لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ یه‌ك دروستده‌كه‌ن

03/05/2015 03:24:00 م
بۆ له‌ نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كاره‌كانیان و دروستكردنى په‌یوه‌ندی ‌و هه‌ماهه‌نگى له‌ نێوانیاندا، پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مرۆ 3/5/2015، لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى زانا عه‌بدولڕه‌حمان سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی په‌ناگیری له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كانى پارێزگاكانى هه‌رێم كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانی و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانى ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكانى هه‌ولێر و دهۆك و سلێمانى، باسیان له‌ چۆنیه‌تیی به‌ره‌وپێشبردنی كاره‌كانیان و دروستكردنى په‌یوه‌ندی ‌و هه‌ماهه‌نگى له‌نێوان لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندى كوردستانى ‌و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كانی پارێزگاكانی هه‌رێم كرد.
 ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌شداریپێكردن و راوێژكردن بوو له‌ نێوانیان سه‌باره‌ت به‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ى ده‌چنه‌ هۆڵى كۆبوونه‌وه‌كانى په‌رله‌مان و پێدانى ده‌سه‌ڵاتى زیاتر به‌ ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كێشه‌ و گرفته‌كانى به‌رده‌م ئه‌نجومه‌نى پارێزگاكان كرا كه‌ رۆژانه‌ له‌ كاتى به‌دواداچوون بۆ كاروبارى هاووڵاتیان دێنه‌ به‌رده‌میان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>