له‌یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌ی لیژنه‌ی نه‌وت په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران جه‌خت له‌سه‌ر پره‌نسیپی شه‌فافیه‌ت و به‌ده‌ستخستنی زانیاری كرایه‌وه‌

09/02/2015 01:08:00 م
سه‌عات 10:30ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 09/02/2015 لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرسی نه‌وت له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم، له‌گه‌لأ لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و جێگرو ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆك و جێگرو ژماره‌یه‌ك له‌ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌رێوه‌چوو، تێیدا ژماره‌یه‌ك مه‌له‌فی په‌یوه‌ندیدار به‌كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرسی نه‌وت له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم له‌نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ تاوتوێكران.
ئارێز عبدالله: هه‌وڵی ئێمه‌ بۆ دۆزینه‌وه‌و پێشنیازكردنی رێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانه‌
له‌ده‌سپێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، له‌لایه‌ن ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق ئامانجی دانیشتنه‌كه‌و سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرایه‌وه‌و  رایگه‌یاند: سه‌ردانی ئێمه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ی كاری لیژنه‌كه‌مانه‌ بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ناوچه‌ نه‌وتییه‌كان به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و له‌نزیكه‌وه‌ گوێگرتنه‌ له‌بۆچوونی حكومه‌ت و په‌رله‌مانی هه‌رێم به‌تایبه‌تی، روونیشركده‌وه‌ هه‌ر له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا دوێنی لیژنه‌كه‌مان له‌گه‌لأ سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و وه‌زیری نه‌وتی هه‌رێم به‌جیا كۆبووینه‌ته‌وه‌و كه‌ بۆته‌ هۆی روونكردنه‌وه‌ی گه‌لێك پرسیارو بابه‌ت بۆ ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، راشیگه‌یاند: كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆمان یه‌كه‌مین كۆبوونه‌وه‌یه‌ كه‌ له‌نێوان هه‌ردوو لیژنه‌ی نه‌وتی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران و په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت و هه‌روه‌ها یه‌كه‌مین سه‌ردانی مه‌یدانی لیژنه‌كه‌مانه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان، بۆیه‌ش لێره‌وه‌ ده‌ستمان پێكرد، چونكه‌ كۆمه‌ڵێك كێشه‌ی چاره‌سه‌ر نه‌كراو له‌نێوان حكومه‌ت فیدراڵ و هه‌رێم-دا بوونی هه‌یه‌و هه‌وڵی ئێمه‌ش بۆ دۆزینه‌وه‌و پێشنیازكردنی رێگه‌چاره‌ی كێشه‌كانه‌، به‌و هیوایان ئه‌م كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌مرۆ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو لابێت بۆ گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێكی ئه‌رێنی.
دواتر جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق به‌شداربووی كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌هه‌مانشێوه‌ رایانگه‌یاند: وه‌كو هه‌ردوو لیژنه‌كه‌، ئێمه‌ ئه‌ركێكی گه‌وره‌و گرنگه‌مان له‌به‌رده‌مه‌ بۆ كاركردن له‌سه‌ر چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كان و بۆ ئه‌و هه‌نگاوه‌ش پێویسته‌ ئه‌وه‌ له‌به‌رچاو بگیرێت، كه‌ ده‌بێت هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ وه‌كو لایه‌نێكی سه‌ربه‌خۆو تایبه‌تمه‌ند له‌بواره‌كه‌ كار بكات نه‌ك به‌لایه‌نی سیاسییه‌كه‌ی.
 ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌وه‌شییان روونكرده‌وه‌، كه‌ بۆ گه‌یشتن به‌راستی و دروستی كێشه‌كان، به‌ر له‌هه‌موو شتێك پێویستییان به‌ هه‌بوونی داتاو زانیاری ووردو دروسته‌ له‌باره‌ی برو به‌رهه‌م و رێژه‌ی فرۆشی نه‌وته‌و ئه‌مه‌ش پێویستی به‌هه‌ماهه‌نگی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ هه‌یه‌ بۆ گه‌یشتن به‌و راستییانه‌. هه‌روه‌ك   ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، كه‌ به‌رده‌وام تۆمه‌تباركردنی ناره‌وا هه‌یه‌ له‌یه‌كتری، ئه‌وه‌ی كه‌ نییه‌ دیاریكردنی ئه‌سڵی كێشه‌كه‌یه‌.
ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، ئه‌وه‌شییان روونكرده‌وه‌، كه‌ جێگه‌ی خۆشحاڵییه‌ ئه‌ندامانی هاتووی وه‌فده‌كه‌ نسابی یاسایی ته‌واو كردوووه‌و ئه‌مه‌ش یارمه‌تیده‌رێكی باش ده‌بێت بۆ بریاردان و هه‌روه‌ك ئه‌وه‌شییان خسته‌روو، كه‌ ئاماژه‌ دڵخۆشكه‌رمان له‌لایه‌ن حكومه‌تی هه‌رێمه‌وه‌ بینی، به‌وه‌ی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم له‌به‌رده‌م لیژنه‌كه‌ داوای له‌ وه‌زیری نه‌وتی هه‌رێم كردووه‌، هه‌ر زانیارییه‌ك له‌به‌رده‌ستی وه‌زاره‌ته‌كه‌ هه‌بێت ده‌رباره‌ی نه‌وتی هه‌رێم بیداته‌ لیژنه‌كه‌و ئه‌مه‌ش خۆی له‌خۆیدا نیشانه‌ی نیاز پاكی و گه‌یشتنه‌ رێككه‌وتنێكه‌.
هه‌ر له‌درێژه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیشیاندا، ئه‌ندامانی وه‌فده‌كه‌ی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، جه‌ختییان له‌سه‌ر پره‌نسیپی شه‌فافییه‌ت له‌پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كرده‌وه‌و ئاماژه‌یان به‌وه‌شدا، كه‌ عیراق ئه‌ندامی رێكخراوی جیهانی شه‌فافییه‌ته‌و ده‌بێت پابه‌ندی ته‌واو له‌و رووه‌وه‌ نیشان بدرێت. 
د. شێركۆ جه‌وده‌ت: لیژنه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم به‌شداربێت  له‌ دارشتنی پرۆژه‌كانی  په‌یوه‌ست به‌نه‌وت 
له‌به‌رامبه‌ریشدا، د. شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی ووزه‌ی په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: ئه‌م دیداره‌ دڵنییاییمان پێده‌به‌خشێت بۆ كاركردنی جددی له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ی رێگه‌چاره‌كان بۆ كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوان هه‌ردوو حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم، دیاره‌ هه‌بوونی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان ئه‌و دوو لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌نده‌ له‌سه‌رتای ده‌ست به‌كاربوونیشمانه‌وه‌ له‌په‌رله‌مان كاری بۆ كراوه‌و خۆشبه‌ختانه‌ سه‌ره‌تای هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو لا به‌ئه‌نجام گه‌یشتن.
سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی ووزه‌ی په‌رله‌مان، راشیگه‌یاند: لێره‌وه‌ دڵنیاتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ هه‌م لیژنه‌كه‌مان له‌په‌رله‌مان هه‌میش حكومه‌تی هه‌رێم، پێكه‌وه‌ به‌جددی كار له‌سه‌ر پره‌نسیپی شه‌فافییه‌ت ده‌كه‌ین و بۆ زانیاری، لیژنه‌كه‌مان ژماره‌یه‌ك كۆبوونه‌وه‌و به‌دواداچوونی بۆ پرۆسه‌ی ده‌رهێنان و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت كردووه‌و ژماره‌یه‌ك داتاو زانیاری گرنگیشمان كۆكردۆته‌وه‌، بۆ هه‌مان مه‌بستیش چه‌ند جارێك له‌گه‌لأ ئه‌نجومه‌نی باڵای نه‌وت و گازی هه‌رێم كۆبووینه‌ته‌وه‌و بانگێشتی په‌رله‌مانیش كراوان بۆ پێدانی روونكردنه‌وه‌ به‌په‌رله‌مانتاران.
هه‌روه‌ك  سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی ووزه‌ی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌شی بۆ وه‌فدی میوان روونكرده‌وه‌، كه‌ په‌رله‌مانی كوردستان كار له‌سه‌ر ژماره‌یه‌ك پرۆژه‌ یاسا ده‌كات بۆ ئه‌وه‌ی پره‌نسیپه‌كانی شه‌فافییه‌ت له‌هه‌رێم به‌هێزتر بكات، له‌وانه‌ یاسای سندوقی داهاته‌ نه‌وتییه‌كان، كه‌ ووردبینی و چاودێری له‌داهاته‌ به‌ده‌ستهاتووه‌كان و خه‌رجییه‌كانی ده‌كات.
هه‌روه‌ها، سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی ووزه‌ی په‌رله‌مان، داواشی له‌ لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق كرد، كه‌ میكانیزمێك بدۆزنه‌وه‌ بۆ به‌رده‌وامیدان به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولاو به‌شداری به‌ لیژنه‌ی نه‌وت و گازی هه‌رێم بكه‌ن له‌كاتی دارشتن و دانانی پرۆژه‌ گرنكه‌كانی په‌یوه‌ست به‌نه‌وت و داهاته‌كانه‌وه‌و هه‌روه‌ك پێشنیازی ئه‌وه‌شی خسته‌روو، كه‌ ده‌توانرێت راسته‌وخۆ له‌رێگه‌ی ڤیدیۆ كۆنفرانس كۆبوونه‌وه‌ی نێوان هه‌ردوولا ئه‌نجامبدرێن.
دواتر جێگری سه‌رۆك و ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، كۆمه‌ڵێك پێشنیازو تێبینی خۆیان هه‌م ده‌رباره‌ی روونكردنه‌وه‌كانی پێشووی ئه‌ندامانی لیژنه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق و هه‌میش ده‌رباره‌ی مه‌له‌فی نه‌وت له‌هه‌رێم و به‌غدا بۆ ئاماده‌بووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خسته‌روو.
له‌روونكردنه‌وه‌كانیاندا، په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، رایانگه‌یاند: جه‌خت له‌سه‌ر كاری هاوبه‌ش و دۆزینه‌وه‌ی چاره‌سه‌ر بۆ كێشه‌كان ده‌كه‌ینه‌وه‌و دڵنیاشتان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ له‌گه‌لأ پره‌نسیپه‌كانی شه‌فافییه‌ت داین. هه‌روه‌ك پێشنیازی ئه‌وه‌شییان كرد، كه‌ وه‌كو لایه‌نی سێیه‌م لیژنه‌یه‌كی بچووكراوه‌ نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ پێكبێت بۆ چاودێریكردنی پرۆسه‌ی جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێككه‌وتن و لێكتێگه‌یشتنه‌ی دواییه‌ی نێوان هه‌رێم و به‌غدا.
هه‌روه‌ها، په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌شییان خسته‌روون كه‌ به‌شێك له‌چاره‌سه‌رییه‌كان، ده‌گه‌رێته‌وه‌ بۆ لایه‌نی یاسادانان و بۆیه‌ پێویسته‌ هه‌وڵبدرێت له‌ئاینده‌یه‌كی نزیكدا یاسای نه‌وت و گاز له‌په‌رله‌مانی عیراق په‌سه‌ند بكرێت.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی روونكردنه‌وه‌كانیاندا، ده‌رباره‌ی بری به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی هه‌رێم، په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌یان بۆ وه‌فدی میوان روونكرده‌وه‌ن كه‌ هه‌رێمی كوردستان ، سه‌ره‌رای هه‌نارده‌كردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ بۆ سه‌ر حسابی عیراق، پێویستی به‌رێژه‌یه‌كی زۆرتری نه‌وته‌ بۆ به‌كارهێنانی ناوخۆیی و دانه‌وه‌ی قه‌رزی پارساڵ.
پاشان ئه‌ندامانی لیژنه‌ی نه‌وت و گازی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، راوی سه‌ره‌نجی خۆیان ده‌رباره‌ی روونكردنه‌وه‌كان ده‌ربری و به‌و شێوه‌یه‌ گفتوگۆكان به‌رده‌وامبوون و له‌كۆتایشدا، بۆ گه‌یشتنه‌ ئه‌نجامێك بۆ دیاریكردنی چۆنیه‌تی به‌رده‌وامیدان به‌كاری نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌، رێككه‌وتن له‌سه‌ر گه‌ڵاڵه‌كردنی یاداشتێكی چوار خاڵی، كه‌تێیدا هاتووه‌، هه‌ردوو لایه‌نی كۆبوونه‌وه‌كه‌ هاوئاهه‌نگ ده‌بن له‌دارشتن و ئاماده‌كردنی پرۆژه‌ یاسا گرنگ و هاوبه‌شه‌كان و هه‌روه‌ها چاودێری چۆنیه‌تی جێبه‌جێبوونی رێككه‌وتنه‌كه‌ی ئه‌مدواییه‌ی نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم  و پێكه‌وه‌ به‌شدارده‌بن له‌خوله‌كانی به‌هێزكردن و تایبه‌تمه‌ند به‌پسپۆری نه‌وت و ووزه‌و دوا خاڵیش رێكخستنی كۆبوونه‌وه‌كان بوو. 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>