لیژنه‌ى ته‌ندروستى ۆركشۆپێكی بۆ پڕۆژه‌ یاساى بیمه‌ى ته‌ندروستى ئه‌نجامدا

24/05/2015 02:56:00 م
به‌ مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی بیروبۆچوونه‌كان له‌ پێناو ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری پڕۆژه‌ یاسای بیمه‌ی ته‌ندروستی،  سه‌عات 10ى به‌یانیى ئه‌مڕۆ 24/5/2015، لیژنه‌ى كاروبارى ته‌ندروستى و ژینگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان،  به‌ هاوكاریى سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان و  ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ پزیشكانی پسپۆڕ ‌و سه‌ندیكاكانی پزیشكیی گشتی ‌و ددان ‌و كارمه‌ندانی ته‌ندروستی ‌و نوێنه‌ری حكومه‌تی هه‌رێم بۆ كاروباری ته‌ندروستی، له‌ هۆڵی ماده‌ی 140 له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، ۆركشۆپێكی ئه‌نجامدا.
له‌ سه‌ره‌تاى ۆركشۆپه‌كه‌دا وته‌ى به‌خێرهێنان و كردنه‌وه‌ى دیالۆگ له‌لایه‌ن سه‌رۆكى لیژنه‌ى ته‌ندروستى پێشكه‌شكرا، پاشان پڕۆژه‌ یاساى بیمه‌ى ته‌ندروستى له‌ هه‌رێمى كوردستان خرایه‌ڕوو ‌و ئاماده‌بووانى كۆبوونه‌وه‌كه‌ش سه‌رنج و بیروراى خۆیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ خسته‌ڕوو.
دواتر گفتوگۆیه‌كى تێروته‌سه‌ل له‌ نێوان ئه‌ندامانى لیژنه‌ و به‌شداربووانى ۆركشۆپه‌كه‌ ئه‌نجامدرا، دواى ئالوگۆڕكردنى بیروڕاكان وا بڕیاره‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى داهاتووى لیژنه‌ى ته‌ندروستى هه‌موو ئه‌و بیروڕایانه‌ تاووتوێ بكرێت بۆ یه‌كخستنى هه‌ردوو پڕۆژه‌ یاساكه‌ و له‌وباره‌یه‌وه‌ راپۆرتى خۆیان ئاماده‌بكه‌ن و ئاراسته‌ى سه‌رۆكایه‌تیى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ