لیژنەی كاروباری پێشمەرگە وشەهیدان لە گەڵ لیژنەی شەهیدان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق كۆدەبێتەوە

19/02/2015 01:46:00 م
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19-2-2015 لیژنەی كاروباری پێشمەرگە وشەهیدان وقوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان كۆبوونەوەیەك لە گەڵ لیژنەی شەهیدان وزیندانییانی سیاسی وقوربانییان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق ئەنجامدا.
 لە كۆبوونەوەیەكەدا، كە لە تەلاری پەرلەمان كوردستان بەرێوەچوو، هەردوولا جەختیان لە سەر زیاتر هەماهەنگی و پتەوكردنی پەیوەندییەكان لە نێوانیاندا كرد، بە مەبەستی زیاتر خزمەتكردنی خێزانەكانی شەهیدان وقوربانییان و زیندانیانی سیاسی لە عیراق بەگشتی بكرێت، هەروەها نزیككردنەوەی تێروانینەكان بۆ دارێشتنەوەی پرۆژە یاسا وبریارەكان كە لە ئاست قوربانی و ماندوبوونی ئەم خێزانانەدا بن.
لە كۆبوونەوەكەدا بەهار عەبدوررەحمان بڕیاردەری لیژنەی كاروباری پێشمەرگە وشەهیدان وقوربانیانی جینۆساید لە پەرلەمانی كوردستان داوا لە لیژنەكەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراقی كرد كە هەوڵەكانی پێداچوونەوە بە یاسا و بریارانەدا كە پەیوەستن بە شەهیدان وقوربانیانی جینۆساید چڕ بكەنەوە، لەپێناو گەیشتن بە چوارچێوەی كارى هاوبەش لە دارشتنی ئەو پرۆژانە بە تایبەت ناوهێنانی هەرێمی كوردستان لەو یاسایانەدا، ولە برامبەردا لیژنەكەیان لە پەرلەمانی كوردستان یاسا و بریارەكان بە شێوەیەك دابرێژتەوە كە لە گەڵ یاسا وبریارەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بگونجێن.
لە كوتاییدا هەردوو لا هاوڕابوون لە سەر هەماهەنگی زیاتر  لە پێناو ئەنجامدانی ئەم ئەركە كە بە هەردوولا سپێردراوە.
    


رۆژمێرى رووداوه‌كان

>