سكرتێری په‌رله‌مان:پرۆژه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆ له‌سه‌رو 80% كاره‌كانی ته‌واوبووه‌
سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی رێكده‌خات

02/03/2015 12:13:00 م
سه‌عات 10ى سه‌رله‌به‌یانى ئه‌مڕۆ 02/03/2105 ، به‌ئاماده‌بوونی فه‌خره‌ددین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌، سیمینارێكی تایبه‌ت به‌ په‌یره‌وی ناوخۆی  په‌رله‌مان بۆ جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتاری سوید به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆن وكوتله‌كان و راوێژكارانی په‌رله‌مان رێكخست.
له‌ده‌سپێكی سیمیناره‌كه‌دا، د.بورهان یاسین به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، وته‌یه‌كی كورتی ده‌رباره‌ی ئامانجی رێكخستنی سیمیناره‌كه‌ پێشكه‌شكردو رایگه‌یاند: سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان هه‌وڵده‌دات ببێته‌ سه‌رچاوه‌ی زانیاری و شیكاری داتاكان بۆ په‌رله‌مانتاران به‌مه‌به‌ستی پێشكه‌شكردنی لێكۆڵینه‌وه‌و توێژینه‌وه‌ بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی  پرۆژه‌ یاسا و بریاره‌كان و پێشخستنی رۆڵی په‌رله‌مان.
 به‌رێوه‌به‌ری سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، كه‌ رێكخستنی سیمیناری ئه‌مرۆ بۆ كوردێكی په‌رله‌مانتار له‌ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ش له‌و روانگه‌یه‌وه‌یه‌ كه‌ پێویسته‌ ده‌سه‌ڵاتی كوردی وه‌كو سه‌روه‌تێكی نیشتیمانی له‌ره‌وه‌ندی كوردی له‌ده‌ره‌وی ولات بروانێت و كار بكات بۆ دۆزینه‌وه‌و كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌و كادیره‌ نادیارانه‌ی ئه‌وێ، كه‌ توانا و لێهاتوویه‌كی باشییان به‌ده‌ستهێناوه‌.
 دواتر،  فه‌خره‌ددین قادر، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌وته‌یه‌كدا سوپاسی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كرد بۆ رێكخستنی سیمیناره‌كه‌و هیواشی خواست كه‌ به‌رێوه‌به‌ری نوێی سه‌نته‌ره‌كه‌ بتوانێت رۆڵی سه‌نته‌ره‌كه‌ له‌هاوكارییكردنی په‌رله‌مان زیاتر پێشبخات. راشیگه‌یاند: له‌خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مانیدا چه‌ند جارێك هه‌مواری په‌یره‌وی ناوخۆی ئێستای په‌رله‌مان كراوه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌مجاره‌ هه‌وڵی بۆ ده‌درێت بۆ سه‌ر له‌نوێ هه‌مواركردنه‌وه‌ی په‌یره‌وه‌كه‌ ته‌واو جیاوازه‌و خۆی ته‌نها له‌هه‌مواركردنه‌وه‌ی چه‌ند مادده‌یه‌ك سنووردار ناكاته‌وه‌، به‌ڵكو هه‌وڵده‌دات به‌شێوه‌یه‌كی گشتی و بنه‌ره‌تیش گۆرانكاری گه‌وره‌ له‌ناوه‌رۆك و سیستمی په‌یره‌وه‌كه‌ بكرێت.
 
هه‌ر له‌چوارچێوه‌ی وته‌كه‌شیدا، سكرتێری په‌رله‌مان، سوپاسی لیژنه‌ی كاتی پێداچوونه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان كردو هیواشی خواست له‌پاڵ  كه‌ڵك وه‌رگرتن له‌ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو، سوود له‌ ئه‌زموونی نێوخۆی هه‌رێمیش وه‌ربگرن.  ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، كه‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆ له‌سه‌روو 80% ته‌واوبووه‌و هه‌وڵیشده‌ده‌ن له‌م خولی نوێیه‌ی به‌هاره‌ ببرێته‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆو ده‌نگدان له‌سه‌ری.
 پاشان، جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتاری سوید، سیمیناره‌كه‌ی ده‌رباره‌ی په‌یره‌وی په‌رله‌مانی كه‌ سیستمی كاری په‌رله‌مانی سویدی به‌نموونه‌ وه‌رگرتبوو، شێوازی كاری په‌رله‌مانی له‌ولاتی سوید و پابه‌ندی په‌رله‌مانتاران به‌چوارچێوه‌و میكانیزمه‌كانی په‌یره‌و ناوخۆی وڵاته‌كه‌ بۆ ئاماده‌بووان روونكرده‌وه‌.
له‌سیمیناره‌كه‌یدا، په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی سوید، چه‌ند داتایه‌كی بۆ په‌رله‌مانتاران خسته‌روو، له‌وانه‌:  په‌رله‌مانی سوید له‌ 349 په‌رله‌مانتار كه‌ نوێنه‌رایه‌تی 8 پارت و لایه‌ن ده‌كه‌ن پێكدێت و ته‌نها له‌ماوه‌ی یه‌كساڵی كاری ئه‌و په‌رله‌مانه‌دا، 196 پرۆژه‌ یاسا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌و 411 راپۆرتی لیژنه‌كانیش پێشكه‌شكراوان و 3432 پێشنیاری یاساو بریاریش له‌لایه‌ن فراكسیۆن و ئه‌ندامان ئاراسته‌كراون و 807 پرسیاریش ئاراسته‌ی ئه‌ندامانی كابینه‌ی حكومه‌تیش كراوه‌و 409 جاریش وه‌زیره‌كان له‌به‌رده‌م په‌رله‌مان ئاماده‌بوون.
 
 په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌كه‌ی سوید، ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی كاری په‌رله‌مانی له‌ماوه‌ی یه‌كساڵی په‌رله‌مانه‌كه‌دا، گه‌رانده‌وه‌ بۆ چه‌ند هۆكارێكی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌: هه‌بوونی په‌یره‌وێكی تۆكمه‌و دابه‌شكردنی كاری په‌رله‌مانتاران له‌فراكسیۆنه‌كاندا و ئاماده‌بوونی تێگه‌یشتنێكی كاری په‌رله‌مانی وپسپۆری له‌نێوان ئه‌ندامان و كاركردن له‌نێو سیستمێكی شه‌فاف و دیموكراس.
جه‌بار ئه‌مین، ئه‌وه‌شی روونكرده‌وه‌، كه‌ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی وڵاته‌كه‌ دابه‌شكراوه‌ته‌ سه‌ر 3 سێكته‌ری سه‌ره‌كی، یه‌كه‌مییان، تایبه‌ته‌ به‌یاسادانان و دابه‌شكردنی كات و دووه‌میشیان، تایبه‌ته‌ به‌كۆنترۆڵكردنی حكومه‌ت و دابه‌شكردنی كات، دواهه‌میشیان، په‌سندكردنی بودجه‌و دابه‌شكردنی كاته‌. ناوبراو چه‌ندین داتاو زانیاریشی له‌باره‌ی چۆنیه‌تی دابه‌شكردنی كاتی قسه‌كردنی په‌رله‌مانتاران له‌ناو دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و كاتی وه‌ڵامی وه‌زیره‌كان و رێككارییه‌كانی بانگهێشتكردنی وه‌زیره‌كان و چه‌ند لایه‌نێكی دیكه‌ی په‌یوه‌ست به‌كاری په‌رله‌مانی بۆ به‌شداربووان روونكرده‌وه‌.
 
به‌ر له‌وه‌رگرتنی پرسیاری ئاماده‌بووان، له‌لایه‌ن د.فرسه‌ت سۆفی له‌ لیژنه‌ی كاتی پێداچوونه‌وه‌ی په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان، سوپاسی جه‌بار ئه‌مین په‌رله‌مانتاری سوید كراو ده‌ستخۆشیشی لێكرد بۆ پێشكه‌شكردنی پرۆژه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ په‌یره‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و هاوكاری و كارئاسانیكردنی وه‌فدی په‌رله‌مانی كوردستان له‌كاتی سه‌ردانیان بۆ په‌رله‌مانی سوید.
فرسه‌ت سۆفی راشیگه‌یاند: هه‌رچه‌نده‌ نموونه‌ی په‌رله‌مانی سووید نموونه‌یه‌كی ته‌واو سه‌ركه‌وتوو پێشكه‌وتوو مۆدێرنیشه‌، به‌ڵام له‌هه‌مانكاتیشدا ده‌بێت له‌گه‌لأ ژینگه‌و هه‌لو مه‌رجی كاری په‌رله‌مانی له‌هه‌رێم بگونجێندرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌كه‌مان له‌پاڵ وڵاتی سوید، سوودی له‌ئه‌زموونی كاری په‌رله‌مانی ژماره‌یه‌ك وڵاتی دیكه‌ش وه‌رگرتووه‌، وه‌ك ئه‌ڵمانیاو میسر و مه‌غریب و كوێت. 
پاشان له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و ئاماده‌بووانی سیمیناره‌كه‌وه‌، ژماره‌یه‌ك پرسیارو تێبینی ده‌رباره‌ی سیمناره‌كه‌ ئاراسته‌ی پێشكه‌شكاری سیمیناره‌كه‌ كرد. 
 
 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ