سیمینارێك سه‌باره‌ت به‌ مافی به‌كاربه‌ر ‌و سیسته‌می كوالیتى كۆنترۆل به‌ڕێوه‌چوو

15/06/2015 11:26:00 ص
دواى به‌دواداچوونه‌كانیان سه‌باره‌ت به‌ سیسته‌می كوالیتی كۆنترۆل، لیژنه‌ی بازرگانی ‌و پاراستنی مافی به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كۆده‌كاته‌وه‌ بۆ قسه‌كردن له‌سه‌ر مافی به‌كاربه‌ر ‌و سیسته‌می كوالیتی كۆنتڕۆل له‌ هه‌رێمی كوردستان.
ئه‌و گفتوگۆكردنه‌ش له‌ میانی سیمینارێك بوو كه‌ ئه‌مڕۆ 2015/6/15، به‌ سه‌رپه‌رشتیى لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافى به‌كاربه‌ر له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ هه‌ماهه‌نگى له‌گه‌ڵ سه‌نته‌رى توێژینه‌وه‌ى په‌رله‌مان، له‌ هۆڵی په‌ناگیری  له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان  ئه‌نجام درا.
 
 
له‌و سیمیناره‌دا كه‌ سه‌رۆك و جێگر و بڕیارده‌ر ‌و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ ‌و نوێنه‌رانى سه‌رۆكایه‌تیى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران و وه‌زاره‌ته‌كانى ته‌ندروستى و بازرگانى و پیشه‌سازى ‌و یه‌كێتیى ژووره‌ بازرگانى و پیشه‌سازییه‌كان و یه‌كێتیى هاورده‌ و ناردنكارانى كوردستان ‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیى گشتیى كوالیتى كۆنترۆل و ژماره‌یه‌ك له‌ شاره‌زاییان و پسپۆڕان تیایدا به‌شداربوون، تیشك خرایه‌ سه‌ر راپۆرت و به‌دواداچوونه‌كانى لیژنه‌ى بازرگانى و پاراستنى مافى به‌كاربه‌ر كه‌ له‌ ماوه‌ى رابردوودا له‌ سه‌ردانى مه‌یدانیاندا چه‌ندین تێبینى و كه‌موكوڕییان له‌سه‌ر سیسته‌می كوالیتی كۆنترۆل تۆماركرد بوو.
هه‌روه‌ها باس له‌ رۆلى لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان بۆ چۆنیه‌تیی كاركردن له‌سه‌ر دۆزینه‌وه‌ى میكانیزمێكی گونجاو كرا بۆ رێكخستنی كاره‌كانی سیسته‌مى كوالیتى كۆنترۆل به‌شێوه‌یه‌كى سه‌رده‌میانه‌ و رێگریكردن له‌ هاورده‌كردنى به‌روبووم و كاڵاى خراپ. 
هه‌ر له‌ سیمیناره‌كه‌دا لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان میكانیزمى كاره‌كانى خۆیان ‌و كێشه‌و گرفته‌كانیان  بۆ لیژنه‌كه‌ى په‌رله‌مانى كوردستان خسته‌ روو. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان