له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراواندا پڕۆژه‌ بڕیاره‌كانی به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال گفتوگۆیان له‌سه‌ر كرا

10/05/2015 12:27:00 م
به‌ مه‌به‌ستی خستنه‌رووی پڕۆژه‌ یاسا و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال، سه‌عات 12ی نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 10/5/2015 لیژنه‌كانی كاروباری یاسایی و مافه‌كانی مرۆڤ و كاروباری پێشمه‌رگه‌ ‌و شه‌هیدان ‌و قوربانیانی جینۆساید ‌و زیندانیانی سیاسی و ناوچه‌ كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم، له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ به‌شداریی مه‌حمود حاجی ساڵح وه‌زیری كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان ‌و نوێنه‌ری ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ‌و فراوانیان ئه‌نجامدا.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ئاماده‌بوونی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌ر چوار لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی هه‌ر چوار لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌ و ماده‌كانی پڕۆژه‌ یاسا و بڕیاره‌كانی تایبه‌ت به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال، گفتوگۆی له‌سه‌ركرا و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌، ژماره‌یه‌ك تێبینی و پێشنیاز به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی له‌ رووی یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكران و له‌ پڕۆژه‌كه‌ش جێكرانه‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا دوای ته‌واوكردنی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ر چوار لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار و یه‌كخستنی پڕۆژه‌ پێشكه‌شكراوه‌كان له‌ چوارچێوه‌ی یه‌ك پڕۆژه‌دا، راپۆرتی هاوبه‌ش ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت تاوه‌كو رێكاره‌ یاساییه‌كانی بۆ ئه‌نجامبدرێت بۆ جێكردنه‌وه‌ی له‌به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان بۆ ده‌نگدان و په‌سندكردنی.
جێی ئاماژه‌یه‌، تا ئێستا چوار پڕۆژه‌ له‌به‌رده‌ستی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كاندایه‌، ناونیشانی پرۆژه‌كانیش ئه‌مانه‌ن: "پڕۆژه‌ بڕیاری دیاریكردنی رۆژی 3/8/2014 وه‌ك رۆژی جینۆسایدكردنی كاره‌ساتی شنگال و پڕۆژه‌ بریاری جینۆسایدی شنگال و ده‌وروبه‌ری و پڕۆژه‌ بڕیاری به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال له‌گه‌ڵ پڕۆژه‌ بڕیاری دانانی ئه‌و تاوانانه‌ی كه‌ ده‌رهه‌ق به‌گه‌لی كورد (كوردانی ئێزدی) ئه‌نجامدراون به‌ تاوانی كۆمه‌ڵكوژی، كه‌ سه‌رجه‌میشیان خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ كراوه‌. 
هه‌روه‌ها له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، راوێژكاری یاسایی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رێوه‌به‌رانی گشتی و به‌رپرسانی مه‌له‌فی به‌ جینۆسایدناساندنی تاوانه‌كانی شنگال له‌ وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفاللكراوان ئاماده‌بوون.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>