لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی به‌ دواداچوون بۆ ماف ‌و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسی ده‌كات

10/02/2015 11:18:00 ص
سه‌عات 10:30ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 10/2/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، چه‌ندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، له‌وانه‌ دانانی میكانیزمێكی گونجاوتر بۆ گه‌یاندنی پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكاریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش ‌و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ ‌و به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی برینداره‌كان ‌و له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ ته‌ندروستییان ‌و ره‌وش ‌و گوزه‌رانیان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا لیژنه‌كه‌ سه‌ردانێكی مه‌یدانی بۆ به‌سه‌ركردنه‌وه‌ی سه‌رجه‌م ئه‌و هێز ‌و لایه‌نانه‌ی كه‌ له‌به‌ره‌كانی شه‌ڕدان له‌ دژی داعش ئه‌نجام بدات، به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ بارودۆخیان له‌ سه‌رجه‌م بواره‌كاندا، هه‌روه‌ها لیژنه‌ بڕیاریدا به‌ دواداچوونی زیاتر بۆ كه‌یسی به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی داعش له‌ شنگال بكات.
لیژنه‌ بڕیاریشیدا به‌ دواداچوون بۆ ماف ‌و ئیمتیازاتی زیندانیانی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان بكات ‌و له‌گه‌ڵ حكومه‌تی ئیتیحادی به‌راوردی بكات به‌ مه‌به‌ستی هاوتاكردنی، لیژنه‌یه‌كی دوو كه‌سیش له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ى كاروباری پێشمه‌رگه‌ پێكهێنرا بۆ سه‌ردانیكردنی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ به‌ دواداچوونی ره‌وشی میحوه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>