پێشنیاز ده‌كرێت لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ سه‌ردانی به‌نده‌ری جه‌یهان بكات و له‌گه‌ل كۆمپانیای سۆمۆش كۆبێته‌وه‌

23/02/2015 06:12:00 م
سه‌عات 02:00ی پاشنیوه‌رۆی ئه‌مرۆ 09/02/2015 لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌مه‌به‌ستی تاوتوێكردنی كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرسی نه‌وت له‌نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و فیدراڵ و خستنه‌رووی چه‌ند پرۆژه‌ یاسایه‌ك و به‌رنامه‌ی كاری لیژنه‌كه‌، كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌رێوه‌چوو، تێیدا ژماره‌یه‌ك مه‌له‌فی په‌یوه‌ندیدار به‌كێشه‌كانی په‌یوه‌ست به‌پرسی نه‌وت له‌نێوان حكومه‌تی فیدراڵ و هه‌رێم تاوتوێكران، به‌تایبه‌تی رێككه‌وتنامه‌كه‌ی نێوان هه‌ولێر-به‌غدا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، تیشكخرایه‌سه‌ر چۆنیه‌تی چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانی دارایی و دابینكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێم، له‌وباره‌یه‌شه‌وه‌ بریاردرا، لیژنه‌ی ناوبراو له‌گه‌لأ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆ بكات، تاوه‌كو داوا له‌حكومه‌تی هه‌رێم بكرێت، له‌رێگه‌ی میكانیزمێكی دیاریكراوه‌و لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مان ئاگاداری راسته‌وخۆی دانووستانه‌كان و دارشتنی سیاسه‌ی نه‌وتی هه‌رێم بێت، جگه‌ له‌وه‌ش پێویسته‌ حكومه‌تی هه‌رێم روونكردنه‌وه‌ی پێویست بداته‌ لیژنه‌كه‌یان سه‌باره‌ت به‌چۆنیه‌تی دابینكردنی مووچه‌و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێم له‌مانگه‌كانی داهاتوودا.
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی گفتوگۆكانی تایبه‌ت به‌مه‌له‌فی نه‌وت، په‌رله‌مانتارانی لیژنه‌كه‌، پێشنیازیانكرد، له‌رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانه‌وه‌، چه‌ند سه‌ردانێكی مه‌یدانی ئه‌نجامبده‌ن، له‌وانه‌: سه‌ردانیكردنی به‌نده‌ری جه‌یهان له‌توركیاو كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌لأ كۆمپانیای سۆمۆ، ئه‌مه‌ش به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی زانیاری و داتای پێویست ده‌رباره‌ی پرۆسه‌كه‌.
 هه‌روه‌ها، له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، پێشنیازكرا، ژوورێكی عه‌مه‌لیاتی تایبه‌ت به‌ئاڵوگۆری زانیاری له‌نێوان لیژنه‌ی پیشه‌سازی و ووزه‌ی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نی نه‌وتی هه‌رێم یاخود وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان دروستبكرێـت، تاوه‌كو له‌رێگه‌ی ئه‌و ژووره‌وه‌ په‌رله‌مانتاران هه‌ر زانیارییه‌كیان بوێت به‌ده‌ستیخه‌ن.
له‌به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ تایبه‌تبوو به‌تاوتوێكردنی دوو پرۆژه‌ یاسا، یه‌كه‌مییان بریتیبوو له‌ئاماده‌كردنی راپۆرتی لیژنه‌ سه‌باره‌ت به‌مادده‌ وبرگه‌كانی پرۆژه‌ یاسای وه‌به‌رهێنان، بریاردرا، ژماره‌یه‌ك كۆنفرانس و لێكۆلێنه‌وه‌ی بۆ بكرێت، پاشان راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكه‌ن. سه‌باره‌ت به‌پرۆژه‌ی سندوقی داهاته‌كانیش له‌لایه‌ن د. شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌وه‌، ئه‌وه‌ بۆ ئه‌ندامان روونكرایه‌وه‌، كه‌ راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌كه‌یان ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان كراوه‌و ئێستا چاوه‌روانی به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مانن، تاوه‌كو له‌یه‌كێك له‌دانیشتنه‌كان گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت و له‌پێشینه‌و ئه‌وله‌ویاتی پرۆژه‌كانیشه‌ بۆ گفتوگۆ.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>