له‌دانیشتنی ئه‌مڕۆدا
خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ دوو پڕۆژه‌ یاسا كرا ‌و گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانیش دواخرا

09/06/2015 01:56:00 م
له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌  یاساكانی (تاقانه‌كانی كیمیاباران ‌و ئه‌نفال ‌و جینۆسایدكراوه‌كان، هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای زمانه‌ فه‌رمییه‌كان) كران ‌و گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستانیش بۆ دوای سه‌ره‌تای وه‌رزی گرێدانی داهاتوو دواخرا.
سه‌عات 10ی به‌یانیی ئه‌مڕۆ 9/6/2015، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (14)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاساكانی (تاقانه‌كانی كیمیاباران ‌و ئه‌نفال ‌و جینۆسایدكراوه‌كان، هه‌مواری یه‌كه‌می یاسای زمانه‌ فه‌رمییه‌كان ژماره‌ (6)ی ساڵی 2014) به‌پێى مادده‌ى (71) له‌ په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992ى هه‌مواركراو، خاڵی دووه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ى كاتى بۆ پێداچوونه‌وه‌ى په‌یڕه‌وى ناوخۆ پێشكه‌شكراوه‌،  به‌پێى بڕیارى ژماره‌ (26)ى ساڵى  2014 و بڕگه‌ى (8) له‌ مادده‌ى (په‌نجا و شه‌شه‌م)ى یاساى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان، ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو و پاڵپشت به‌ مادده‌ى (94)ى په‌یڕه‌وى ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان ژماره‌ (1)ى ساڵى 1992 هه‌مواركراو.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ ئه‌و دوو پڕۆژه‌ یاسایه‌ كرا كه‌ له‌و خاڵه‌ی به‌رنامه‌ی كاردا هاتبوون ‌و ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كران به‌ مه‌به‌ستی ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌باره‌یانه‌وه‌، بۆئه‌وه‌ی له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا بخرێنه‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كان بۆ گفتوگۆكردنیان ‌و په‌سندكردنیان.
هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ پێشنیازكرا سیفه‌ی ئیستیعجال بدرێت به‌ پڕۆژه‌ یاسای تاقانه‌كانی كیمیاباران ‌و ئه‌نفال ‌و جینۆسایدكراوه‌كان، بۆئه‌وه‌ی به‌ زووترین كات له‌لایه‌ن لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ راپۆرتی له‌سه‌ر ئاماده‌ بكرێت، ئه‌و پێشنیازه‌ش خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ كۆی ده‌نگ په‌سند كرا.
 
 
سه‌باره‌ت به‌ خاڵی دووه‌م ‌و كۆتایی به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن د.فرسه‌ت سۆفی سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، راپۆرتی لیژنه‌كه‌ خوێندرایه‌وه‌ ‌و تیایدا شێواز ‌و میكانیزمی كاركردنی لیژنه‌كه‌ی خسته‌ روو ‌و سوپاسی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌كه‌ ‌و بڕیاده‌ر ‌و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ ‌و هه‌موو ئه‌وانه‌شی كرد كه‌ به‌شێوه‌یه‌ك له‌ شێوه‌كان به‌ سه‌رنج ‌و تێبینی ‌و پێشنیازه‌كانیان به‌شداربوون له‌ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی پڕۆژه‌ی په‌یڕه‌وه‌كه‌.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌ له‌ 149 مادده‌ ‌و دوازده‌ به‌ش پێكهاتووه‌ ‌و له‌ په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌دا هه‌وڵیان داوه‌ بڕگه‌ ‌و مادده‌كانی گونجاوبن له‌گه‌ڵ سیستمی نوێی كاری په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان، له‌ رووی یاسادانان ‌و چاودێریكردن ‌و به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌كان ‌و لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان، توانیویانه‌ گۆڕانكاریی جه‌وهه‌ری ئه‌نجام بده‌ن.
هه‌ر له‌ راپۆرته‌كه‌یدا سه‌رۆكی لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆ، رایگه‌یاند له‌ په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌دا كۆمه‌ڵێك مادده‌ی نوێ زیادكراون ‌و به‌ به‌راورد له‌گه‌ڵ په‌یڕه‌وی پێشووی په‌رله‌مان 54 ماده‌ی بۆ زیاد كراوه‌ ‌و له‌ ئاماده‌كردنی په‌یڕه‌وه‌ نوێیه‌كه‌شدا ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی تر هاوكارییان بوون، به‌ تایبه‌تی به‌شێك له‌ راوێژكاره‌كانی په‌رله‌مان ‌و خه‌ڵكانی خاوه‌ن ئه‌زموون له‌ ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ له‌ ئاماده‌كردنی ئه‌و په‌یڕه‌وه‌دا، سوودیان له‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی نزیكه‌ی 20 وڵات وه‌رگرتووه‌ ‌و به‌ ده‌ستكه‌وتێكی گه‌وره‌ی ئه‌و خوله‌ی په‌رمانیشی له‌ قه‌ڵه‌مدا.
به‌هۆی نزیكبوونه‌وه‌ى واده‌ی ته‌وابوونی ماوه‌ی وه‌رزی یاسادانان ‌و هاتنی پشووی په‌رله‌مان ‌و كه‌میی ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه‌ له‌به‌رده‌ستدایه‌ ‌و به‌هۆی بوونی هه‌ندێ پڕۆژه‌ یاسای گرنگ كه‌ پێویست ده‌كات پێش كۆتاییهاتنی وه‌رزی یاسادانان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت، هه‌روه‌ها بوونی هه‌ندێ بابه‌تی سیاسیی هه‌نووكه‌یی، كه‌ ره‌نگه‌ له‌و ماوه‌ كه‌مه‌دا بهێنرێنه‌ په‌رله‌مان ‌و گفتوگۆكانی په‌یڕه‌وی ناوخۆ كۆتاییان پێ نه‌هاتبێت، كه‌ به‌پێی په‌یڕه‌و نابێت هه‌ر بابه‌تێك كه‌ له‌ گقتوگۆدا بێت رابگیرێت ‌و بابه‌تێك یان پرسێكی تر بخرێته‌ پێشی، بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ ‌و ئاماده‌كردنی پڕۆژه‌ بڕیارێك بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، سه‌رۆكی په‌رله‌مان دانیشتنه‌كه‌ی بۆ ماوه‌یه‌كی كورت دواخست، بۆئه‌وه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ‌و لیژنه‌ی كاروباری یاسایی ‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان كۆببێته‌وه‌ بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و بابه‌ته‌ یاساییه‌. 
پاشان دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستیپێكرده‌وه‌ ‌و سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌وه‌دا كه‌ له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ‌و لیژنه‌ی كاتی بۆ پێداچوونه‌وه‌ به‌ په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ‌و لیژنه‌ی كاروباری یاسایی ‌و سه‌رۆكی فراكسیۆنه‌كان، بۆچوونێك دروستبوو بۆ نرخاندنی ئه‌و هه‌وڵانه‌ی كه‌ لیژنه‌ی كاتیی ئاماده‌كردنی په‌یڕه‌و كردوویانه‌ له‌سه‌ر ئاماده‌كردنی ئه‌و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان ‌و رایگه‌یاند: "له‌به‌رئه‌وه‌ی كاتێكی كه‌ممان ماوه‌ له‌به‌رده‌ست بۆئه‌وه‌ی ته‌واوی په‌یڕه‌وه‌كه‌ گفتوگۆی له‌سه‌ر بكرێت ‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ‌و په‌سند بكرێت، هه‌روه‌ها به‌هۆی زۆریی مادده‌كانی په‌یڕه‌وه‌كه‌ كه‌ 149 مادده‌یه‌، رایه‌ك هه‌بوو كه‌ ئه‌و بابه‌ته‌، واته‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر  په‌یڕه‌وه‌كه‌ دوابخه‌ین بۆ وه‌رزی گرێدان ‌و یاسادانانی داهاتوو ‌و له‌سه‌ره‌تای ئه‌و وه‌زره‌ ده‌ست به‌ گفتوگۆكردنی ئه‌و بابه‌ته‌ بكرێته‌وه‌ ‌و ئه‌مه‌ش پێویستیی به‌ ده‌نگدانی ئێوه‌ی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان هه‌یه‌".
بۆیه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌و پێشنیازه‌ی خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان گفتوگۆكردنی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان بۆ سه‌ره‌تای ده‌ستپێكردنی وه‌رزی گرێدانی داهاتوو دواخرا.
 هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئومێد خۆشناو سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌سه‌ر رووداوه‌كه‌ی رۆژی 25/3/2015، كه‌ تیایدا دوو په‌رله‌مانتاری فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان هێرشیان كرده‌ سه‌ر په‌رله‌مانتارێكی فراكسیۆنی بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان، روونكردنه‌وه‌یه‌كی راگه‌یاند ‌و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر هه‌ڵوێستی فراكسیۆنه‌كه‌یان به‌رامبه‌ر به‌ رووداوه‌كه‌ ‌و به‌ناوی فراكسیۆنه‌كه‌شیانه‌وه‌ داوای لێبووردنی له‌ په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ صاڵح كرد ‌و رایگه‌یاند: "ئێمه‌ ئه‌و كاتیش وه‌كو فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان رامانگه‌یاند ئه‌و بابه‌ته‌ به‌ هیچ شێوه‌یه‌ك په‌یوه‌ست نییه‌ به‌ سیاسه‌ت ‌و تێفكرینی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، به‌ڵكو ئه‌و بابه‌ته‌ بابه‌تێكی  كه‌سییه‌، به‌ڵام له‌به‌رئه‌وه‌ی رووداوه‌كه‌ دوو له‌ به‌ڕێزان ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی فراكسیۆنه‌كه‌ی ئێمه‌ی تێدابووه‌، بۆیه‌ ئێستا ئێمه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ قسه‌ ده‌كه‌ین".
هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا ئاماژه‌ی به‌وه‌دا: "جارێكی دیكه‌ ته‌واوی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، به‌ تایبه‌ت فراكسیۆنی گۆڕان ‌و به‌ تایبه‌تتر به‌ڕێز په‌رله‌مانتار عه‌لی حه‌مه‌ صاڵح، دڵنیا ده‌كه‌ینه‌وه‌ ئه‌وه‌ سیاسه‌تی ره‌سمیی فراكسیۆنی ئێمه‌ نه‌بووه‌، ئینفیعالێكی دوو هه‌ڤاڵی ئێمه‌ بووه‌ له‌ كاتی گفتوگۆیه‌كدا كه‌ له‌سه‌ر بابه‌تێك كراوه‌، بۆیه‌ دڵنیایی ده‌ده‌ینه‌ په‌رله‌مانی كوردستان ‌و لێره‌شه‌وه‌ به‌ راشكاوی رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ چۆن ئێمه‌ ئه‌و بابه‌ته‌مان نه‌كردووه‌، رایده‌گه‌یه‌نین كه‌ داوای لێبووردن له‌  په‌رله‌مانتاری به‌ڕێز كاك عه‌لی حه‌مه‌ صاڵح ‌و فراكسیۆنی گۆڕان ده‌كه‌ین كه‌ ئه‌و رووداوه‌ بوو".
ئه‌وه‌شی راگه‌یاند: "جارێكی دیكه‌ ته‌ئكید له‌سه‌ر ئه‌وه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ به‌ تایبه‌ت بۆ به‌ڕێزان له‌ فراكسیۆنی گۆڕان، ئێمه‌ پابه‌ندین به‌ هه‌موو ئه‌و تێگه‌یشتنه‌ی كه‌ له‌ نێوانماندا هه‌یه‌ له‌ به‌ڕێوه‌بردنی وڵاتێك ‌و له‌ به‌یه‌كه‌وه‌ كاركردن ‌و له‌ ته‌وافوق ‌و له‌ تێگه‌یشتنی هاوبه‌شمان بۆ ئه‌و وڵاته‌ كه‌ به‌رژه‌وه‌ندی گشتی ده‌یخوازێت، هه‌روه‌ها ئه‌و بابه‌ته‌ نه‌خوازراوه‌ش ده‌كه‌ینه‌ فرسه‌ت بۆئه‌وه‌ی قسه‌ ده‌رباره‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ ئه‌وه‌ی بووه‌ په‌رچه‌كردارێك بووه‌، ئینفیعالێك بووه‌  له‌ گفتارێكدا، بۆیه‌ ئێمه‌ش ده‌خوازین له‌ په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ نوێنه‌رانی خه‌ڵكی كوردستانین، ئه‌و بابه‌ته‌ بكه‌ینه‌ مه‌دخه‌لێك له‌وه‌ی كه‌ رێز له‌ پیرۆزییه‌كانی یه‌كتر ‌و رێز له‌ به‌ها و  بنه‌ماكانی تێكگه‌یشتنی یه‌كتر بگرین تا بابه‌تی له‌و شێوه‌یه‌ دووباره‌ نه‌بێته‌وه‌".
هه‌ر له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌یدا سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان، سوپاسی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ‌و سه‌رجه‌م فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانیشی كرد بۆ په‌رۆشییان له‌ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كه‌ ‌و هیوای خواست كه‌ ئه‌مه‌ دوا بابه‌تی نه‌خوازراوی له‌و چه‌شنه‌ بێت له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.
له‌ به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی په‌رله‌مان سوپاسی سه‌رۆكی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان ‌و سكرتیًَری په‌رله‌مانی كوردستان ‌و ئه‌و لیژنه‌یه‌ی كرد كه‌ ده‌ستبه‌كاربوون بۆئه‌وه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ له‌و بابه‌ته‌ بكه‌ن ‌و په‌رله‌مانی كوردستان بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ بدات، هه‌روه‌ها سوپاسیكردن كه‌ له‌ ماوه‌یه‌كی زۆر كورتدا توانییان كاره‌كانی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن ‌و ئه‌نجامی لێكۆڵینه‌وه‌كه‌ش ئاراسته‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بكه‌ن.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان