لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانی به‌رده‌وامه‌ بۆ نه‌هێشتنی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌ نایاساییه‌كان

25/05/2015 12:10:00 م
به‌ مه‌به‌ستی خستنه‌ڕووی به‌رنامه‌ی كاری داهاتووی لیژنه‌كه‌یان و پرسی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌ نایاساییه‌كان، سه‌عات 11:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/5/25، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆكی لیژنه‌ و جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ به‌ڕێوه‌چوو، پرسی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌ نایاساییه‌كان و خراپی كوالیتیی به‌نزین له‌ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا، كه‌ بۆته‌هۆی زیانگه‌یاندن به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و زیاتر پیسبوونی ژینگه‌ به‌هۆی خراپی كوالیتیی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییانه‌ی ئه‌و پاڵاوگانه‌ كه‌ ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم ده‌فرۆشرێن. 
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بڕیاردرا، لیژنه‌كه‌ له‌گه‌ل پارێزگاری هه‌ولێر و پارێزگاری سلێمانی به‌ جیا كۆببێته‌وه‌ بۆ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ی ئیداره‌ی پارێزگاكان بۆ چاره‌سه‌ركردن و رێگه‌گرتن له‌ به‌نزینی خراپ و چۆنیه‌تیی نه‌هێشتنی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان هاوشێوه‌ی پارێزگای دهۆك، كه‌ به‌ بڕیاری پارێزگا له‌ چوارچێوه‌ی ده‌سه‌ڵاته‌ یاساییه‌كانی، سه‌رجه‌م پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان داخران.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، بڕیاردرا دوو كۆبوونه‌وه‌ی جیا له‌گه‌ل ئه‌نجومه‌نی هه‌رسێ پارێزگاكانی هه‌رێم و ستافی وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ هه‌فته‌ی ئاینده‌، ئه‌نجامبدرێ.
جێی ئاماژه‌یه‌ هه‌فته‌ی رابردووش، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبوونه‌وه‌ی خۆی بۆ چاره‌سه‌ركردنی پرسی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌ نایاساییه‌كان و خراپی كوالیتیی به‌نزین له‌ هه‌رێم تاووتوێ كرد و هه‌ر ئه‌و رۆژه‌ له‌گه‌ل وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم كۆبۆوه‌ بۆ گرتنه‌به‌ری رێكاری یاسایی و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>