لیژنه‌ى كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان به‌ دواداچوون بۆ كێشه‌و گرفتى كه‌سوكارى شه‌هیدان ده‌كات

27/04/2015 05:37:00 م
دواى نیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 27/4/2015 لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی دلێر مسته‌فا جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونى بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پێداچوونه‌وه‌ به‌و نووسراو ‌و داواكارییانه‌ كران كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاری شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوانه‌وه‌ به‌ ده‌ست لیژنه‌كه‌ گه‌یشتوون ‌و بڕیاری پێویستییان له‌باره‌وه‌ دران.
سه‌باره‌ت به‌ ناوه‌ڕۆكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، به‌هار عه‌بدولڕه‌حمان بڕیارده‌رى لیژنه‌كه‌ به‌ سایتى فه‌رمیى په‌رله‌مانى كوردستانى راگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ كرا كه‌ رۆژانه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدانه‌وه‌ به‌ ده‌ست لیژنه‌كه‌مان ده‌گه‌ن، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش بڕیارماندا مانگانه‌ به‌پێی پێویست له‌گه‌ڵ وه‌زیرى پێشمه‌رگه‌ ‌و وه‌زیرى كاروبارى شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان كۆببینه‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ى كه‌ هه‌ن"..
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ باس له‌ داواكارییه‌كانى تاقانه‌ كرا كه‌ هه‌فته‌ى رابردوو لیژنه‌كه‌ سه‌ردانى پارێزگای هه‌ڵه‌بجه‌-یان كردبوو و له‌ نزیكه‌وه‌ گوێیان له‌ كه‌سوكارى شه‌هیدان ‌و قوربانیانى ئه‌نفال و كیمیاباران و جینۆساید گرتبوو.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ لیژنه‌كه‌ بڕیاریداوه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان كۆببێته‌وه‌ به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی  چوار پڕۆژه‌ یاسا و بڕیاری تایبه‌ت به‌ پێشمه‌رگه‌ ‌و كه‌سوكاری شه‌هیدان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>