له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شدا.. 2014/8/3 به‌ رۆژی جینۆسایدی شنگال ‌و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ‌و تاوانه‌كانی جه‌نگ دیاری ده‌كرێت

03/05/2015 01:28:00 م
به‌ مه‌به‌ستی نووسینی راپۆرتی هاوبه‌ش سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌ بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 به‌ رۆژی جینۆسایدی شنگال ‌و تاوانه‌كانی تری دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ‌و تاوانه‌كانی جه‌نگ بۆ ئه‌و هاووڵاتیانه‌ی كه‌ بوونه‌ قوربانیی تاوانه‌كانی ده‌ستی داعش، سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 3/5/2015، هه‌رسێ لیژنه‌ى كاروبارى یاسایی ‌و كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانى جینۆساید ‌و زیندانیانى سیاسی ‌و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ هۆڵی لیژنه‌ی كاروباری یاسایی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان كۆبوونه‌وه‌. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ده‌قی ئه‌و چوار پڕۆژه‌ بڕیاره‌ی كه‌ له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌  له‌سه‌ر ئه‌و پرسه‌ پێشكه‌شكرابوون خوێندرانه‌وه‌ ‌و هه‌رسێ لیژنه‌كه‌ كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ رۆژی 3/8/2014 به‌ رۆژی جینۆسایدی شنگال ‌و ده‌وروبه‌ری ‌و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ‌و تاوانه‌كانی جه‌نگ له‌ ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی تری ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم كه‌ به‌ر شاڵاوه‌كانی تیرۆریستانی داعش كه‌وتوون دیاری بكرێت.
هه‌روه‌ها هه‌ر سێ لیژنه‌كه‌ كۆكبوون له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ قوربانیانی ئه‌و تاوانانه‌ وه‌ك قوربانیانی جینۆساید مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا بكرێت، به‌پێی یاسای ماف ‌و ئیمتیازاتی كه‌سوكاری شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوان.
سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژانه‌شی كه‌ تایبه‌تن به‌ ناساندنی ئه‌و تاوانانه‌ به‌ جینۆساید ‌و تاوانه‌كانی دژ به‌ مرۆڤایه‌تی ‌و تاوانه‌كانی جه‌نگ، بڕیاردرا رۆژی چوارشه‌مه‌ی داهاتوو هه‌ر سێ لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی باڵای حكومه‌ت بۆ به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال ‌و ده‌وروبه‌ری ‌و نوێنه‌ری وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان ‌و ئه‌نفالكراوان كۆببێته‌وه‌ بۆ تاووتوێكردنی ئه‌و پرسه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>