په‌رله‌مان چه‌ند بڕیارێك بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خراپیی به‌نزین ده‌خاته‌ به‌رده‌م حكومه‌ت

18/05/2015 12:11:00 م
به‌ مه‌به‌ستی لێكۆلێنه‌وه‌ له‌خراپیی كواڵیتی به‌نزین له‌هه‌رێمی كوردستان، سه‌عات 11:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 18/05/2015، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری ‌و وه‌به‌رهێنان ‌و جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی  لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، پرسی خراپیی كوالیتیی به‌نزین له‌ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا، كه‌ بۆته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و زیاتر پیسبوونی ژینگه‌، به‌هۆی خراپیی كوالیتیی ئه‌و به‌نزینه‌ی كه‌ ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم به‌ شوفێره‌كان ده‌فرۆشرێن، هه‌روه‌ها هۆكاره‌كانی ئه‌و خراپییه‌ گه‌رێنرایه‌وه‌ بۆ چه‌ند خاڵێكی سه‌ره‌كی، له‌وانه‌: پرۆسه‌ی چاككردنه‌وه‌ و صیانه‌ی پاڵاوگه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی هه‌ولێر و سلێمانی ‌و له‌گه‌لأ هه‌بوونی ژماره‌یه‌كی زۆر له‌پاڵاوگه‌ی نایاسایی.
دوای خستنه‌رووی هۆكاره‌كانی خراپیی كوالیتیی به‌نزین، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا هه‌ر ئه‌مڕۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیری سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆببنه‌وه‌ بۆ جێبه‌جێكردنی چه‌ند هه‌نگاوێكی خێرا بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌، كه‌ له‌‌و پێشنیاز و خاڵانه‌ پێكهاتوون: بڕیاردان له‌سه‌ر پشكنینی رۆژانه‌ی به‌نزینخانه‌كان له‌ كاته‌ جیاوازه‌كاندا و بڕیاری هه‌ڵگرتن و داخستنی سه‌رجه‌م پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان و هاندانی وه‌به‌رهێنه‌ران بۆ هێنانی به‌نزینی كوالیتیی ئاستبه‌رز و په‌ره‌پێدان و رێخۆشكردن بۆ دامه‌زراندنی پاڵاوگه‌ی دیكه‌ له‌ هه‌رێم، له‌گه‌لأ سزادانی سه‌رپێچیكه‌ران، ئه‌وانه‌ی هه‌وڵده‌ده‌ن به‌نزینی كوالیتی نزم له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم ساغ بكه‌نه‌وه‌.
هه‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی خراپی به‌نزین، بڕیاریشه‌ لیژنه‌كه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر و سلێمانی به‌ جیا كۆببێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئیداره‌ی پارێزگاكان بۆ چاره‌سه‌ركردن و رێگه‌گرتن له‌ به‌نزینی خراپ و چۆنیه‌تیی نه‌هێشتنی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>