لێژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی سەردانی بارەگاکانی هەردوو حزبی دیموکراتی کوردستانی کرد

25/05/2015 10:02:00 ص
لێژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دوو یاداشت کە بە ئیمزای چەند کوردێکی رۆژهەڵاتی دانیشتووی کۆیە ئاڕاستەی پەرلەمانی کورستان کرابوو، سەردانی بارەگای هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان- یان کرد.
رۆژی ٢٤/٥/٢٠١٥  لە کۆیە لە دوو دانیشتی جیاوازدا بۆ ئاگاداربوون لە رەوشی ژیانی كوردانی رۆژهەڵات و پشتیوانی پەرلەمانی كوردستان بۆ چارەسەركردنی كێشەوگرفتەكانیان بە پێی یاسا، چەند بۆچوونێک لە نێوان لێژنەی پەیوەندیەكان و رەوەندی كوردستانی و  هەردوو حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران و حیزبی دیموكراتی كوردستان ئاڵوگۆڕکرا، هەر لە میانی دانیشتنەکاندا لیژنەی ناوبراو لە زمانی بەرپرسانی هەردوو حزبەکە گوێیان لە ئاریشە و کێشەکانی ئەو هاوڵاتیانەی کە لە رۆژهەڵاتی کوردستانەوە ئاوارەی باشوری کوردستان بوون ئاگادار بوو، وەفدەکەی پەرلەمانی کوردستانیش پەیمانیان پێدان هەر کێشەیەک ئەگەر لەباری یاساییەوە گرفت نەبێت داوا لە حکومەت بکەن چارەسەریان بکات و ئەو کێشانەش کە یاسا رێگرە بەرامبەریان بە هاوکاری ئەندامانی تری پەرلەمانی کوردستان و ئەندامانی کورد لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق هەوڵبدرێت چارەسەریان بۆ بدۆزرێتەوە.
هەروەها لیژنەکە نیگەرانی خۆی پێراگەیاندن سەبارەت بەو رووداوە نەخوازراوەی كە لە نیوان حزبی دیموکراتی کوردستانی ئیران و پارتی کرێکارانی کوردستان روویدا داوایان لێكرا لەم قۆناخە گرنگ و هەستیارەی نەتەوەكەماندا هەردوولا زمانی گفتوگۆ و لێك تێگەیشتن بكەنە بنەما بۆ چارەسەری كێشەكانیان، هەموو هەوڵەكان بە ئاراستەی هێمن كردنەوە و بچوكردنەوەی كێشەكە بێت تا خەونی دوژمنانی گەلەكەمان نەیەتەدی.
ئەمە و هەمان رۆژ وەفدەکەی پەرلەمان سەردانی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی رۆژهەڵاتی هەولێری لە کۆیە کرد، لە دانیشتنێکدا چەند پرس و رایەک ئاڵوگۆڕا کرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>