وەفدێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە چەند میحوەرێكی هێزی پێشمەرگە لە كەركوك بەسەر دەكاتەوە

29/03/2015 11:01:00 ص
ڕۆژی 26/3/2015 وەفدێكی لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، كە پێكهاتبوو لە ئاری محەمەد هەرسین سەرۆكی لیژنە ‌و دلێر مستەفا جێگری سەرۆك ‌و  بەهار عەبدولڕەحمان بڕیاردەری لیژنەكە ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەكە، سەردانی چەند میحوەرێكی هێزی پێشمەرگەی كوردستان-یان لە سنووری كەركوك كرد.
سەرەتا وەفدەكە سەردانی میحوەری پێنج-یان كرد ‌و لەلایەن بەڕێز كەمال كەركوكی بەرپرسی میحوەرەكەوە پێشوازییان لێكرا ‌و لە دیدارێكدا چەندین پرس ‌و بابەتی گرنگ لەسەر بارودۆخی پێشمەرگە ‌و بەرەكانی جەنگ تاووتوێ كران.
پاشان وەفدەكە سەردانی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات-یان كرد ‌و چاویان كەوت بە بەرپرسی پێشمەرگەكانی رۆژهەڵات ‌و پێشمەرگە قارەمانەكانی ‌و لە دیدارێكدا چەندین پرسی گرنگ گفتوگۆیان لە بارەوە كرا.
دوای نیوەڕۆی هەمان رۆژ وەفدەكە سەردانی میحوەری چوار-یان كرد ‌و لەگەڵ هەریەك لە بەڕێزان وەستا رەسول بەرپرسی میحوەرەكە ‌و بەرپرسی ئیدارە و چەند ئەفسەرێكی میحوەرەكە كۆبوونەوە ‌و باسیان لە چەند بابەتێكی گرنگی تایبەت بە پێشمەرگە ‌و كاروبارەكانیان لەو سنوورە كرد.
لەو سەردانەیاندا وەفدەكە وێڕای دەڕبڕینی پشتیوانیی خۆیان بۆ هێزی پێشمەرگە، تەئكیدیان كردەوە كە وەكو لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، لە هەوڵەكانیان بەردەوام دەبن بۆ باشتركردنی ژیان ‌و گوزەرانی كەسوكاری شەهیدان ‌و پێشمەرگە ‌و ئەوەی لە توانایاندا بێت  لە خزمەتكردن بە كەسوكاری شەهیدان ‌و هێزی پێشمەرگە درێغیی لێناكەن.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>