سه‌باره‌ت به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر مامۆستایه‌كی ئاینی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌، لیژنه‌ى ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی ‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی به‌یاننامه‌یه‌كی هاوبه‌ش ده‌رده‌كه‌ن

15/12/2014 12:11:00 م
به‌ناوى خواى گه‌وره‌ ‌و میهره‌بان
به‌یاننامه‌ى هاوبه‌شی لیژنه‌ى ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی، سه‌باره‌ت به‌ هێرشكردنه‌ سه‌ر مامۆستایه‌كی ئاینی له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌
له‌وكاته‌ى كه‌ رۆژه‌كانی ساڵڕۆژى جیهانیی به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی گه‌نده‌ڵی به‌سه‌رده‌به‌ین ‌و كوردستانیش به‌ په‌رله‌مان ‌و حكومه‌ت ‌و میدیا ‌و رێكخراوه‌كانه‌وه‌ هه‌ڵمه‌تی رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى گه‌نده‌ڵی-یان ده‌ستپێكردووه‌، به‌داخه‌وه‌ تازه‌ كه‌سانێك به‌ هه‌وڵ ‌و هه‌ڵوێستی نه‌شیاو داكۆكی له‌ گه‌نده‌ڵی ده‌كه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ى كه‌ له‌ پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌ى شه‌هیددا روویدا ‌و به‌رپرسێك به‌ مه‌به‌ستی داگیركردنی موڵكی گشتی رووبه‌ڕووى مامۆستایه‌كی ئاینی ‌و هاووڵاتیان ده‌بێته‌وه‌، هه‌رچه‌نده‌ مامۆستا ئاینییه‌كه‌ ده‌یه‌وێت به‌ گفتوگۆ رێگریی لێبكات ‌و پێی بسه‌لمێنێت كه‌ ئه‌و كاره‌ پێچه‌وانه‌ى شه‌رع ‌و یاسایه‌، به‌ڵام ناوبراو هێرش ده‌كاته‌ سه‌ر مامۆستا ئاینییه‌كه‌ ‌و ئازارى پێده‌گه‌یه‌نێت.
بۆیه‌ ئێمه‌ به‌ناوى لیژنه‌ى ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ‌و وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ‌و كاروباری ئاینیی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان سه‌ركۆنه‌ى ئه‌و كاره‌ ناشارستانی ‌و قێزه‌ونه‌ ده‌كه‌ین ‌و داوا له‌ ده‌زگا په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت ده‌كه‌ین كه‌ به‌پێی یاسا لێپێچینه‌وه‌ له‌ تاوانبار ‌و سه‌رپێچیكار بكرێت ‌و قه‌ره‌بووى مادی ‌و ئه‌ده‌بیی ئه‌و مامۆستا ئاینییه‌ بكرێته‌وه‌، تا جارێكی تر كه‌س نه‌توانێت مافی گشتی داگیربكات ‌و ئازار به‌ هاووڵاتیان بگه‌یه‌نێت.
لیژنه‌ى ئه‌وقاف ‌و كاروبارى ئاینی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان
وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف ‌و كاروباری ئاینیی حكومه‌تى هه‌رێمی كوردستان
15/12/2014

رۆژمێرى رووداوه‌كان