هه‌ردوو لیژنه‌ی پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مان ‌و نه‌وت ‌و وزه‌ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتنیان ئیمزاكرد

09/02/2015 01:11:00 م
دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ی سه‌رله‌به‌یانی ئه‌مرۆ 9-2-2015 له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیی هاوبه‌شدا هه‌ردوو لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ‌و لیژنه‌ی نه‌وت ‌و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، له‌ به‌رده‌م ده‌زگاكانی راگه‌یاندن ده‌رئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌یان خسته‌ روو.
سه‌ره‌تا ئارێز عه‌بدوڵا سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت ‌و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق له‌ وته‌یه‌كی كورتدا وێڕی ده‌ربڕینی سوپاسگوزاریی خۆی ‌و لیژنه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان ‌و لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌یان، مه‌به‌ستى سه‌ردانه‌كه‌یانى بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌ ‌و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ كه‌ له‌ به‌غداوه‌ هاتووین ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك بووه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵه‌كانم له‌لیژنه‌كه‌ ‌و سه‌ره‌تا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆبووینه‌وه‌ ‌و دواتریش له‌گه‌ڵ ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان ‌و په‌رله‌مانی كوردستان به‌ جیا كۆبووینه‌وه‌ ‌و دواتر له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كۆبووینه‌وه‌، كۆبوونه‌وه‌كه‌مان زۆرباش بوو ‌و لێكتێگه‌یشتنێكی زۆرباش هه‌یه‌، ئه‌گه‌ر نه‌ڵێم بۆچوونه‌كانمان هه‌مووی یه‌كبوون زۆر زۆر له‌یه‌ك نزیكبوو، ئه‌و له‌یه‌ك نزیكبوونه‌وه‌ش وا ده‌كات هه‌موو لایه‌كمان هه‌وڵده‌ین به‌ یه‌كه‌وه‌ به‌ یه‌ك گیان كێشه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانمان چاره‌سه‌ر بكه‌ین.
هه‌ر له‌ وته‌كه‌یدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت ‌و وه‌زه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران رایگه‌یاند: "به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئه‌و لێكتێگه‌یشتنه‌ى كه‌ ئه‌مڕۆ ئیمزا كراوه‌ هانده‌رێك ده‌بێت بۆ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان ‌و په‌رله‌مانی عیراق ، هانده‌رێك ده‌بێت بۆ زیاتر له‌ یه‌كتر نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌ عیراقییه‌كان ‌و لایه‌نه‌كانی هه‌رێمی كوردستان.
دواتر د.عه‌لی مه‌عارج جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی نه‌وت ‌و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عیراق، وته‌یه‌كی پێشكه‌شكرد ‌و تیایدا تیشكی خسته‌سه‌ر هه‌وڵه‌كانی لیژنه‌كه‌یان به‌پێی ئه‌و ده‌سه‌ڵاتانه‌ی كه‌پێی دراوه‌ ‌و رایگه‌یاند: لیژنه‌كه‌مان له‌ ماوه‌ی رابردوودا چه‌ندین كارو چالاكیی ئه‌نجام داوه‌، له‌وانه‌ میوانداریكردنی  وه‌زیرى نه‌وت له‌ حكومه‌تی ئیتیحادی، هه‌نگاوی دواتر پێویست ده‌كات میوانداریی به‌رپرسانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ به‌غدا بكرێت، به‌ڵام له‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌ك كه‌ پێموایه‌ ده‌ستپێشخه‌رییه‌كی تازه‌یه‌ له‌ لیژنه‌ی نه‌وت ‌و وزه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران، ئێمه‌ هه‌ڵساین به‌ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان ‌و له‌ ماوه‌ی ئه‌و دوو رۆژه‌دا دوێنێ ‌و ئه‌مڕۆ، له‌ رۆژی یه‌كه‌مدا چاومان كه‌وت به‌ وه‌زیرى سامانه‌ سروشتییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ‌و دواتر چاومان كه‌وت به‌ به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانی سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و ئه‌و پرسانه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا كه‌ به‌ هه‌ڵواسراوی ماونه‌ته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌ پیشه‌سازیی نه‌وت، كه‌ راسته‌وخۆ په‌یوه‌ندیی به‌ به‌رهه‌مهێنان ‌و به‌كاربردن ‌و هه‌نارده‌كردنی نه‌وت له‌ هه‌رێم هه‌یه‌.
له‌ درێژه‌ی وته‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌و هه‌نگاوه‌ پێویستانه‌ كرد كه‌ بۆ په‌ره‌پێدانی رێككه‌وتنی ئه‌مدواییه‌ی نێوان حكومه‌تی ئیتیحادی ‌و حكومه‌تی هه‌رێم نراون ‌و رایگه‌یاند: "ئه‌مڕۆ كۆبوونه‌وه‌ى نێوان لیژنه‌كه‌مان ‌و لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌نجام درا بۆ وتووێژكردنی خاڵه‌ هه‌ڵواسراوه‌كانی نێوان هه‌ردوولا ‌و گه‌یشتنه‌ ئاماده‌كردنی یاداشتێكی لێكتێگه‌یشتن ‌و هه‌ماهه‌نگی له‌ نێوان هه‌ردوولا، ئه‌و یاداشته‌ به‌ پله‌ی یه‌كه‌م هه‌ڵده‌ستێ به‌ سه‌رپه‌رشتیكردن ‌و چاودێریكیردنی پێشهاته‌كان ‌و جێبه‌جێكردنی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌كانی نێوان هه‌ردوولا.     
پاشان له‌لایه‌ن د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ى پیشه‌سازى ‌و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، ده‌قی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ی نێوان هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ كه‌ ئه‌و خاڵانه‌ی له‌ خۆگرتبوو:
یه‌كه‌م: به‌ ئاگابوون ‌و سه‌رپه‌رشتیكردن ‌و به‌دواداچوونی ئه‌و به‌ره‌وپێشچوونانه‌ی له‌ رێككه‌وتنی نێوان حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ‌و حكومه‌تی ئیتیحادیی عیراق ئه‌نجام به‌دی ده‌كرێت له‌ بواری نه‌وت ‌و گازدا بۆئه‌وه‌ى كاری پێبكرێت ‌و ئه‌و به‌ربه‌ستانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌می چاره‌سه‌ر بكرێن.
دووه‌م: ئاماده‌كاری ‌و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌ش له‌ پێناوی به‌دیهێنانی یاسای نه‌وت ‌و گازی عیراق ‌و هه‌ر یاسایه‌كی تر له‌ بواری وزه‌ یان هه‌ر بوارێ كه‌ په‌یوه‌ندیدار بێت به‌م كه‌رته‌.
سێیه‌م: پێكه‌وه‌ كاركردن بۆ به‌رنامه‌ی به‌ره‌وپێشچوون ‌و تواناسازی بۆ هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ له‌ رێی ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن بۆ سازكردنی ئه‌و پڕۆژه‌ی په‌ره‌پێدانانه‌.
چواره‌م: سازكردنی كۆبوونه‌وه‌ی هاوبه‌ش ‌و لێكتێگه‌یشتن ‌و پێكه‌وه‌ كاركردن ‌و میوانداریی پێكه‌وه‌ له‌ نێوان ئه‌و دوو لیژنه‌یه‌ تایبه‌ت به‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندیدارن به‌و بواره‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆنگره‌كه‌دا ده‌قی یاداشتی لێكتێگه‌یشتنه‌كه‌ به‌ زمانی عه‌ره‌بیش خوێندرایه‌وه‌، دواتر له‌لایه‌ن سه‌رۆك ‌و جێگر ‌و ئه‌ندامانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ی پێویست سه‌باره‌ت به‌ ئه‌نجامی كۆبوونه‌وه‌كه‌ خرایه‌ روو ‌و له‌لایه‌ن ده‌زگاكانی راگه‌یاندنیشه‌وه‌ كه‌ ئاماده‌ی كۆنگره‌ رۆژنامه‌ونییه‌كه‌ بوون چه‌ندین پرسیاری په‌یوه‌ست به‌ كه‌رتی نه‌وت ‌و بودجه‌ ‌و رێككه‌وتنی نێوان هه‌ولێر ‌و به‌غدا ئاراسته‌ی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ كران ‌و ئه‌وانیش وه‌ڵامی پێویستییان دایه‌وه‌.    

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>