كۆنفرانسی چه‌كه‌كان له‌شه‌قامه‌وه‌ بۆ به‌رگری داوای هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 16ی ساڵی 1993 ده‌كات

28/01/2015 10:52:00 ص
له‌ كۆنفرانسی تایبه‌ت به‌ رێكخستنی مۆڵه‌تی چه‌ك له‌هه‌رێم، د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم  ئیمینكی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: ناوه‌رۆك و ئه‌جێندای كۆنفرانسه‌كه‌ ئامانجێكی گرنگ و گه‌وره‌ له‌خۆ ده‌گرێت، ئه‌نجامدانیشی له‌كاتێكدا كه‌ هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌به‌ره‌كانی جه‌نگ سه‌ركه‌وتن له‌دوای سه‌ركه‌وتن تۆمار ده‌كه‌ن و لێره‌شه‌وه‌ هه‌وڵه‌كان بۆ زیاتر به‌مه‌ده‌نیكردنی كۆمه‌ڵگای كوردی و چه‌سپاندنی بنه‌ماكانی دیموكراسییه‌و ئه‌و هه‌ولانه‌ش جێگه‌ی دڵخۆشی و هیوان. 
د.جه‌عفه‌ر ئیمینكی، وتیشی: بۆ بنیاتنانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مۆدێرن و سه‌رخستنی دیموكراسی، پێویستییمان به‌پێداچوونه‌وه‌و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای رێكخستنی مۆڵه‌تی چه‌ك و جێبه‌جێكردنی باشتری یاساكه‌یه‌. هه‌روه‌ك جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان راشیگه‌یاند: په‌رله‌مانی كوردستان ئاماده‌یه‌ هاوكاریی ته‌واوی هه‌نگاوه‌كانی هه‌مواركردنه‌وه‌وپێداچوونه‌وه‌ی یاساكه‌ بكات و تێبینی وپێشنیازه‌كانیش به‌هه‌ند وه‌رده‌گرین و كاری له‌سه‌ر ده‌كه‌ن.
 
كۆنفرانسه‌كه‌ كه‌ سه‌عات 10ی سه‌ر له‌به‌یانی ئه‌مرۆ 28/01/2015،  له‌ژێر ناونیشانی "چه‌كه‌كان له‌شه‌قامه‌وه‌ بۆ به‌رگری " ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردوو له‌لایه‌ن به‌شی راگه‌یاندن و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌هاوكاری گروپی خه‌ڵك رێكخرابوو، له‌ده‌سپێكی كۆنفرانسه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتاران و نوێنه‌رانی وه‌زاره‌تی ناوخۆ و پێشمه‌رگه‌و رێكخراوه‌كانی كۆمه‌ڵگای مه‌ده‌نی به‌رێوه‌چوو، وته‌ی كردنه‌وه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌ له‌لایه‌ن راوێژكار تاریق جه‌وهه‌ر  به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشكه‌شكراو ناوبراو رایگه‌یاند: مه‌به‌ست له‌سازدانی ئه‌م كۆنفرانسه‌ سنوورداركردن ونه‌هێشتنی دیارده‌ی ناشارستانی هه‌ڵگرتنی چه‌ك به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای رێكخستنی مۆڵه‌تی چه‌كه‌ به‌تایبه‌تی.
به‌رێوه‌به‌ری راگه‌یاندنی په‌رله‌مان وتیشی: یاسای ژماره‌ 16ی ساڵی 1993 یاسای رێكخستنی مۆڵه‌تی چه‌ك، له‌قۆناغ و كاتێكی جیاوازدا ده‌رچووه‌ و بۆیه‌ پێویسته‌ به‌پێی خوێندنه‌وه‌ی واقیعی ئێستاو به‌رجه‌سته‌كردنی بنه‌ماكانی كۆمه‌ڵگه‌یه‌كی مه‌ده‌نی ده‌بێت یاساكه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌و كۆمه‌ڵگه‌ی كوردی له‌و دیارده‌ ناشیرینه‌ دابماڵدرێت.
 
پاشان له‌لایه‌ن محمد گۆمه‌شینی  نوێنه‌ری گروپی خه‌می خه‌ڵك، سوپاسی په‌رله‌مانی كرد بۆ سازدانی ئه‌و كۆنفرانسه‌و له‌باره‌ی مه‌ترسییه‌كانیشه‌وه‌ رایگه‌یاند: به‌هۆی سانایی به‌ده‌ستهێنانی مۆڵه‌تی چه‌كهه‌ڵگرتنه‌وه‌، رێژه‌ی تاوان رۆژ به‌رۆژ روو له‌زیادبوون ده‌كات، بۆیه‌ پێویسته‌ ئه‌و یاسایه‌ هه‌موار بكرێته‌وه‌و سنووردار بكرێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا، له‌رێگه‌ی داتاشۆوه‌، ژماره‌یه‌ك زانیاری و ئامار ده‌رباره‌ی دیارده‌ی چه‌ك هه‌ڵگرتن بۆ ئاماده‌بووان خرایه‌روو. هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی خستنه‌رووی زانیارییه‌كانیشدا، ئه‌وه‌ش روونكرایه‌وه‌، هۆكاری سه‌ره‌كی زیادبوونی دیارده‌ی چه‌كهه‌ڵگرتن ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ سانایی ده‌سكه‌وتنی چه‌ك و ناكارایی یاسایی رێكخستنی مۆڵه‌تی چه‌ك و كاریگه‌ری
پرۆگرام و به‌رنامه‌ی تیڤیی ئۆنلاینه‌كان.
 
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی كۆنفرانسه‌كه‌دا، نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی ناوخۆ ئه‌وه‌ی روونكرده‌وه‌، كه‌ له‌ 20/01/2015ه‌وه‌ بریاری راگرتنی پێدانی مۆڵه‌تی چه‌ك ده‌رچووه‌ بۆ ماوه‌ی 60 رۆژ، راگرتنی مۆڵه‌ته‌كه‌ش بۆ رێكخستنه‌وه‌ی میكانیزمه‌كانی پێدان و مه‌رجه‌كانیه‌تی.
دواتر، به‌شداربووانی كۆنفرانسه‌كه‌ به‌رده‌وام بوون له‌خستنه‌رووی تێبینی و پێشنیازو ئاماری تاوانه‌كان، كه‌ به‌هۆی دیارده‌ی هه‌ڵگرتنی چه‌كه‌وه‌ روویانداوه‌و خسته‌روو.
جێی ئاماژه‌یه‌، كۆنفرانسی چه‌كه‌كان له‌شه‌قامه‌وه‌ بۆ به‌رگری سه‌نگه‌ره‌كان له‌لایه‌ن به‌شی راگه‌یاندن و سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان به‌هاوكاری گروپی خه‌ڵك رێكخراوه‌و مه‌به‌ست له‌كۆنفرانسه‌كه‌ رێكخستنه‌وه‌ی مۆڵه‌تی چه‌ك و هه‌مواركردنه‌وه‌ی یاسای ژماره‌ 16ی ساڵی 1993 . كۆنفرانسه‌كه‌ش له‌ته‌لاری یه‌كێتی په‌رله‌مانتارانی كوردستان له‌شاری هه‌ولێر به‌رێوه‌ده‌چێت.
  
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ