرى له‌ لاته‌رى په‌رله‌مان به‌رێوه‌ ده‌چێت. 
سارمه‌مى ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: لیژنه‌ى رۆشنبیرى وهونه‌ر وراگه‌یاندنى په‌رله‌مانى كوردستان به‌هه‌ماهه‌نگى به‌رێوبه‌رایه‌تى راگه‌یاندن وسه‌نته‌رى توێژنه‌وه‌ ئه‌و گفتوگۆكراوه‌ى رێكخستووه‌، ژماره‌یه‌كى به‌رچاو له‌ رۆژنامه‌نووسان و نوێنه‌رانى كه‌ناڵ وده‌زگاكانى راگه‌یاندنى حزبى وئه‌هلى و سه‌ندیكاى رۆژنامه‌نووسان و شاره‌زایانى بوارى یاسایى و ناوه‌نده‌ ئه‌كادیمیه‌كانى زانكۆ وپه‌یمانگاكانى كوردستان وژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانى پێشووى په‌رله‌مانى كوردستان به‌شدارى تێدا ده‌كه‌ن.
له‌باره‌ى ئامانجى ئه‌م گفتوگۆكراوه‌ش تارق سارمه‌مى راوێژكارى راگه‌یاندن له‌په‌رله‌مانى كوردستان وتى: ده‌مێكه‌ له‌زۆرلایه‌نه‌وه‌ قسه‌ له‌سه‌ر هه‌مواركردنه‌وه‌ى یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى ده‌كرێت، به‌لام تائیستا به‌ره‌سمى هیچ پرۆژه‌یه‌ك خوێندنه‌وه‌ى بۆنه‌كراوه‌، بۆیه‌ ئه‌م هه‌نگاوه‌ى لیژنه‌ى رۆشنبیرى وراگه‌یاندنى په‌رله‌مان هه‌نگاوێكى سه‌ره‌تاییه‌ بۆ گوێگرتن له‌راوبۆچوونى پسپۆران وشاره‌زایانى بوارى یاسایى ورۆژنامه‌گه‌رى بۆ ئه‌وه‌ى پێداچونه‌وه‌یه‌كى بابه‌تى بۆ گشت برگه‌و ماده‌كانى یاساى رۆژنامه‌نووسی بكرێت، وله‌به‌ر رۆشنایى تێروانینى به‌شداربووان و رۆژنامه‌نووسان و پێشكه‌وتنه‌كانى ره‌وشى میدیا له‌كوردستان بۆ چۆنیه‌تى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌وگرفته‌كانى به‌رده‌م جێبه‌جێكردنى یاساى كارى رۆژنامه‌گه‌رى له‌ داداگاكان پرۆژه‌یاسایه‌كى پێشكه‌وتوو بۆ هه‌مواركردنى یاساكه‌ ئاماده‌بكرێت وپێشكه‌ش به‌په‌رله‌مان بكرێت، كه‌تیایدا بوارى رۆژنامه‌گه‌رى به‌شێوه‌كى باشتر رێكبخرێَته‌وه‌ وكه‌موكوریه‌كانى چاره‌سه‌ربكرێت، به‌ره‌چاوكردنى زیاتر پاراستنى مافى رۆژنامه‌نووسان و زیاتر رێزگرتن له‌ئازادى كارى رۆژنامه‌گه‌رى به‌گشتى.

رۆژمێرى رووداوه‌كان