گه‌یاندنی پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكاریی په‌رله‌مان به‌ خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی دژ به‌ داعش به‌رده‌وامه‌

24/03/2015 11:00:00 ص
سه‌عات 9:30ی سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ 24/3/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌، له‌ هۆڵى لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ به‌ ساتێك وه‌ستان بۆ گیانی پاكی شه‌هیدان ده‌ستیپێكرد، چه‌ندین پرسی گرنگ تاوتوێكران، له‌وانه‌ ناردنی تاقانه‌ ‌و دوو برا یاخود زیاتر به‌ یه‌كه‌وه‌ بۆ به‌ره‌كانی پێشه‌وه‌ی شه‌ڕ ‌و جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری سه‌رۆكی هه‌رێم له‌و باره‌یه‌وه‌ ‌و چه‌ندین پرسی تری په‌یوه‌ست به‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان، پرسگه‌لێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون ‌و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ نووسراوێك ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم بكات ‌و تیایدا داوای كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی هه‌رێم بكات بۆ گفتوگۆكردن  له‌سه‌ر دۆخی به‌ره‌كانی شه‌ڕ ‌و ره‌وشی هێزه‌كانی پێشمه‌رگه‌. 
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا سه‌باره‌ت به‌ پرسی راگرتنی یاخود دواخستنی وه‌رگرتنه‌وه‌ی پێشینه‌كانی خانووبه‌ره‌ ‌و هاوسه‌رگیری له‌ پێشمه‌رگه‌ تا كۆتاییهاتنی شه‌ڕی دژ به‌ داعش، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ رێگه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ نووسراوێك ئاراسته‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران بكات به‌ مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌تی دارایی.
له‌ته‌وه‌رێكی تردا ئه‌و پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكارییانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ مابوونه‌وه‌ به‌سه‌ر ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌پێی سنووره‌كانیان، دابه‌ش كرا بۆئه‌وه‌ی بیگه‌یه‌ننه‌ ده‌ست خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش. 
هه‌روه‌ها بۆ  له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ چۆنیه‌تیی به‌ڕێوه‌چوونی كاروباری هێزه‌كانی زێڕه‌ڤانی، لیژنه‌ بڕیاریدا سه‌ردانی فه‌رمانده‌یی زێڕه‌ڤانی بكات.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>