پڕۆژه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ تاقانه‌كانى ئه‌نفال ئاماده‌ ده‌كرێت

18/05/2015 12:13:00 م
به‌ مه‌به‌ستى تاووتوێكردن ‌و گفتوگۆكردنی چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ كه‌سوكاری شه‌هیدان ‌و هێزی پێشمه‌رگه‌، سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ 18/5/2015، لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ و شه‌هیدان و قوربانیانى جینۆساید و زیندانیانى سیاسى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی ئاری محه‌مه‌د هه‌رسین سه‌رۆكی لیژنه‌ ‌و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى ‌و راوێژكاری لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پرسێكی گرنگ تاووتوێكران، له‌وانه‌ پێداچوونه‌وه‌ به‌و نووسراو ‌و داواكارى ‌و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن كه‌سوكاری شه‌هیدان ‌و پێشمه‌رگه‌وه‌ گه‌یشتبوونه‌ لیژنه‌كه‌ ‌و به‌رزكردنه‌وه‌ى پله‌ى ئه‌فسه‌رانى وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ به‌پێى یاسا و رێنماییه‌كان ‌و به‌رده‌وامبوون له‌سه‌ر دابه‌شكردنی ئه‌و پرسه‌نامه‌ ‌و هاوكارییانه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان به‌سه‌ر خانه‌واده‌ى سه‌ربه‌رزی شه‌هیدانی شه‌ڕی دژ به‌ داعش له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌پێی سنووره‌كانیان ‌و هه‌روه‌ها به‌ هه‌ندوه‌رگرتن ‌و نرخاندنى رۆڵی ئه‌و پێشمه‌رگانه‌ى كه‌ به‌شدارییان له‌ شه‌ڕی كۆبانێ كردووه‌، دوای تاووتوێكردنیان سه‌رجه‌م پرسه‌كان بڕیاری پێویستیان له‌باره‌وه‌ درا. 
به‌شێكى تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بۆ ئاماده‌كردنى پڕۆژه‌ یاسایه‌كی تایبه‌ت به‌ تاقانه‌كانى ئه‌نفال ته‌رخانكرا ‌و له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا لیژنه‌ بڕیاریدا له‌ ئاینده‌یه‌كى نزیكدا له‌گه‌ڵ وه‌زاره‌ته‌كانى شه‌هیدان و كاروكاروبارى كۆمه‌ڵایه‌تى و ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران و نوێنه‌رى ئێزدییه‌كان و لیژنه‌كانى مافى مرۆڤ و كاروباری یاسایی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌یه‌كی هاوبه‌ش ئه‌نجام بده‌ن بۆ بڕیاردانى كۆتایی له‌سه‌ر دیاریكردنی رۆژى جینۆسایدى شنگال. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>