لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌: له‌م خولی گرێدانی په‌رله‌مانییه‌دا پرۆژه‌ی یاسای سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز په‌سند بكرێت

22/12/2014 11:46:00 ص
سه‌عات 12:30ی نیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 22/12/2014 لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی ژماره‌یه‌ك پرسی یاسایی و كاروباری لیژنه‌كه‌،  كۆبۆنه‌وه‌یه‌كیان ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی د. شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆك و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌و ژماره‌یه‌ك ئه‌ندامانی به‌رێوه‌چوو، تێیدا مه‌له‌فی مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وت له‌گه‌لأ تیرۆریستانی داعش، كه‌ له‌ماوه‌ی پێشوو چه‌ند حاڵه‌تێك له‌چه‌ند شوێنێكی جیاوازدا هه‌بووه‌ و له‌لایه‌ن داواكاری گشتییه‌وه‌ دۆسیه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌شی بۆ كراوه‌ته‌وه‌. هه‌ر له‌باره‌ی ئه‌م پرسه‌شه‌وه‌، بریاردرا، به‌مه‌به‌ستی ئاگاداربوون له‌چۆنییه‌تی به‌رێوه‌چوونی لێكۆڵینه‌وه‌كان ئاشكراكردنی راستییه‌كان ده‌رباره‌ی ئه‌و مه‌له‌فه‌ لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ل لیژنه‌ی باڵای به‌دواداچوونی مه‌له‌فی مامه‌ڵه‌كردنی نه‌وت له‌گه‌لأ تیرۆریستانی داعش كۆببێته‌وه‌.
له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بیرورا ده‌رباره‌ی پرۆژه‌ی سندوقی داهاته‌كانی نه‌وت و گاز ئاڵوگۆركراو  بریاریشدرا له‌نزیكترین كات له‌م هه‌فته‌یه‌دا، كۆی تێبینی و بوچوونه‌كانی په‌رله‌مانتاران و لیژنه‌كان ده‌رباره‌ی پرۆژه‌كه‌ له‌راپۆرتێكدا پوخت بكرێنه‌وه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان بكرێت بۆ ئه‌نجامدانی رێككارییه‌ یاساییه‌كانی تاوه‌كو هه‌وڵبدرێت له‌م خولی گرێدانه‌ی په‌رله‌مانیدا په‌سندبكرێت.  
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مان چۆنیه‌تی ئه‌نجامدانی كۆبوونه‌وه‌كانی لیژنه‌كه‌و گفتوگۆكردنی پرۆژه‌ یاساكانی په‌یوه‌ندیدار به‌ لیژنه‌كه‌ له‌ماوه‌ی پشووی په‌رله‌مان-یدا، تاوتوێكران.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>