لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ به‌دواداچوون بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی 70 ‌و 80 ده‌كات

26/01/2015 11:15:00 ص
سه‌عات 10ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 26/1/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئارى محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونى جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و زۆربه‌ى  ئه‌ندامانى كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌سه‌ر ناوچه‌ جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان دابه‌شكران به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكاریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش.  
ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ دانانی به‌رنامه‌ی كار بوو بۆ ئه‌و كۆبوونه‌وه‌ چاوه‌ڕوانكراوه‌ى لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ‌و به‌رپرسى هێزه‌كانی 70 ‌و 80ی  پێشمه‌رگه‌، كه‌ بڕیاره‌ سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ ئه‌نجام بدرێت، بۆ به‌دواداچوون ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ى ئه‌و هێزانه‌و ‌و چۆنیه‌تیی هاوكاریكردنی وه‌زاره‌ت له‌لایه‌ن لیژنه‌كه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی خاڵه‌كانی بڕیارى ژماره‌ 19ى په‌رله‌مانی كوردستان تایبه‌ت به‌ رێكخستنه‌وه‌ى هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ‌و باشتركردنی ره‌وش ‌و گوزه‌رانیان ‌و دابینكردنی پێداویستییه‌كانیان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>