كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن له‌ توانایدا نییه‌ له‌ 8/20 هه‌ڵبژاردن بۆ سه‌رۆكی هه‌رێم ئه‌نجام بدات

17/06/2015 01:08:00 م
له‌ دانیشتنی ئه‌مڕۆی په‌رله‌مانی كوردستاندا، باس له‌ ئاماده‌كارییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، بۆ پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان كرا ‌و له‌وباره‌یه‌وه‌ سه‌رۆكی كۆمسیۆن رایگه‌یاند ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ توانایدا نییه‌ له‌ 2015/8/20 هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات.
سه‌عات 10ی پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/17، په‌رله‌مانی كوردستان به‌ سه‌رۆكایه‌تیی د.یوسف محه‌مه‌د صادق سه‌رۆكی په‌رله‌مان ‌و د.جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكى جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و فه‌خره‌دین قادر عارف سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره‌ (16)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردنی ئه‌نجامدا. 
سه‌ره‌تای دانیشتنه‌كه‌ كه‌ به‌ ئاماده‌بوونی سه‌رۆك ‌و جێگر ‌و بڕیارده‌ر ‌و ئه‌ندامانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژردن ‌و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ڕێوه‌چوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ی خوێنده‌وه‌ كه‌ بریتی بوو له‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر كار ‌و چالاكییه‌كان ‌و كێشه‌ ‌و گرفته‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیاران له‌ كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی له‌سه‌ر داوای ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ‌و به‌پێی مادده‌ی (3) له‌ یاسای كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی ژماره‌ (4)ی ساڵی 2014.
 
 
پاشان له‌لایه‌ن هه‌ندرێن محه‌مه‌د سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان، راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ كار ‌و چالاكییه‌كانی كۆمسیۆنه‌كه‌ له‌ ماوه‌ی رابردوودا پێشكه‌شكرا ‌و تیایدا تیشكی خسته‌ سه‌ر كار ‌و چالاكییه‌كانی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی  هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی له‌ ماوه‌ی رابردوودا ‌و  ئه‌و گرفتانه‌شی خسته‌ روو كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی كاره‌كانیان، وه‌ك نه‌بوونی بودجه‌ی پێویست ‌و پێداویستییه‌ ته‌كنیكییه‌كان ‌و نه‌بوونی نووسینگه‌ی كۆمسیۆن له‌ پارێزگاكان ‌و دانه‌مه‌زراندنی كارمه‌ند ‌و فه‌رمانبه‌ر بۆ كۆمسیۆنه‌كه‌ ‌و چه‌ندین ئاسته‌نگ ‌و به‌ربه‌ستی تر.
سه‌باره‌ت به‌وه‌ڵامی كۆمسیۆنیش بۆ بڕیاره‌كه‌ی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌نجامدانی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ 2015/8/20، سه‌رۆكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی رایگه‌یاند: "له‌به‌ر ئه‌و هۆكارانه‌ی كه‌ له‌سه‌ره‌وه‌ باسكران ‌و نه‌بوونی ماوه‌ی پێویست له‌به‌رده‌م ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ بۆ ئاماده‌كاریكردن بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و هه‌ڵبژاردنه‌، كۆمسیۆن ناتوانێت له‌و رێكه‌وته‌دا هه‌ڵبژاردن ئه‌نجام بدات". 
پاشان ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، وێڕای ده‌ربڕینی پشتیوانی ‌و هاوكاریی خۆیان بۆ سه‌رخستنی كاره‌كانی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌، ره‌خنه‌یان له‌ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان كرد كه‌ به‌پێی پێویست به‌ده‌م داواكارییه‌كانی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیارانه‌وه‌ نه‌هاتوون له‌ دابینكردنی شوێن ‌و بودجه‌ی پێویست ‌و پێداویستییه‌ ته‌كنیكییه‌كان بۆیان، هه‌روه‌ها سه‌رنج ‌و تێڕوانینی خۆیان له‌سه‌ر كار ‌و چالاكییه‌كانی كۆمسیۆن ‌و ئه‌و گرفتانه‌ی كه‌ هه‌ن خسته‌ روو ‌و  جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ پاككردنه‌وه‌ی لیستی تۆماری ده‌نگده‌ران له‌ ئه‌ركه‌ له‌ پێشینه‌كانی ئه‌و كۆمسیۆنه‌ بێت بۆئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا هه‌ڵبژاردنه‌كانمان پاك ‌و بێگه‌ردتر به‌ڕێوه‌ بچێت ‌و چه‌ندین پرسیاریشیان ئاراسته‌ی سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نه‌كه‌ كرد.
 
  
دواتر سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردن ‌و راپرسی، روونكردنه‌وه‌ی پێویستی له‌سه‌ر سه‌رنج ‌و تێڕوانینه‌كانی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان خسته‌ روو ‌و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شی دایه‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ ئاراسته‌ی كرابوون. 
 هه‌ر له‌ دانیشتنه‌كه‌دا له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ ‌و گرفتانه‌ی كه‌ بوونه‌ته‌ به‌ربه‌ست له‌ به‌رده‌م به‌ره‌وپێشچوونی كاره‌كانی كۆمسیۆن خرانه‌ روو، له‌وانه‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌ك یاخود راسپاردنی لیژنه‌یه‌ك له‌ لیژنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ چاودێریكردن ‌و به‌دواچوونی كاره‌كانی كۆمسیۆن ‌و هاوكاریكردنیان له‌ گه‌یاندنی داواكارییه‌كانیان به‌ لایه‌نی په‌یوه‌ندیدار به‌ مه‌به‌ستی جێبه‌جێكردنیان.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان