له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی پێشمه‌رگه‌
وه‌زیری پێشمه‌رگه‌: "له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی 70‌و 80 ده‌بینن".

26/01/2015 05:57:00 م
به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی 70 ‌و 80، سه‌عات 3ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 26/1/2015 لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و زۆربه‌ی ئه‌ندامانی، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ مسته‌فا سه‌ید قادر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و جه‌عفه‌ر شێخ مسته‌فا فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 70 ‌و فه‌ریق شیروان عه‌بدولڕه‌حمان فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی 80 كۆبۆوه‌.
سه‌ره‌تای كۆبوونه‌وه‌كه‌ كه‌ به‌ ده‌قیقه‌یه‌ك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌، به‌ناوی خۆی ‌و لیژنه‌كه‌وه‌ به‌خێرهاتنی وه‌فدی میوانی كرد ‌و خۆشحاڵیی خۆی به‌ ئاماده‌بوونیان له‌ لیژنه‌كه‌ ده‌ربڕی.
دواتر وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ خۆشحاڵیی خۆی به‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ده‌ربڕی ‌و ئاماده‌یی خۆی وه‌زاره‌ته‌كه‌شی بۆ كۆبوونه‌وه‌ی مانگانه‌ ‌و هه‌ماهه‌نگیی زیاتر له‌ نێوان وه‌زاره‌ت ‌و لیژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی نیشاندا ‌و له‌ وته‌یه‌كدا باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی وه‌زاره‌ت بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی یه‌كه‌كانی 70 ‌و 80 ‌و ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌به‌رده‌م جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ كرد ‌و رایگه‌یاند: "بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ كۆبوونه‌وه‌مان له‌گه‌ڵ فه‌رمانده‌یی هه‌ردوو یه‌كه‌كه‌ كردووه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌ی میكانیزمێكی گونجاو بۆ یه‌كخستنه‌وه‌یان، به‌ڵام به‌هۆی هه‌ندێ به‌ربه‌ست كه‌ هاتوونه‌ته‌ پێش پرۆسه‌كه‌ به‌ سستی به‌ڕێوه‌ ده‌چێت، له‌وانه‌ شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ‌و قه‌یرانی دارایی ‌و نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست بۆ یه‌كخستنه‌وه‌یان ‌و سه‌رله‌نوێ رێكخستنه‌وه‌یان له‌ چه‌ند لیوایه‌كدا".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "وه‌كو بڕیار هه‌موومان له‌گه‌ڵ یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌ داین ‌و هه‌ردوو یه‌كه‌كه‌ش ئاماده‌یی خۆیان ده‌ربڕیوه‌ ‌و ئێمه‌ش سه‌ره‌ڕای ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ باسیشمان كرد ده‌سته‌وه‌ستان نه‌وه‌ستاوین ‌و به‌رده‌وامین له‌ هه‌وڵه‌كانمان بۆ یه‌كخستنه‌وه‌یان ‌و به‌ نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ‌و پلانیشمان بۆ ئه‌مه‌ داناوه‌ ‌و له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا هه‌نگاوی كرده‌یی بۆ جێبه‌جێكردنی پرۆسه‌ی یه‌كخستنه‌وه‌كه‌ ده‌بینن".
پاشان هه‌ریه‌ك له‌ فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كانی 70 ‌و 80 وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ قسه‌كانی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌، ئاماده‌یی خۆیان بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم ‌و په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌ ‌و هه‌وڵه‌كان بۆ به‌ نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌ربڕی.
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ سه‌رۆك ‌و جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵیی خۆیان به‌ ئاماده‌بوونی وه‌زیری پێشمه‌رگه‌ ‌و هه‌ردوو فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌كانی 70 ‌و 80 له‌ لیژنه‌كه‌، سوپاسی وه‌فدی میوانیان كرد بۆ ئه‌و روونكردنه‌وانه‌یان كه‌ به‌لای ئه‌وان جێگه‌ی خۆشحاڵی بوون كه‌ ئیراده‌یه‌كی به‌هێز به‌دی ده‌كه‌ن بۆ جێبه‌جێكردنی بڕیاری یه‌كخستنه‌وه‌ی ئه‌و دوو یه‌كه‌یه‌ ‌و هیوایان خواست كه‌ هه‌نگاوه‌كان بۆ جێبه‌جێكردنی ئه‌و پرۆسه‌یه‌ ‌و به‌نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان خێراتر بكرێن.
پاشان لیژنه‌كه‌ له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان به‌ ده‌زگاكانی راگه‌یاندن راگه‌یاند ‌و وه‌ڵامی چه‌ندین پرسیاری په‌یوه‌ست به‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ ‌و ره‌وشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ ‌و هه‌وڵه‌كانی وه‌زراه‌ت بۆ به‌ نیشتیمانیكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن په‌یامنێره‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌یان كران.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>