لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ و ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان گفتوگۆ له‌سه‌ر كێشه‌ی سووته‌مه‌نی ده‌كه‌ن

01/06/2015 12:37:00 م
به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون و لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ به‌رهه‌می پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كان و كاروباری وزه‌ ‌و كێشه‌ی سووته‌مه‌نی، سه‌عات 11:30ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 1/6/2015، لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ ‌و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی  لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌لأ نوێنه‌رانی لیژنه‌ی سووته‌مه‌نی و پیشه‌سازیی هه‌ردوو ئه‌نجومه‌نی پارێزگای هه‌ولێر و دهۆك، كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پرسی پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كانی نه‌وت و خراپیی كوالیتیی به‌نزین له‌ هه‌رێمی كوردستان تاووتوێ كرا، كه‌ بۆته‌ هۆی زیانگه‌یاندن به‌ ئۆتۆمبێلی هاووڵاتییان و زیاتر پیسبوونی ژینگه‌، به‌هۆی خراپیی كوالیتیی ئه‌و به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییانه‌ی ئه‌و پاڵاوگانه‌ كه‌ ئێستا له‌ بازاڕه‌كانی هه‌رێم ده‌فرۆشرێن. 
هه‌روه‌ها بارودۆخی ئابووری و داراییی هه‌رێم و چۆنیه‌تیی كاری چاودێریی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان بۆ به‌دواداچوونی پڕۆژه‌كانی حكومه‌ت  و ئیداره‌كان له‌گه‌لأ ئه‌ندامانی لیژنه‌ی  سووته‌مه‌نی و پیشه‌سازیی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك، گفتوگۆی له‌سه‌ر كرا و له‌لایه‌ن په‌رله‌مانتاران و به‌شداربووانی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ژماره‌یه‌ك تێبینی و پێشنیاز له‌ رووی یاسایی و دارایییه‌وه‌ ده‌رباره‌ی چۆنیه‌تیی په‌ره‌پێدان به‌ كار و توانای ئه‌و لیژنه‌ دارایییانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان خرانه‌ روو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ كاراكردنی زیاتری ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان و پێشخستنی سیستمی لامه‌ركه‌زی و زیادكردنی ده‌سه‌ڵاتی ئیداره‌ خۆجێیه‌كان و چۆنیه‌تیی جێكردنه‌وه‌ی بودجه‌ی په‌ره‌پێدانی پارێزگاكان له‌ داهاتی وه‌ده‌ستهاتووی نه‌وت باسی لێوه‌كرا. 
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكی لیژنه‌ی پیشه‌سازی و وزه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان، ئه‌وه‌ی بۆ وه‌فدی میوان روونكرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكان تێبینی و پێشنیاز له‌سه‌ر ئه‌و پڕۆژه‌ یاسایانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ كه‌رتی نه‌وته‌وه‌ بۆ لیژنه‌كه‌ بنێرن و به‌شداری كارابن له‌ داڕشتنی ئه‌و یاسایانه‌دا.
له‌ته‌وه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا لیژنه‌ی سووته‌مه‌نی و پیشه‌سازیی هه‌ردوو ئه‌نجوومه‌نی پارێزگاكانی هه‌ولێر و دهۆك داوایانكرد لیژنه‌یه‌كی پسپۆڕ پێكبهێنرێت  بۆ دانانی پێوه‌ر و میكانیزمی گونجاو بۆ دانانی پاڵاوگه‌ نه‌وتییه‌كان و له‌گه‌لأ توندكردنی سزاكانی سه‌ر پاڵاوگه‌ی سه‌رپێچیكار و كۆنترۆڵكردنی خاڵه‌ سنوورییه‌كان و به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی كوالیتیی به‌رهه‌مه‌ نه‌وتییه‌كان. 
هه‌روه‌ها داواشیانكرد حكومه‌تی هه‌رێم پێداچوونه‌وه‌ بۆ ئه‌و نرخانه‌ بكات كه‌ دانراون بۆ سووته‌مه‌نیی هاووڵاتییان و به‌نزین و گازوایلی ئۆتۆمبێلی ده‌زگا خزمه‌تگوزارییه‌كان، له‌گه‌لأ گازوایلی موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كان. 
نوێنه‌رانی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای دهۆك-یش داوایانكرد پاڵاوگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی به‌نزین هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی دیكه‌ی هه‌رێم له‌ شاره‌كه‌یان دروست بكرێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>