پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت تاووتوێكرا

11/05/2015 11:42:00 ص
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان ‌و پیشه‌سازی و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ ‌و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا.
سه‌عات 11ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 11/5/2015 هه‌ردوو لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان ‌و پیشه‌سازی و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ مه‌به‌ستی تاووتوێكردنی پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كۆبوونه‌وه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و جێگر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامان ‌و  راوێژكارانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕگه‌ و ماده‌كانی پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت گفتوگۆی له‌سه‌ركراو له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك تێبینی و پێشنیاز به‌ مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندتركردنی له‌رووی یاساییه‌وه‌ پێشكه‌شكران و له‌ پڕۆژه‌ یاساكه‌دا جێكرانه‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دان بڕیاردرا به‌ر له‌ ئاماده‌كردنی راپۆرتی هاوبه‌شی هه‌ردوو لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیدار، له‌گه‌لأ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببنه‌وه‌ بۆ وه‌رگرتن و گفتوگۆكردنی زیاتری بڕگه‌ و ماده‌كانی پرۆژه‌ یاساكه‌ و روونكردنه‌وه‌ی به‌شێك له‌و مادانه‌ی كه‌  بوونه‌ته‌ جێی پرسیار لای په‌رله‌مانتاران. 
بڕیاریشه‌ دوای ته‌واوبوونی گفتوگۆكانی هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ و وه‌رگرتنی رای حكومه‌ت و وه‌زاره‌تی په‌یوه‌ندیدار، هه‌ردوو لیژنه‌كه‌ی په‌رله‌مان له‌ راپۆرتێكی هاوبه‌شدا پڕۆژه‌ یاساكه‌ ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن تاكو رێكاره‌ یاساییه‌كانی بۆ ئه‌نجامبدرێت بۆ جێكردنه‌وه‌ی له‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی داهاتووی په‌رله‌مان به‌ مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن ‌و  په‌سندكردنی.
جێی ئاماژه‌یه‌، پڕۆژه‌ یاسای كۆمپانیای كوردستان بۆ دۆزینه‌وه‌ و به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت كه‌ له‌ 15 مادده‌ پێكهاتووه‌، له‌لایه‌ن ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانه‌وه‌ پێشكه‌ش به‌ په‌رله‌مان كراوه‌ و له‌ دانیشتنی ژماره‌ 12ی رۆژی 25/11/2014 خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌می بۆ  كراوه‌.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>