سه‌ردانی هێزه‌ كوردیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێم ده‌كه‌ن
لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵوێستی خۆی سه‌باره‌ت به‌ حه‌شدی شه‌عبی راگه‌یاند

02/03/2015 12:58:00 م
ئه‌مڕۆ 2/3/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، چه‌ندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، له‌وانه‌ هه‌ماهه‌نگیكردنی زیاتر له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بۆ دانانی میكانیزمێكی گونجاوتر ‌و باشتر بۆ گه‌یاندنی پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكاریی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانی داعش ‌و دۆزینه‌وه‌ى چاره‌سه‌ری گونجاو بۆ ئه‌و كێشانه‌ی كه‌ دێنه‌ به‌رده‌م پرۆسه‌ی دابه‌شكردنه‌كه‌ ‌و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش بڕیاردرا سبه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ بكات.
سه‌باره‌ت به‌ هاتنی حه‌شدی شه‌عبی بۆ سنوورى چالاكییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، لیژنه‌ پێی وایه‌ هه‌ر هێزێك كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی وه‌زاره‌تی به‌رگریی عیراق ‌و وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ رێكخرابێت نا یاساییه‌ ‌و هێنانی هه‌ر هێزێكیش بۆ ئه‌و سنوورانه‌ پێویسته‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی بێت له‌گه‌ڵ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ‌و له‌ چوارچێوه‌ی پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ ‌و هه‌رێمی كوردستاندا بێت. 
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ مه‌به‌ستی له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ بار ‌و گوزه‌رانیان، بڕیاردرا وه‌فدێكی لیژنه‌كه‌ سه‌ردانی ئه‌و هێزه‌ كوردییانه‌ بكه‌ن كه‌ له‌ ده‌ره‌وه‌ی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هاتوون ‌و له‌ به‌ره‌كانی جه‌نگدا شه‌ڕی دژ به‌ داعش ده‌كه‌ن.
هه‌روه‌ك بڕیاردرا پێداچوونه‌وه‌ به‌و یاسا ‌و بڕیارانه‌ی كه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌رچوون ‌و په‌یوه‌ندییان به‌ كاری لیژنه‌كه‌وه‌ هه‌یه‌ ‌و بكرێت ئه‌و كه‌موكوڕییانه‌ی كه‌ له‌و یاسا ‌و بڕیارانه‌دا هه‌ن ‌و پێویستییان به‌ هه‌مواركردنه‌وه‌ هه‌یه‌ پڕۆژه‌یان بۆ ئاماده‌ بكرێت به‌ مه‌به‌ستی هه‌مواركردنه‌وه‌یان. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>