لیژنەی كاروباری پێشمەرگە پێداچوونەوە بەو پڕۆژە بڕیار ‌و یاسایانەدا دەكات كە ئاراستەی لیژنەكەیان كراون

30/03/2015 10:43:00 ص

سەعات 10ی پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 30/3/2015 لیژنەی كاروباری پێشمەرگە ‌و شەهیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە سەرۆكایەتیی ئاری محەمەد هەرسین سەرۆكی لیژنە ‌و ئامادەبوونی جێگر ‌و بڕیاردەر ‌و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنە، لە هۆڵی لیژنە لە تەلاری پەرلەمان كۆبۆوە.

مەبەست لە كۆبوونەوەكە كە بە ساتێك وەستان بۆ گیانی پاكی شەهیدان دەستیپێكرد، پێداچوونەوە بوو بەو پڕۆژە بڕیار ‌و یاسایانەی كە ئاراستەی لیژنەكە كرابوون بۆ تاووتوێكردنیان، بۆئەوەی ئاراستەی حكومەت بكرێن ‌و دواتر راپۆرتی كۆتایی لیژنەكەیان لەسەر ئامادە بكرێت، تا لە ئایندەیەكی نزیكدا بخرێنە بەرنامەی كاری دانیشتنەكانی پەرلەمان بە مەبەستی گفتوگۆكردنیان ‌و پەسندكردنیان.

لەوانە بڕیاری قەدەغەكردنی ناردنی تاقانە ‌و دوو پێشمەرگە یان زیاتر لە هەر خێزانێك بۆ بەرەكانی پێشەوەی شەڕ، هەمواری سێیەمی یاسای ماف ‌و ئیمتیازاتی كەسوكاری شەهیدان ‌و ئەنفالكراوان ‌و ماف ‌و ئیمتیازاتی پێشمەرگە ‌و كەسوكاری شەهیدان ‌و بڕیاری هەژماركردنی یەك ساڵ خزمەتی قیدەم بۆ پێشمەرگە ‌و ئەو ئەفسەرانەی كە لە بەرەكانی شەڕدان، هەروەها هەمواری یاسای خانەنشینیی كەمئەندامانی پێشمەرگە ‌و زێڕەڤانی ‌و بڕیاری باشكردنی بژێویی ژیانی پێشمەرگە.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

>