بۆ چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى به‌نزین په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كان كۆبوونه‌وه‌

17/06/2015 02:44:00 م
به‌ مه‌به‌ستى چاره‌سه‌ركردنى قه‌یرانى به‌نزین و تاووتوێكردنى كوالیتیى سووته‌مه‌نى و چه‌ند پرسێكى تر، ئه‌مڕۆ 2015/6/17، لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وزه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رۆكایه‌تیى د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی و راوێژكارى لیژنه‌كه‌، له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ عه‌بدولحافز و ئه‌حمه‌د ئیحسان به‌ڕێوه‌به‌رانى گشتى له‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانی حكومه‌تی هه‌رێم  و  غالب حه‌مه‌د و نافز مسته‌فا و عه‌بدولسه‌مه‌د تیلى عومه‌ر سه‌رۆكى لیژنه‌ی پیشه‌سازى و وه‌زه‌ و سامانه‌ سروشتییه‌كانى ئه‌نجوومه‌نى هه‌رسێ پارێزگاى سلێمانى و هه‌ولێر و دهۆك كۆبۆوه‌.
له‌ كۆیبوونه‌وه‌كه‌دا قه‌یرانی به‌نزین ‌و هۆكاره‌كانی دروستبوونی قه‌یرانه‌كه‌ ‌و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و قه‌یرانه‌ گفتوگۆیان له‌باره‌وه‌ كرا ‌و له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ چه‌ندین پێشنیاز بۆ چاره‌سه‌ركردنی قه‌یرانه‌كه‌ خرانه‌ روو ‌و له‌ كۆتایى كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا كۆمه‌ڵێك بڕیاردران.
له‌وباره‌یه‌وه‌ د.شێركۆ جه‌وده‌ت سه‌رۆكى لیژنه‌ى پیشه‌سازى و وه‌زه‌ و سه‌رچاوه‌ سروشتییه‌كان رایگه‌یاند: "له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌د به‌ڵێننیان پێداین كه‌ به‌زوویى قه‌یرانى به‌نزین چاره‌سه‌ر بكرێت و ئه‌و پلانه‌ى له‌لایه‌ن وه‌زاره‌ته‌وه‌ دانراوه‌ بۆ دابینكردنى به‌نزین بۆ چه‌ند مانگێك  به‌ زه‌مانه‌ته‌وه‌ بنێرن بۆمان، بۆئه‌وه‌ى ئێمه‌ش دڵنیابین له‌ چاره‌سه‌ركردنى یه‌كجاره‌كى قه‌یرانى به‌نزین له‌ هه‌رێمى كوردستاندا".
ئاماژه‌ى به‌وه‌شدا: "بۆ ده‌ربازبون له‌ قه‌یرانى به‌نزین و دووباره‌نه‌بوونه‌وه‌ی، بڕیار وایه‌ و داواكراوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌تى نه‌وت و گازى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران كه‌ چ له‌لایه‌ن ئێمه‌وه‌ بێت وه‌كو په‌رله‌مان چ له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتییه‌كانه‌وه‌ بێت له‌ مه‌ودوا ده‌سه‌ڵاتى زۆر بدرێت به‌ پارێزگاكان بۆ هاورده‌كردنى به‌نزین و كۆنتڕۆڵكردن و جێبه‌جێكردنى كوالیتى و به‌ڕێوه‌بردنى كه‌رتى نه‌وت  له‌ پارێزگاكان و هه‌روه‌ها ده‌ستكراوه‌ بن له‌ به‌ سزاگه‌یاندنى سه‌رپێچیكاران، ئه‌وه‌ش قۆناغێكى گرینگه‌ بۆ به‌لامه‌ركه‌زیه‌تبوونى كه‌رتى نه‌وت و گاز له‌ هه‌رێمى كوردستاندا".
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند بڕیار ێك دران، له‌وانه‌ وه‌زاره‌تی سامانه‌ سروشتییه‌كان به‌ زووترین كات رێنمایی بۆ پاڵاوگه‌ی نوێ ده‌ربكات ‌و هاورده‌كردنی به‌نزین له‌لایه‌ن هه‌ر كه‌سێكه‌وه‌ بێت پێویسته‌ به‌پێی رێنماییه‌كانی وه‌زاره‌ت بێت ‌و لادانی مه‌رجی 30 ملیۆن لیتر بۆ رێنماییه‌كانی هاورده‌كردنی به‌نزین ‌و وه‌زاره‌ت نووسراو بۆ ئه‌و كۆمپانیایانه‌ بكات كه‌ نه‌وتی خاو له‌ وه‌زاره‌ت وه‌رده‌گرن  نه‌یده‌نه‌ پاڵاوگه‌ نایاساییه‌كان ‌و وه‌زاره‌ت داوا له‌ ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران بكات كه‌ پارێزگاكان ده‌سه‌ڵاتی گرێبه‌ستكردنیان هه‌بێت ‌و بازاڕی سووته‌مه‌نی (به‌نزین)ی هه‌بێت.  

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>