سه‌باره‌ت به‌ شه‌ڕی ئه‌مدواییه‌ى گوێڕ
لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ داواى روونكردنه‌وه‌ى پێویست له‌ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ده‌كات

12/01/2015 01:15:00 م
سه‌عات 10ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 12/1/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى دلێر مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ ‌و به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان بڕیارده‌ری لیژنه‌ ‌و زۆربه‌ى ئه‌ندامانى كۆبۆوه‌،
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، چه‌ندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، له‌وانه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌ كۆنووسی كۆبوونه‌وه‌ى پێشووى لیژنه‌كه‌ ‌و دانانی میكانیزمێك بۆ به‌دواداچوونی زیاترى بڕیارى ژماره‌ 19ى په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ‌و باشتركردنی ره‌وش ‌و گوزه‌رانیان ‌و یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی 70 ‌و 80 ‌و به‌ دامه‌زراوه‌ییكردنی هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان ‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ ‌و لایه‌نی په‌یوه‌ندیداره‌وه‌، به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنی دوای تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ى شه‌ش مانگ به‌سه‌ر ده‌ركردنی بڕیاره‌كه‌ له‌ په‌رله‌مان، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونی زیاترى پرسه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ هێزى پێشمه‌رگه‌ى كوردستان، بڕیاردرا لیژنه‌كه‌ مانگێ جارێك له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ كۆببێته‌وه‌.
 هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا نووسراوێك ئاراسته‌ى وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكرێت ‌و تیایدا داوای روونكردنه‌وه‌ى پێویست سه‌باره‌ت به‌  شه‌ڕى ئه‌مدواییه‌ى گوێڕ ‌و رووداوه‌كانی ته‌للوه‌رد ‌و هۆكاره‌كانی بكرێت.
له‌ به‌شێكی ترى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا تاووتوێی ئه‌و سێ پڕۆژه‌ بڕیاره‌ كرا كه‌ ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كرابوون سه‌باره‌ت به‌ به‌جینۆسایدناساندنی كاره‌ساتی شنگال ‌و بڕیارى پێویستی له‌باره‌وه‌ درا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>