چه‌ند مادده‌یه‌كی تر له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرا

29/06/2015 05:32:00 م
له‌ به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ 18ی ئاسایی خۆیدا، په‌رله‌مانی كوردستان چه‌ند مادده‌یه‌كی تری له‌ پڕۆژه‌ یاسای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ په‌سند كرد.
سه‌عات 3:30ی پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2015/6/29، به‌شی دووه‌می دانیشتنی ژماره‌ (18)ی ئاساییی خولى به‌هاره‌، ساڵى دووه‌م له‌ خولى چواره‌مى هه‌ڵبژاردن به‌ڕێوه‌چوو، له‌و دانیشتنه‌دا كه‌ درێژه‌دان بوو به‌ گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاسای ڕێكخستن  و چاندن و گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامه‌كانی جه‌سته‌ی مرۆڤ، مادده‌ی نۆیه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ ده‌كرێت بۆ پارێزگاریكردن له‌ ژیانی مرۆڤێكی زیندوو یان چاره‌سه‌ركردنی نه‌خۆشییه‌كی كوشنده‌ یان ته‌واوكردنی كه‌مبوونێكی ژینه‌وه‌ری له‌ جه‌سته‌یدا، ئه‌ندامێك یان به‌شێك له‌ ئه‌ندام یان شانه‌یه‌كی جه‌سته‌ی مرۆڤێكی مردووی تێدا بچێنرێت ئه‌گه‌ر هاتوو مردووه‌كه‌ به‌ر له‌ مردنی وه‌سیه‌تی ئه‌و كاره‌ی كردبێ به‌وه‌سیه‌تنامه‌یه‌كی به‌ڵگه‌دار یان جێگیركراو له‌سه‌ر كاغه‌زێكی فه‌ڕمی، به‌پێی ئه‌و رێكارانه‌ی كه‌ له‌ پێڕه‌و ‌و رێنماییه‌ ده‌ركراوه‌كاندا هاتووه‌ ‌و هه‌روه‌ها گواستنه‌وه‌ی ئه‌ندامانی جه‌سته‌ی كه‌سێكی تازه‌ مردوو به‌ مه‌به‌ستی چاره‌سه‌ركردن یان به‌ مه‌به‌ستی زانستی ئه‌نجام بدرێت به‌ مه‌رجی به‌ده‌ستهێنانی ره‌زامه‌ندیی نزیكترین كه‌سه‌كانی تا پله‌ چوار ‌و له‌ هه‌موو حاڵه‌ته‌كانیشدا ده‌بێت ره‌زامه‌ندییه‌كه‌ به‌ نووسراو بێت به‌ مه‌رجێك نابێ كه‌سی مردوو له‌ ژیانی خۆیدا وه‌سیه‌تی كردبێ به‌وه‌ی كه‌ دوای مردنی هیچ ئه‌ندامێكی جه‌سته‌ی خۆی ببه‌خشێ ‌و هه‌روه‌ها لێكۆڵینه‌وه‌ بكرێت له‌ هۆكاری مردنه‌كه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌یه‌كی پێكهاتوو بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ‌و تاد، دوای گفتوگۆكردن ‌و سه‌رله‌نوێ داڕشتنه‌وه‌ی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا. 
سه‌باره‌ته‌ به‌ مادده‌كانی(13،12،11،10)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ تایبه‌ت بوون به‌ پڕۆگرامی به‌خشینی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ ‌و چاندنیان، تیایدا داوای پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی باڵا به‌ سه‌رۆكایه‌تیی وه‌زیری ته‌ندروستی كراوه‌ به‌ناوی لیژنه‌ی باڵای به‌خشین ‌و چاندنی ئه‌ندامه‌كانی له‌شی مرۆڤ كه‌ سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی بێت ‌و ئه‌ركی به‌ڕێوه‌بردن ‌و رێكخستنی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان ‌و به‌شه‌كان ‌و شانه‌كان ‌و دیاریكردنی ئه‌و دامه‌زراوانه‌ی مۆڵه‌ت ده‌درێن به‌ چاندن ده‌بێت، هه‌روه‌ها سه‌رپه‌رشتی ‌و چاودێریكردنیان ‌و ئاماده‌كردنی لیستێك به‌ ناوی ئه‌و نه‌خۆشانه‌ی كه‌ پێویستییان به‌ چاندن هه‌یه‌ له‌ جه‌سته‌ی مرۆڤێكی مردوو به‌ گوێره‌ی پێشه‌نگیی تۆماركردن ده‌گرێته‌ ئه‌ستۆ ‌و ده‌كرێت تێچووی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كانیش له‌ ئه‌ستۆی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا بێت به‌بێ به‌رامبه‌ر له‌ دامه‌زراوه‌ پزیشكییه‌ حكومییه‌كان ‌و هه‌روه‌ها مۆڵه‌تدان بۆ ماوه‌ی یه‌ك ساڵ به‌ دامه‌زراوه‌كه‌ بۆ ئه‌نجامدانی نه‌شته‌رگه‌رییه‌كانی چاندنی ئه‌ندامه‌كان ‌و به‌شه‌كانی ‌و شانه‌كان ‌و تیایدا دامه‌زراوه‌كه‌ش ده‌كه‌وێته‌ به‌ر چاودێری ‌و سه‌رپه‌رشتیی به‌رده‌وام، دوای گفتوگۆكردنیان ‌و به‌ جیا ‌و خستنه‌ ده‌نگدانیان به‌ جیا په‌سند كران.
به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا ‌و رایگه‌یاند: "سبه‌ی سه‌عات 10ی به‌یانی درێژه‌ به‌ دانیشتنه‌كه‌مان ده‌ده‌ین". 

رۆژمێرى رووداوه‌كان